بۆچی عەقڵی سەلەفی ڕقی لە دیموکراسییە؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2022-12-12

دونیای ئیسلامی بەتایبەتی باڵە سەلەفییەکەی ئەو دونیایە کە زۆرینەیەتی زۆر ڕقی لە دیموکراسی دەبێتەوە، پێی وایە کە سیستمێکی نالەبار و نەگونجاوە بۆ حوکم و سیاسەت و حوکمڕانی، بەبێ ئەوەی بتوانن بەدیلێکی باشتر بۆ دیموکراسی و مەدەنییەتەکەی پێشنیار بکەن دێن بەڕاست و چەپ لە پرینسپڵ و مەبادیئەکانی دەدەن تاڕادەی تەحریمیش دەڕۆن لەگەڵی.ئەوان پێیان وایە دەبێت خوا حوکم بکات، کەلێشیان دەپرسیت چۆن لاڵ دەبن چونکە باوەڕیان بە تەئویل و مەجاز نییە. 

زۆرجار لای هەندێکیان خوا دەبێتە هەمان ئەو حەز و ویستە ئیستیبداییە نەخۆشەی نێو ناخی خۆیان و دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە مومارەسەی بکەن:  "أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ وَأَضَلَّهُ اللَّهُ " هەندێکی دیکەیان کە نەرمترن پێیان وایە خیلافەت و شورای ئیسلامی بەدیلە، بەڵام نازانین مەبەستیان لە کامە جۆر لە خیلافەت و شورایە، ئەوەی محەمەدی شەشەم لە مەغریب کە پەیڕەوی لێدەکات، یان ئەوەی لای ویلایەتی فەقێی ئایەتوڵاکانی ئێران ئەمڕۆ هەیە؟ نازانرێ  چاویان لە نمونەیەکی وەک ئەوەی سعودیەیە، یان ئەوەی ئەبوبەکر بەغدادی لە موسڵ ئاوای کرد. ڕیشەکانی کێشەی عەقڵی سەلەفی لەگەڵ دیموکراسیدا زۆر لەرزۆکن، بەجۆرێک بێ قەرارن دێن پرسیار لە حەرام و حەڵاڵ بوونی دەکەن، ئەم قسەیەیان دەقیق وەک پرسیارکردنە لەحەرام و حەڵاڵ بوونی پەنسلین و ئینسولین و سواربوونی فڕۆکە بۆ گەشتکردن.

کە بەشوێن ئەم باسەدا چووم ڕیشەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕقەم بۆ دەرکەوت لە دیموکراسی "حوکمی گەل". دیموکراسی باسێکی سەر بە دەوڵەت شارەکانی یۆنانی کۆنە، یەکێکە لە گرنگترین داهێنانەکانی ئەرستۆ نەک ئەفڵاتوون. ئەفڵاتوون کەسێکە زیاتر باوەڕی بە دیکتاتۆرییەت و ئیستبدادی حەکیمەکان هەیە، ئەمە بەڕوونی لە کتێبی کۆماردا The Republic هەستی پێدەکرێت. 

سیشتمەکان پێچەوانەی ئایدۆلۆژیاکانن، شەریعەت یا سیستم بەقەولی غەزالی بۆ  ڕێگریکردنە لە پێکدادان "فصل التخاصم"، نەوەک لە زاتی خۆیاندا پیرۆز و گەورە بن، ئەوەندەیە من و تۆ لەشوێنێکدا دەوەستێنن بەرامبەر یەک سنوور نەبەزێنین، لەوە زیاتریان پێناکرێت.

 کاتێک دەوڵەت شارەکانی یۆنان دادەمەزران ئەرستۆ دەستوری ئەساسی بۆ ئەم شارانە دەنوسییەوە و لەچوارچێوەی پەنجا یاسایەکدا ڕێکی دەخستن، دواتر لە فۆڕمی کتێبێکی گەورەی وەک کتێبی "سیاسەت"دا نووسینیەوە و تیۆرییەکانی  دیموکراسی بەتەواوی تێدا  جێکەوت کرد. دواتر کەسێکی وەک ڕۆسۆ بۆ کۆنەبوونەوەی حوکمی موتڵەق لەدەستی کەسێکدا  هات  دەستگاکانی دادوەری و جێبەجێکردن و تەشریعی لێک جیاکردەوە و کردنی بە ڕەقیب بەسەر یەکەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ  دیموکراسی ڕێفۆرم دوای ڕیفۆرم دەیەوێت خۆی ئاپدەیت بکاتەوە و بە قەولی کەسێکی وەک وینستن چەرچڵ دەیەوێت هەوڵبدات "باشترین خراپی" نێو سیستمەکانی بەڕێوەبردن بێت، واتە کەمترین خراپەی هەبێت.  سیشتمەکان پێچەوانەی ئایدۆلۆژیاکانن، شەریعەت یا سیستم بەقەولی غەزالی بۆ  ڕێگریکردنە لە پێکدادان "فصل التخاصم"، نەوەک لە زاتی خۆیاندا پیرۆز و گەورە بن، ئەوەندەیە من و تۆ لەشوێنێکدا دەوەستێنن بەرامبەر یەک سنوور نەبەزێنین، لەوە زیاتریان پێناکرێت.

لەدوای بوونی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان بە خەلیفەی عەباسییەکان و کردنەوەی ناوەندێکی فیکری گرنگی وەک دارولحیکمە لە بەغدای عەباسیییەکاندا، حەکیم و فەیلەسوفانی دونیای ئیسلام دەستیان دایە تەرجەمەکردنی یۆنانی کۆن. یەکێک لەو کتێبانەی کە حەکیمانی موسوڵمان وەریاننەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی کتێبەکەی ئەرستۆ بوو :کتێبی دیموکراسی. بەپێچەوانەوە کۆماری ئەفڵاتوونیان وەرگێڕا کە داکۆکی لە ئیستبدادیەت دەکرد و لەگەڵ حەز و ویستەکانی خیلافەت وسەڵتەنەتدا دەهاتەوە. نازانرێت بۆچی دیموکراسی وەرنەگێڕدرا! وەرگێڕانی ئەم کتێبە دواکەوت بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و بۆیەکەمجار دامەزراوەیەک لە میسر جورئەتی جوڵا و کتێبەکەی بە عەرەبی چاپکرد. دەوترێت تەڵاقی سێ بەسێ و تەڵاقی حیلفی "سوێندخواردن بەتەڵاق"  لەسەردەمی هەمان ئەم عەبدولمەلیکەدا دروستبووە بەجۆرێک تەڵاقی سێ بەسێی بەخەڵک خستوە کە لە بەیعەت دەرناچن، گەر هاتوو دەرچوون ژنەکانیان لێ حەرام دەبێت، من پێم وایە هەمان ئەم عەبدولمەلیکە ڕێگای بە تەرجەمەکردنی کتێبەکەی ئەرستۆ نەداوە.

پرسیارەکە ئەمەیە دونیای ئیسلام چ بەدیلێکی پێیە بۆ دیموکراسی لە ئێستادا؟ دەتوانێت چ ئەڵتەرناتیڤ و  دیدێکی مەدەنی بۆ حوکمڕانی جگە لە دیموکراسی سەرڕێ بخات؟ چ بەدیلێک هەیە تێۆریایەکی موحکەم و بەهێز پشتگێری لێبکات و مافی ۆەس تێیدا نەفەوتێت؟ چ سیستمێکی دینی دەتوانێت  گارەنتی ئەوە بدات نەهێڵێت سامان و دەسەڵات لەدەستی کەمینەیەکد قۆرخ بکرێت و کەسیش ڕەقیب نەبێت بەسەریانەوە؟