لە پەنا مۆندیالی قەتەردا، چەند تیرێک 

د. نیاز نەجمەدین

2022-12-19

مۆندیالی قەتەر سەرباری ئەوەی چێژێکی زۆری پێ بەخشین، زۆر شتی فێرکردین، لەوانە:
کێبەرکێ دەتوانێت تواناکانمان گەشە پێبدات. بەبێ بوونی کێبەرکێ ئەستەم بوو هونەری تۆپی پێ بەم ئاستە بەرزەی ئەمڕۆ بگات. بەڵام هەموو کێبەرکێیەک جوانتر و چێژبەخشترە کاتێک یاسا و رێسایەکی بۆ دادەنرێت رۆڵی بەخت لە سەرکەوتندا کەم دەکاتەوە. لە کوێدا بەخت یان ناعەدالەتیی و ناپاکیی زۆر بێت، بەرهەمەکان دەست کەسانێک یان تیم و لایەنێک دەکەون کە شایستەیان نییە. 
ئەوەی لە تۆپی پێدا ناعەدالەتیی (ڤار بۆ پێناڵتیی، نرخدانان بۆ کارتی زەرد و یاریی پاک) کەم بۆتەوە رۆڵی هەبووە لەوەی ئەم مۆندیالە سەرکەوتوو بێت و دوو هەڵبژاردەش بگەنە کۆتایی کە تەنها ئەوان شایستەی دوا یاریی بن، ئەوانیش فەڕەنسا و ئەرژەنتین بوون. هەر ئەمەشە وادەکات ئێمە دڵگران نابین بە دەوڵەمەندیی میسی و رۆناڵدۆ و ئیمپاپێ و سەدان یاریزانی تر. پێچەوانەکەشی راستە. 
ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ هەموو شتێکی تریش راستە. لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێک لە بێزارییەکانمان بەرامبەر بە حزبەکان (لە پێش هەموویاندا یەکێتیی و پارتیی) ئەوەیە کێبەرکێیەکی زۆر ناشیرین دەکەن. کێبەركێی ناشرین تەنها لە چێژی ژیان کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەیان و سەدان کارمەند و یاریزان و کادری ئاست نزم دروست دەکات و سەردەخات. ئەمەشە وایکردووە چاومان لەسەر دەوڵەمەندبوونی زۆر کەسە و پێی توڕە و بێزار دەبین.  

ئەمڕۆ یان سبەی، ئەوەش باشتر فێردەبین کە هاندەری سەرسەختی هیچ لایەنێک (تیمێک، حزبێک، هەڵبژاردەیەک، لیستێک، هتد) نەبین تا ئەو شوێنەی خەومان حەرام بکات و توڕەمان بکات و زەرەر بە خۆمان و چواردەور بگەیەنین.  



مۆندیال باشتر بۆی روونکردینەوە کە مرۆڤی ئیشکەر و مەشقکەر و بەهرەمەند نەک حەبیبی خودایە بە تەنها، بەڵکو حەبیبی مرۆڤایەتییە، گرنگ نیییە سەر بە چ ناوچە و نەتەوە و ئایین و مەزهەبێکە. مرۆڤی بەهرەمەند و هونەردۆست کەمتر بە زەم و زەمکاریی و ململانێی شکاندنی ئەم و ئەوەوە سەرقاڵە و پتر جوانیی دەبەخشێت و زیاتر خۆشەویستی هەمووانە. بەودیودا، مرۆڤی تەممەڵ و بەتاڵ هیچی تری پێ نییە جگە لەوەی بە زەمی تۆوە کات بباتەسەر. 
کاتێک ناعەدالەتیی لە دابەشکردنی دەرفەتدا کەم دەبێتەوە، تەنها وا لە مرۆڤ ناکات کە تواناکانی خۆی گەشە پێ بدات، بەڵکو هانیشی دەدات قبوڵی دۆڕان بکات. تۆ ئاسانتر قبوڵی دەکەیت کاتێک خۆت، یان ئەو تیم و یاریزانەی دڵخوازتە (یان ئەو سەرکردە و حزبەی خۆشتدەوێن) لە پێشبڕکێیەکی وەک مۆندیال، یان هەڵبژاردندا بدۆڕێت بە مەرجێک ئیشەکە بە رێکوپێکی رێکخرابێت و دادپەروەریی تێدا بیت. بەدوایدا، مەسەلەی دەروێشیی زۆر کەم دەبێتەوە. ئیدی خۆت دەگەیت بەو قەناعەتەی دەبوو کاسەکە (یان ئەو دەرفەتە) بۆ ئەم بێت. 
ئەمڕۆ یان سبەی، ئەوەش باشتر فێردەبین کە هاندەری سەرسەختی هیچ لایەنێک (تیمێک، حزبێک، هەڵبژاردەیەک، لیستێک، هتد) نەبین تا ئەو شوێنەی خەومان حەرام بکات و توڕەمان بکات و زەرەر بە خۆمان و چواردەور بگەیەنین.  
ماوە بڵێم: هێشتا ناعەدالەتیی زۆر گەورە لە دابەشکردنی داهاتی جیهاندا ماوە. بۆچی دەبێت بەهای توێژینەوەیەکی بە کەڵکی دەستی پرۆفیسۆرێکی فیزیا یان ئابووریی کە سودی بۆ دنیا هەبێت زۆر زۆر کەمتر بێت لە کەسێک کە تەنها گۆڵکردن، یان تەنانەت پێشبینیکردن بۆ بردنەوەی یارییەک دەیکات بە ملیۆنێر؟ بۆ هەندێک لە برسا بمرن و ئەو هەموو سەروەتەش روو لە سێکتەری وەرزش بکات؟ بێگومان خراپیی بەڕێوەبردنی جیهان و یاساکانێتی. لەمەش زیاتر، زۆرجار یاریزانان ( واتە کارمەندان) زیاد لە توانای خۆیان بۆ چێژ و قازانجی ئەوانی تر دەپڕوکێنرێن.