سەعید قەزاز وتی، نابێت دوو گەواد لە وڵاتێكدا هەبێت

سالار مەحمود

2022-12-24

سەعید قەزاز، ناوێكی دیاری مێژوووی پەنجا ساڵی یەكەمی دروستبوونی حکومەتی عێراقە.
ئەو یەكەمین كورد بووە كە لەناو حكومەتی عێراقیدا كە پۆستی باڵا وەربگرێت‌و دەسەڵاتی گەورەو كاریگەری هەبێت.

 لە مێژووی حوكمداری عێراقدا، سەعید قەزاز بە پیاوی خاوەن بڕیارو چاونەترس‌و دەستپاك‌و كارزان ناو دەبرێت‌و لە پاش "نوری سەعید"ی سەرۆكوەزیرانی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی، بە مامۆستای دووەمی سیاسەت‌و دیبلۆماسیەتی عێراق لە سەردەمەكەی خۆیدا دا دەنرێت.

هەرچەندە لە ڕیزی هێزو بزوتنەوە سیاسییە كوردەكانی سەردەمی خویدا نەبووە، بەڵام بە كوردێكی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەر دێتە ئەژمار.
ئەو، سەعید قەزاز، لە ساڵی 1904 لە گەرەكی قەزازەكانی شاری سلێمانی لە دایكبووەو كوڕی میرزا مەجیدی قەزازە.
ساڵی 1917 خوێندنی قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی تەواو دەكات.
بەهۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی بە باشی زانیوە، سەعید قەزاز، گەنجێكی تەمەن بیست ساڵان دەبێت، كاتێك لە ساڵی 1924دا، دەبێتە جێگە سەرنج‌و بایەخی ئینگلیزەكان‌و " مستەر لاین"ی موفەتیشی ئیدارەی ئینگلیزەكان لە سلێمانی دەیكاتە نووسەر لە لای خۆی.
لەپاش تەمەنی بیست ساڵییەوە، بە بەردەوامی‌و ساڵ لە دوای ساڵ پلەی بەرزتری حكومی وەردەگرێت‌و لە بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆوە تا دەگات بە پلەی وەزیری ناوخۆی عێراق.
سەعید قەزاز كە سەر بەهیچ پارت‌و ڕێكخراوێكی سیاسی نەبووە، ماوەیەك دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆو دواتر دەبێتە قایمقامی هەڵەبجەو ماوەیەكیش قایمقامی زاخۆ بووەو پاشتریش دەبێتە موتەسەریفی هەولێرو پاشانیش دەبێتە موتەسەریفی كەركوك‌و ماوەیەكیش موتەسەریفی موسڵ بووە.

ساڵی 1953 تا ساڵی 1958 وەزیری ناوخۆی عێراق بووەو لەسەردەمی ئەودا عێراق ئارامترین وڵات بووە.
سەعید قەزاز هەمیشە دژی ناكۆكی‌و شەڕ بووە لە نێوان كوردو حكومەتی عێراقیداو لە ساڵی 1944دا بە مەلا مستەفای بارزانی دەڵێت كورد لەشەڕدا زەرەر دەكات‌و ناگات بە ئامانجەكانی.
مام جەلال، دەڵێت، سەعید قەزاز پیاوێكی زیرەك‌و لێهاتوو بووەو كەسایەتییەكی بەهێزی هەبووە.
بەوتەی مام جەلال، سەعید قەزاز لەژَێر كاریگەری سیاسەتی ئینگلیزدا بووەو باوەڕی وابووە كە بە بێ ئینگلیز هیچ ناكرێت.
مام جەلال لە بیرەوەرییەكانیدا باسیلەوە كردووە سەعید قەزاز كاتێك وەزیری ناوخۆی عێراق بووە، پێیووتووە ئێوە دوای كڵاوی بابردو كەوتوون‌و كوردستان قەت نابێتە دەوڵەت، ئەگەر بمزانیایە دەبێتە دەوڵەت من لە پێش ئێوەوە كوردایەتیم دەكرد.

دكتۆر مستەفا زەڵمی لە كتێبی " گەشتی ژیانم"دا دەڵێت، كاتێك لە بەغداد قوتابی بووم‌و سەعید قەزازیش وەزیری ناوخۆ بوو، ڕۆژێك بەمن‌و قوتابییەكی تری كوردی وت، هەوڵمەدەن لەسەر ئەرك‌و سەرشانی میللەتەكەتان خۆتان بەرز بكەنەوە، هەوڵبدەن با گەلەكەتان لەسەر شان‌و ئەركی ئێوە بەرز بێتەوە.

لە ساڵی 1955دا كەسێكی دەوڵەمەندی شاری بەغداد "مەلهاخانە"یەك دەكاتەوەو كچی سوری‌و لوبنانی‌و عێراقی بۆ ئەفسەران‌و پلەباڵاكانی عێراق ئامادە دەكات، سەعید قەزاز مەلهاكەی پێدادەخات‌و پێیدەڵێت یان تۆ دەمێنیتەوە یان من، نابێت دوو گەواد لە وڵاتێكدا هەبێت.



كاتێك لەسەردەمی پاشایەتیدا قەزای چەمچەماڵ خرایە سەر كەركوك، چەند كەسێك بە نوێنەرایەتی خەڵكی سلێمانی بۆ دەربڕینی نیگەرانی‌و ناڕەزایی دەچنە لای سەعید قەزاز كە ئەوكاتە وەزیری ناوخۆی عێراق بووە، ئەویش پێیاندەڵێت ئەگەر دەسەڵاتم هەبوایە سلێمانیشم دەكرد بە قەزاو دەمخستە سەر پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە سەر ئاستی پارێزگای كەركووك زیاتر بێت.
كاتێكیش قەزای" كویسنجەق"ی ئەوساو "كۆیە"ی ئێستای خستە سەر پارێزگای كەركووك، وتی من لەو كارەم مەبەستم بەرزكردنەوەی ژمارەی كوردە لە كەركووك.
ساڵی 1954، بەهۆی بارانی زۆرو لافاوی ڕووباری دیجلەوە، شاری بەغداد ڕووبەڕووی مەترسییەكی زۆر دەبێتەوە، سەعید قەزازی وەزیری ناوخۆ، سێ شەو و سێ ڕۆژ لە پێناوی ڕزگاركردنی گیان‌و ماڵی هاووڵاتیانی بەغداددا نەخەوتووەو كاتێك داوایان لێكردووە كە پشوو بدات‌و بخەوێت، لە وەڵامدا وتوویەتی " تا دیجلە نەخەوێت من ناخەوم"، دوای زریان‌و لافاوەكەش ناوی پیاوی ڕزگاركەری بەغداد لە سەعید قەزاز نرا.
لە ساڵی 1955دا كەسێكی دەوڵەمەندی شاری بەغداد "مەلهاخانە"یەك دەكاتەوەو كچی سوری‌و لوبنانی‌و عێراقی بۆ ئەفسەران‌و پلەباڵاكانی عێراق ئامادە دەكات، سەعید قەزاز مەلهاكەی پێدادەخات‌و پێیدەڵێت یان تۆ دەمێنیتەوە یان من، نابێت دوو گەواد لە وڵاتێكدا هەبێت.
لەپاش شۆڕشی چواردەی تەمموزی ساڵی 1958، سەعید قەزاز، خۆی تەسلیم دەكات‌و لە دادگای شۆڕشی 14ی تەمووزدا كە عەقید فازیل مەهداوی خاڵۆزای عەبدولكەریم قاسم سەرۆكایەتی دەكرد، زۆر بە ئازایانەو بە بێباكی بەرگری لە خۆی كردو كاتێكیش لە 20 – 9 – 1959دا بڕیاری لە سێدارە دانی درا، وتی باكم نییە با لە سێدارە بدرێم، چونكە كۆمەڵێك خەڵك لە دەورمدان كە پیڵاوەكانم لەسەری ئەوان بەرزترەو ئەوان نەك هەر شایانی حكومڕانی نین، بەڵكو شایانی ژیانیش نین.