ئایا کوردستان بەهەشتی سەرزەمینە ؟!

محمد خۆشناو

2022-12-24

گوزارشتی وەکو «کوردستان بەهەشتی سەر دونیایە » یان «ئەو شیعرە دونیای هەژاند » یان تیپی تۆپی پێی « شێرە کوڕانی کاوەی ئاسنگەر » یان « هۆلاکۆ بەزێن»… هتد ، ئەمانە تەنها چەند سمپلێکن لە لافاوی گوزارشتی خوازیی « مجازی» کە لە ماڵ و شوێن و کار و لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەکاریان دەهێنین .
مەجاز پێچەوانەی ڕاستیە ، من باسی مەجاز لە زمانی شاعێر و ئەدیبان و ئامرازی ڕەوانبێژی و وێنەگریی ناکەم ، مەجاز نوێ نیە و هەر لەسەردەمی ئەرستۆ-وە ئەم چەمکە خراوەتە ڕوو…من باسی ئەو مەجازە دەکەم کە لەواقیعدا بەردەوام بەکاریدەهێنین ، کە دەڵێن ، کوردستان بەهەشتی سەرزەمینە ، لەوانەیە ئەوەی ئەو گوزارشتە بەکاردەهێنێت لە ژیانیدا وڵاتێکی دیکەی لە دەروەی کوردستان نەبینیبێت و ، جیهانیش شوشەیەک نیە قابیلی شکان نەبێت ، هەموو ئەو گوزارشتانە کە لەناو زمانەکەماندا شەپۆڵ داوێن مەجازین واتە سنووری واقیع و ڕاستی بەزاندووە ، لە واقیعدا دوور لە مەجاز لەوانەیە بۆ هەندێک کەس کوردستان بەهەشتە ، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە ئەم قسەیە لە وەهم زیاتر هیچی دیکە نیە !لەوە گەڕێ کە لە کوردستان پلەی گەرما لە قرچەی چلەی هاویندا بۆ سەروی 45 پلە تێدەپەڕێت و بینایەی خەرسانی شارەکان داغ دەبن و جۆرە دۆزەخێکە ، بەڵام ئەوەی هەر نیشتیمان و وڵاتێک بکاتە بەهەشت ،  ئاسوودەیی و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانێتی ، نیشتیمان کاتێک سیفەتی بەهەشتی پێدەدرێت کە هەرسێ سەقامگیری دۆخی ئاسایش و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێت ، نیشتیمانێک بێت هەست بە بوونی یاسایەکی ڕێزلێگیرا و بکرێت کە تێیدا پاداشت و سزا هەبێت و ، لەسەر هەموو تاکێکدا جێبەجێبکریت و پارێزگاری لە مافی هەمووان بکات بێ سەپاندنی وەسیەی نا مەشروع لەلایەن هەر لایەنێک لەسەر نیشتیمان و ، بێ سەپاندنی هێز لە لەلایەن گڕوپێک یان جیهەتێک بەسەر هەر هاوڵاتیەک ، کاتێک قانون تاکە لایەن دەبێت کە خاوەن سەروەری بێت ، دوای ئەمە ژیانی هەموو هاوڵاتیەک  مانای خۆی دەبێت .

مەجاز چەکێکی دوو دەوی ترسناکە ، لەوانەیە سەر لە مرۆڤ بشێوێنێت لە پەیوەندیەکەی بە واقیع و ڕاستیدا ، لە لایەکی دیکە زمانی شاعیر و ئەدیبانە و ئامرازێکە بۆ ئاسانکردن کاتێک تێگەیشتن قورس دەبێت .
 


کاتێک بۆ نموونە ، سیفەتی هۆلاکۆ شکێن بە تیپی پێ وەدەنووسێنی ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئەو یاریکەرانەی هەڵبژێردراون لەو کاسانە بن کە هۆلاکۆیان شکاندووە ، بەڵکو ئەمە گوزارشتێکی «مەجازیە» دەیخەینەسەر باڵادەستی هەڵبژاردەکە بەراورد بە هەڵبژارنەکانی دیکە ، شکستی یەک لەدوای یەکی «تیپی هۆلاکۆ شکێن» ڕووداوی نشووستی تووند لەناختدا دروستدەکات ، چوونکە ئێمە لە وەهمی ئەوەدا دەژیاین کە ئەمانە هۆلاکۆشکێنەکان بوون و وامان تەسەور دەکرد کە هیزەکەیان « لەواقیعدا» وەکو هێزی هۆلاکۆ شکێنەکانە ، ئەو نشووستیە لەناو ناخماندا بەو شێوەیە نەدەبوو ، ئەگەر بۆچوونەکانمان لەسەر « ڕاستی » هەڵبژاردەکە کەمتر مەجازی و زیاتر واقیعی با !
مەجاز چەکێکی دوو دەوی ترسناکە ، لەوانەیە سەر لە مرۆڤ بشێوێنێت لە پەیوەندیەکەی بە واقیع و ڕاستیدا ، لە لایەکی دیکە زمانی شاعیر و ئەدیبانە و ئامرازێکە بۆ ئاسانکردن کاتێک تێگەیشتن قورس دەبێت .
نقومبوون لە بەکارهێنانی مەجاز بێ هۆشیاری ، بریتیە لە درکپێکردنی واقیع و پەردەپۆشکردنی ڕاستی و تەجاوزکردنی واقیع و ڕاستی ، ئایا بەڕاست ئێمە لە جیهانێکی درۆدا لەنێو ئەو بارستە زەبەلاحە لە گوزارشتە مەجازیەکانماندا دەژین ؟؟