جێندەر.. شاڵاوێکی نوێ و کۆتایی مرۆڤی سروشتی

ئەبوبەکر عەلی

2022-12-25

چۆن بڕوانینە پرسی جێندەر؟

ھەروەك ئاگادارین لە ئێستای  وڵاتەکەماندا، جێندەر بۆتە تەوەرەی مشت و مڕێکی توندی دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی. ناڕۆشنی چەمکەکەو تەم و مژاوی بوونیشی، ھێندەی تر بەشێ لە مشت و مڕو ھەندێ جاریش بەدحاڵی بوونەکانی توندترو تۆختر کردۆتەوە.

ھەربۆیە، گۆڕەپانەکە پێویستی بە قسەکردنێکی ھێمن و مەنھەجی و ڕۆشن  لەسەر پرسەکە ھەیە، بۆئەوەی ھەمووان بەرچاو ڕوونانەتر و ھێمنتر قسەبکەن و ھەڵوێست بگرن. بە وردی ھەموومان زیاتر بزانین دەربارەی چی دەدوێن و ناکۆکییان لەسەر چییەو بەو ئەندازەی لێک تێنەگەیشتنیش لە ئارادایە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

 ھەرئەمەش وای کردووە ئێمەش ھاوشانی دڵسۆز و بەرچاو ڕوونانی تر، لە ڕێی زنجیرە بابەتێکەوە بە کورتی و پوختی، ھەوڵی زیاتر ڕوونکردنەوەی چەمکەکەو خستنەڕووی ھەندێ پرسی تری تایبەت بەو بدەین، بەوەش بەشێ لە ئەرکە فیکری و ئەخلاقییەکانمان لەم ڕووەوە، بەرامبەر خوای گەورەو گەلەکەمان و ناوەندە ئیسلامی و دینی و ڕووناکبیریەکە جێبەجێ بکەین.

 لێرەشەوە، گەڕانەوە بۆ پێناسەو ئامانج لە چەمکەکەش لە سەرچاوە خۆرئاواییەکان و ئەدەبیاتی و فیمینیزمی جیھانیدا گرنگە، بۆئەوەی ھەندێ کەس لە ناوەندە ڕووناکبیری و لائیکییەکە، چەمکەکە وا نەخاتەڕوو وەك ئەوەی ناوێکی ترە بۆ بزوتنەوەی مافخوازی ژنان بەو جۆرەی لە ڕابردوودا پێی ئاشنا بووە، چونکە وانییەو بابەتە لە ھەندێ ڕووەوە گوتاری مافەکانی ژنی تێپەڕاندووەو سەری لە دەرھاویشتەی نەخوازراوەوە دەرچووە.

بەشێ لە پسپۆڕانی بواری جێندەر لە ھەرێمدا زمانزان و دنیا دیدەن و سەر بەناوەندە ئیسلامییەکەن. بۆیە ستراتیژی پینەو پەڕۆو، دووبارە پێناسەکردنەوەی چ تاکتیکی و خۆماڵی، ھاوشێوەی ئەزموونی پێشووی مامەڵە لەگەڵ مارکسیزم لەناو کوردا سەرکەوتوو نابێت، یاخود لانی کەم قۆرتی زۆری لەبەر دەمدایە. لە بەرامبەرەوەو لە پەیوەندی بە ھەندێ کەس لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستانیش راست نییە چەمکەکە یەکسان بکەن بە ھاوڕەگەزبازی، گەرچی گوومانی تێدا نییە ئەوەش لەخۆدەگرێت.

 پێناسەکردنی چەمکەکەش ھەروەك وتمان دژواری خۆی ھەیە،  ئەویش لە سۆنگەی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر پێناسەکەو، ھەندێ گۆشە نیگای جیاوازو ڕەنگە ھەندێکیشی بەمەبەست، لە ڕوانگەی ئەو کاردانەوەی لەکاتی جووان ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکەکەیدا، لەسەر ئاستی جیاواز لە کۆمەڵگەکانداو بەتایبەتیش موحافیزەکارەکاندا بەدوای خۆیدا دەھێنێ.

لە کۆنگرەی پەکینی ١٩٩٥ی تایبەت بە پرسەکانی ژن و خێزان، لەگەڵ ئەوەی دەقە ئینگلیزییەکەی بەڵگەنامەی کۆنگرەکە نزیکەی ٢٥٠ جار وشەی جێندەری تێدا دووپات کرابوەوە، ھیچ پێناسەیەك بۆ چەمکەکە نەخرابووە ڕوو! ئەوەش ناڕەزایی کۆمەڵێ دوڵەتی لێکەوتەوە، ھەربۆیە کەوتنە فشار بۆ ئەوەی پێناسەی چەمکەکە بکرێت.

بەڵام، ھەموو ئەمە بە واتای ئەوە نایەت، نەزانرێت چەمکەکە چی دەگەیەنێت و لەگەڵدا ڕۆیشتنی تاسەر چ ئاکامێکی لەسەر ئاستی پێناسەی ژن، پیاو، خێزانی لێدەکەوێتەوە، ھەروەھا چ شوێنەوارێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئەخلاقی بەدووادادێت بەتایبەتیش کە ئەزموونی خۆرئاوا لەبەرچاوە. ڕوونە ئەوەی لە ئێستادا لە بەرگی مافی ژندا بە ناوی جێندەر  دەخرێتەڕووی، گەر ڕێگەی لەبەردەم تەخت بێت، ملکەچی ڕەخنەو پشکنین و لێپرسینەوەو ھەلسەنگاندن نەکرێت، کۆمەڵگە بەرەو چ ئاقارێك پەلکێش دەکات.

  لەلایەکی ترەوە ڕاستە کە چەمکەکە بەپەرەسەندنێکی ڕادیکاڵی ئەدەبییاتی فیمینیزم دادەنرێت، بەڵام لەئێستای جیھاندا، تەنھا وەك بابەتێکی فیکریی ڕووت نەماوەتەوە، تا ھەرکەس بەجۆرێك لێی تێبگات و ئەزموونێکی بەرجەستەکەر نەبێت، بۆ دەستنیشان کردنی ئامانج و پاڵنەرو نموونەی لەپێش چاوگیراو.

بۆیە ڕاست نییە کەس پێی وابێت لەسۆنگەی واقیعی دینی و کۆمەڵایەتی موحافیزەکاری ئێمەوە، دەتوانێت ناوەرۆکی چەمکەکەو حەقیقەتەکەی تاسەر بشارێتەوە.یاخود بەو ئاساییە لەبیرکردنەوەی ناوەندە دینییەکەدا ئاسایی بکاتەوە.

 

  un  لەساڵی ٢٠١٠ەوە کۆمۆسیۆنێکی تایبەتی بە تواناسازی و کارکردن لەسەر جێندەر دروست کردووە و لەخۆی گرتوە، بەشێکی گرنگی چەندین کۆنگرەو بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی یە، لە زیاد لە ئاستێکیشدا تێکەڵ بەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بووەو بۆتە پێوەری ھەڵسەنگاندن و ڕیزبەندی کردن! ئەمە جگە لە واقیعی ئێستای خۆرئاواو چەندین وڵاتی تر و دەستکاری کردنی مەوداو ڕەنگدانەوەی چەمکی ئازادی و دەرکردنی ھەندێ یاسا دەربارەی دووبارە پێناسەکردنەوەو ڕێکخستنەوەی خێزان، لە ڕوانگەی جەندەریزمەوە. 

بۆیە ڕاست نییە کەس پێی وابێت لەسۆنگەی واقیعی دینی و کۆمەڵایەتی موحافیزەکاری ئێمەوە، دەتوانێت ناوەرۆکی چەمکەکەو حەقیقەتەکەی تاسەر بشارێتەوە.یاخود بەو ئاساییە لەبیرکردنەوەی ناوەندە دینییەکەدا ئاسایی بکاتەوە.

 لەبەرامبەریشەوە، ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستانیش، نابێت وابزانێت، مامەڵە لەگەڵ مەسەلەیەکی سادەو کاتیدا دەکات، لەبەرئەوەی ھەر وەك وتمان، مەسەلەکە ڕەھەندی فیکری و فەلسەفی و یاسایی و نێودەوڵەتی ھەیە، ھەروەھا لە ھەندێ ڕوویەوە ڕەنگدانەوەیەکی قەیرانی ژیاری نوێیە، ئەوەش لەگەڵ پەرۆشی و خوێن گەرمی بۆ وەستانەوە بەڕووی ڕەھەندە نەخوازراوەکانی، نەشڵەژان و پشوو درێژی و قوڵی فیکری و پلانی عەقڵانی دەخوازێت، دەبێت ئاگاشییان لەوە بێت کێشمەکێشەکە جیھانییە. 

بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ڕەچاوکردنی واقیع و تایبەتمەندی خۆشمان پێویستە، بەتایبەتیش کە ئێمە دەوڵەت نین و لە کۆمەڵێ پرسدا بەشێکین لە قەوارەیەکی نێودەوڵەتی دانپیانراو بەناوی عێراق.