یەخەی کێ بگرین، مەسیح یا پۆڵس؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2022-12-27

لەپاش هاتنی سەینت پاوڵ یا قدیس بۆڵس ئیدی خیلافی جەزری لە دونیای مەسیحییەت دروست دەبێت. حیکمەت و زیرەکی  پۆڵس لەوێدایە کە ڕاستەوخۆ ئینکاری مەسیح ناکات وەک پێغەمبەر یا "کوڕی خودا"، بەڵکو دەقیق لە کتێبی شەشی تەیستەمێنتی نوێدا دەڵێت "ٚگەورەم مەسیح کوڕی خودا بوو بۆ جووەکان، منیش پەیامبەری کوڕی خودام بۆ هەموو جیهان". ئەم ڕستەیە لەڕووکەشدا کەم بایەخ دەردەکەوێت بەڵام لە دوای سەدەی چوارەمەوە ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەری زیاتر و زیاتر  دەبێت. بە بڕوای من پۆڵس لە تێۆریدا گەورەترین مرۆڤی مەسیحییەتە لەپاش خودی مەسیح خۆیەوە، بەڵام  لە واقیعدا پێش خودی مەسیحیش دەکەوێت چونکە ئەو دووملیارد مەسیحییەی ئەمڕۆ لە جیهاندا هەن بەبۆنەی تەعالیماتەکانی پۆڵسەوە هەن و پەیڕەوی لە قسەکانی ئەو دەکەن  نەک ئەو عەهدە کۆنەی کە حەزرەتی مەسیح جەختی لێدەکردنەوە.

عیسای مەسیح لە بەیت لەحم بە جووەکان دەڵێت: "من پێغەمبەری خودام هاتووم ئەوەی کە شەریعەتی مووسا لەسەر ئێوەی بە فەرز دانا منیش جەختی لێبکەمەوە، ئەوەی حەرام بووە ئێستاش حەرامە، ئەوەشی حەڵاڵ بووە بە حەڵاڵی دەمێنێەوە". پۆڵس دێت ئەم قسەیەی عیسا بە جۆرێکی دیکە تەفسیر دەکات و دەڵێت: "عیسا پێغەمبەر خودا بوو بۆ جووەکان، کە جەختیشی لە شەریعەتی یەهوودی دەکردەوە ئەوە تەنها بۆ یەهوودییەکان بوو نەوەک دەرەوەی ئەوان، من پێغەمبەری خودی مەسیحم بۆ ئەوانەی کە جوو نین، کەواتە پێویست ناکات شەریعەتی عەهدی کۆن یا شەریعەتی موسایی لەسەر نایەهوودییەکان و ئەوانەی جوو نین فەرز بکەم". هەر لێرەوەیە مەسەلەکانی خەتەنەکردن، سەربڕین بە دەستووری یەهوودی، خواردنی ماسی بێ پوولەکە بەتەواوەتی لەو دینەی کە پۆڵس بە دەستەکانی خۆی بۆ نایەهوودییەکانی ساز کرد هەڵگدەگیرێت. 

لە عەهدی نوێدا پۆڵس دەڵێت: "قانون و شەریعەت و یاساکان بۆنەفس یا جەستەیە،ئیمان شتێکە لە دڵدایە، ئێمە پێویستیمان بە ئیمانە نەوەک کردەووەی چاک، لەبری خەتەنەی جەستە دەبێت خەتەنەی ڕۆحمان بکەین، لەبری جەستە دەبێت دڵمان پاک بکەینەوە"

بە گوێرەی شەریعەتی موسا ئەو ماسییەی پوولەکی نەبووایە حەرامبوو بخورێت " ئەمڕۆ لە مەزهەبی شیعەشدا هەروایە"، خەتەنەکردن کە لە ئیبراهیمەوە دێتە ناو ئەدیانەوە بە شێوەیەکی شێلگیرنە لای جووەکان تا ئەمڕۆش وەک فەرزێک جەختی لێدەکرێتەوە بەڵام لە مەسیحییەتدا بەتەواوی هەڵدەگیرێت، نەک هەر ئەمانە مەسەلەکانی سەنگەسارکردنی زیناکار و دەیان مەسەلەی دیکەی وەک غوسڵی پاش سەرجێگایی بەتەواوەتی لە عەهدی نوێدا هەڵدەگیرێن و پۆڵس بە پێویستیان نازانێت بۆ ئەوانی جوو نین و دەبنە مەسیحی."هەندێ فەقیهــ و بیرمەندی ئیسلامی پێیان وایە زۆرێک لە ئەحکامی ئیسلامی لە شەریعەتی یەهوودییەوە دزەی کردۆتە نێو فیقهی ئیسلامی، نمونەی ئەو دزەکردنە بە ڕەجمی زیناکار دەهێننەوە کە گوایە لەقورئاندا هیچ ئەسڵێکی نییە"

پۆڵس لەڕێگای مەتنێکی سەریحەوە بەتەواوەتی قوفڵی لەدەرگای شەریعەتی یەهوودی دا و کردییە دەرەوەی دینەکە. لە عەهدی نوێدا پۆڵس دەڵێت: "قانون و شەریعەت و یاساکان بۆنەفس یا جەستەیە،ئیمان شتێکە لە دڵدایە، ئێمە پێویستیمان بە ئیمانە نەوەک کردەووەی چاک، لەبری خەتەنەی جەستە دەبێت خەتەنەی ڕۆحمان بکەین، لەبری جەستە دەبێت دڵمان پاک بکەینەوە" لێرەوەیە تاکە مەرج لە مەسیحییەتا دەبێتە مەرجی ئیمان و ئەو ئیمانەش تەنها موخاتەبەی دڵ دەکات:

 Knowing that a man is not justified by the works of the law, but by the faith of Jesus Christ, even we have believed in Jesus Christ, that we might be justified by the faith of Christ, and not by the works of the law: for by the works of the law shall no flesh be justified....

پۆڵس بەم ڕستەیە هەموو ئەو شەریعەتە موساییەی لە عەهدی نوێدا کردە دەرەوە کە عیسا بە فەرزی دانابوویەوە لەسەر بەنی ئیسرائیل، ئەم کتومت ئەو مەسیحییەتەی دروستکرد کە ئەمڕۆ لای کاثولیکەکان حزووری هەیە، ئارگیومێنتەکەشی ئەوە بوو کە مەسیح ئەم شەریعەتەی تەنها بۆ جووەکان بە فەرز داناوە و ئەم موخاتەبەی دەرەوەی جووەکان دەکات کەوابێ شەریعەتی یەهوودی بۆ دەرەوەی یەهوودییەکان شتێکی ناپێویستە. لێرەوە ئەحکامە تەوراتییەکان هەموویان لە عەهدی نوێدا سڕردانەوە.

پۆڵس توانی کارێک بکات خودی شەخسییەت و کەسێتی مەسیح و "مردنەکەی" ببنە زەقترین نوختەی تەمەرکوزی دینەکە، نەک هەر نوختەی تەمەزکوز بەڵکو مردن و لەخاچدانی مەسیح بوون بە هەموو دینەکە.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە من پێم وایە لە واقیعدا پۆڵس ماوەی پازدە سەدە زیاترە لە مەسیح کاریگەرتر و جێدەست دیارەترە، فیعلەن ئەو بەو سێزدە تێکستەی کە لە کۆی 27 تێکست نووسیونی لە نێو عەهدی نوێی ئینجیلدا توانی ئەوە بسەلمێنێت کە ئەم بۆ مەسیحییەکان پێغەمبەرێکە لە خودی مەسیحەوە ئیلهام وەردەگرێت. نەک هەر ئەمەندە و بەس تەماشا ئەوە پۆڵسە وادەکات مەسیحییەت لە شامی جاران  و بەدیاریکراویش لە شوێنێکی داخراوی وەک ئۆرشەلیمی جووەکانەوە بچێتە دەرەوە و ببێتە دینی ئیمڕاتۆرییەتێکی گەورەی وەک ئەوەی ڕۆما و وای لێبێت ببێتە دینێکی جیهانی وەها کە ئەمڕۆ لە جیهاندا دوو ملیارد کەس پەیڕەوی لێبکەن.

پۆڵس بەتەنها ئاینی مەسیحی نەکردە ئاینێک بۆ نایەهوودییەکان، بەهۆی شارەزاییە زۆرەکەی لە فەلسەفەی یۆنانی کۆن توانی مەسەلەکانی یەکخودایی و خودا سەنتەریش کە لای یەهوودییەکان زۆر جەختی لێدەکرێتەوە لە مەسیحییەتدا بە تەواوەتی تارو مار بکات. لەپاش ئەمە مەسەلەکانی سێ خودایی "تثلیث"و کوڕێتی خودا دێنە نێو دینەکەوە، بە قەولی فەیلەسوفی ئیمانداری دانیمارکی سورێن کییەکگاد "پۆڵس توانی مەسەلەی تەوحید لە مەسیحیەتدا قڵپ بکاتەوە"، دەقیق کییەکگارد وشەی قڵپکردنەوە بەکار دێنێت. 

بەڵێ ئەوە هەر پۆڵسە باسەکانی لەخاچدان و خۆبەختکردنی مەسیح و باسەکانی یەکەمین تاوانی ئادەم دێنێتە نێو مەسیحیەتەوە، لەو عەهدە کۆنەدا هیچ یەکێک لەم باسانە نییە کە خودی مەسیح وەک تەعالیم دەیگوتنەوە. پۆڵس توانی کارێک بکات خودی شەخسییەت و کەسێتی مەسیح و "مردنەکەی" ببنە زەقترین نوختەی تەمەرکوزی دینەکە، نەک هەر نوختەی تەمەزکوز بەڵکو مردن و لەخاچدانی مەسیح بوون بە هەموو دینەکە.

سورێن کیەکگارد لە ڕەخنەگرتن لە مارت لۆتەردا دەڵێت "لۆتەر پێش ئەوەی یەخەی کڵێسای کاتۆلیکی بگرێت دەبوو بڕوات یەخەی پۆڵس بگرێت و ئەو ڕووبەڕووی بەرپرسیاێتی مێژوویی بکاتەوە."