گەڕانەوەی شەرمەزارانەمان بۆ بەغدا

كاوە محەمەد

2022-12-29

نیوەڕۆی رۆژی (٢٠١٨/١٠/١) لەژوورەکەی (رێکخەری گشتی) لەگردی زەرگەتە و بە ئامادەبوونی (عومەری سەید عەلی، م.جەمال محەمەد، شۆڕش حاجی، حەمەتۆفیق رەحیم، د.رەئوف عوسمان و مستەفا سەید قادر) و لەفراکسیۆنیش (د.یوسف محەمەد، د.بەهار مەحمود، د.غالب محەمەد و کاوە محەمەد) کۆبووینەوە کە لەسەر داوای (خانەی راپەڕاندن) بوو، (هۆشیار عەبدوڵڵا) نەهاتبوو، بەڵام (مستەفا سەید قادر) وتی؛ رای (هۆشیار) لای منە و ئەو رازییە..

سەرەتا (رێکخەری گشتی) قسەیکرد و وتی؛ بۆ ئەوە بانگمان کردوون کە بگەڕێنەوە بەغدا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش خۆتان دەزانن لەماوەکانی رابردوودا یەکێتی و د.بەرهەم چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و جێگەی متمانە نین، خاوەنی بەڵێنەکانیان نەبوون و رێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکرد، (د.بەرهەم) بەبێ پرسی ئێمە گەڕایەوە ناو یەکێتی و پشتی لەهاوڕێکانی کرد..برادەرانی پارتی-ش داوایان لێکردووین کە دەنگ بە کاندیدەکەیان بدەین، ئێمە ئەوان بە باشتر دەزانین و پێمان باشە دەنگ بە (د.فوئاد حسێن) بدەن، (مستەفا سەید قادر) وتی؛ ئەوکاتەی وەفدەکەیان هاتبوون، لیژنەی هاوبەشمان دروستکردووە کە پەیوەندییەکانمان ئاسایی بکەینەوە، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە هەموو رێککەوتنێکمان لەگەڵ بکەن و لەئاستی عیراق و هەرێمی کوردستانیش هاوکارمان بن

لەکۆی ئەو دانیشتنە بۆم دەرکەوت کە پارتی تەنها بەڵێنی زارەکیان پێ داون و ئەمەش بەشێک بوو لەو سەفقەیەی لەپێش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردبوو و پاشکۆبوونی (گۆڕان)یان بەرامبەر بە هەندێ پۆست و پارەی مانگانە کڕیبوو..

 من وتم؛ جارێ بایکۆتەکەمان بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵە بوو، بە بێ راوێژی ئێمە بڕیارتان لێ دا و زەرەرمان کرد، ئێستاش کە باسی بێ بەڵێنی یەکێتی دەکەن، پارتی-ش بە هەمانشێوە بوو، ئەوکاتەی (کاک نەوشیروان) لەژیاندا بوو، سەرۆکی پەرلەمان و (٢٤) کورسی و (٥) وەزارەتمان هەبوو، بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد، ئێستا کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانمان بۆتە نیوە، خێرە پێتانوایە دەبنە خاوەنی بەڵێنی خۆیان ؟! راستییەکەی پارتی دەیەوێ ئێمەش وەک یەکێتی ببینە پاشکۆیان، نەک خاوەنی پرەنسیپەکانی خۆمان، بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم دەنگ بە هیچیان بدەین و دەنگی سپی بخەینە سندوقەوە، پاشان (د.غالب) وتی؛ من لەگەڵ بایکۆتم، بەڵام بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە پابەند دەبم، پێشتریش (د.غالب) کە تۆزێک بە درەنگەوە گەیشت، رێکخەری گشتی لەژوورێکی جیا لەگەڵی دانیشت و ئینجا هاتنەوە ناو کۆبوونەوەکە، پاشان (د.بەهار) وتی؛ منیش هاوڕای (کاوە)م، بەڵام پابەندم بە بڕیاری (گۆڕان)ەوە، (د.یوسف)یش وتی؛ من وەک رای شەخسی خۆم لەگەڵ دەنگدان بە هیچیان نیم، بەڵام پابەند دەبم بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە، روویان لەمن کرد کە رای کۆتایی خۆم بڵێم، لە(مستەفا سەید قادر)م پرسی؛ پارتی ئامادەن چیمان بۆ بکەن ؟ وتی؛ وتوویانە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، وتم؛ پێمباشە  داوایان لێ بکەن کە رازی بن سیستمی سیاسی بکرێت بە پەرلەمانی، بۆئەوەی سبەی بە رووسوورییەوە بچینەوە بەردەم خەڵکەکەی خۆمان کە بەرامبەر پرسێکی مەبدەئی ئەوەمان کردووە، نەک بۆ پۆست و پارە، وتی؛ رەنگە ئێستا کاتی ئەوە نەبێ، وتم بۆ کاتی نیە، دەکرێ لەرێککەوتنێکی نووسراودا ئەو دێرە جێگیر بکرێت، وتی؛ باشە پێیان دەڵێین..

 

هەروەها وتی؛ بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین کە بەشێک لەدەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-مان بۆ بگەڕێننەوە و ژمارەی کورسییەکانمان زیادبکات !، وتم دەمەوێ بە فەرمی (تحفظ)ی من بەرامبەر ئەو بڕیارەتان لەمەحزەر تۆمار بکەن، بەڵام مادام هەموو هاوڕێیان پابەند دەبن بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە، منیش لەریز دەرناچم و پابەند دەبم، دواتر (مستەفا سەید قادر) بۆ رای (هۆشیار عەبدوڵڵا) وتی؛ قسەم لەگەڵ کردووە و ئەو رازییە، دواتر کە بەرەو بەغدا دەڕۆیشتین، لەناو تەیارەکە (هۆشیار) وتی؛ بەڕاستی ئێمە وەک (گۆڕان) نابێ چیتر بە لۆجیکی (لا شرقیە و لا غربیە) و بە مەزاجی فەیسبووک هەڵسوکەوت بکەین، بەڵکو دەبێ وەک حزب سیاسەت بکەین..

 

لەکۆی ئەو دانیشتنە بۆم دەرکەوت کە پارتی تەنها بەڵێنی زارەکیان پێ داون و ئەمەش بەشێک بوو لەو سەفقەیەی لەپێش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردبوو و پاشکۆبوونی (گۆڕان)یان بەرامبەر بە هەندێ پۆست و پارەی مانگانە کڕیبوو..

دواتر بە (مستەفا سەید قادر)یان وت؛ بڕۆ مشوری تەیارەکەیان بۆ بخۆ..کە رۆیشتمەوە بۆئەوەی خۆم حازربکەم، (د.یوسف) تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی؛ ئەوە من لەرێگەی (د.دەرباز)ەوە خەریکی تەرتیبکرنی تەیارەم، دواتر لە (د.دەرباز)م پرسی، سەرەتا وتی؛ بە من نەوتراوە، پاشان وتی؛ ئەها بیرم هاتەوە بەڵێ تەرتیب کراوە ! لەو ساتەدا (د.یوسف) تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و وتی؛ دەبێ سەعات (٦.١٥) دەقیقە لەفڕۆکەخانە بین، دواتر چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ (د.غالب) کرد، دەستنەدەکەوت، پاشان وەڵامی دامەوە و وتی؛ راستیەکەی من نایەم..ئیتر لەفڕۆکەخانە هەر چوارمان (د.یوسف، د.بەهار، هۆشیار و کاوە) قەلەق بووین بۆ تەیارەکە کە پێ دەچێت پارتی دابینی کردبێت نەک (د.دەرباز)، کە سەرکەوتین لەیەکێک لەستافی فڕۆکەکەم پرسی؛ ئەم فڕۆکە تایبەتە هی کێیە و لەکوێ-وە هاتووە ؟ وتی؛ هی کۆمپانیایە، لەیەکێک لە (مضیفەکان)م پرسی کە کچێکی بێگانە بوو، وتی؛ لەهەولێرەوە هاتووین..ئیتر زانیمان کە پارتی فڕۆکەکەی دابینکردووە، لەوساتەدا هەستم بە شەرمەزارییەکی زۆر کرد کە تاکە رووداوێکە لەژیانی سیاسیمدا بە هەڵە و پەڵەیەکی گەورەی ببینم.

بڕیاربوو دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەعات (٨)ی ئەمشەو بکرێت، بەڵام نصاب تەواو نەببوو و بۆ رۆژی دواتر دواخرا، بۆیە بڕیارماندا لەفڕۆکەخانەی بەغداوە یەکسەر بچینە شوقەکەی من لەناوچەی سەوز..

سەرلەبەیانیی رۆژی دواتر (٢/١٠/٢٠١٨)، هەر لەشوقەکەی من کۆبووینەوە و وتم؛ ئەم سەرکردانەی گۆڕان شکستیانهێناوە، با ئێمەش نەکەن بە بەشێک لەو شکستەی خۆیان، هەریەکە و بە هەڵوێستەکانمان سەرمایەیەکی رەمزیمان پێکهێناوە، بەمشێوەیەیەی کە ئەوان دەیانەوێت، لەدەستی دەدەین، بۆ بزووتنەوەکە و خۆشمان زۆر خراپ دەکەوێتەوە، (هۆشیار) وتی؛ با بچین بۆ پەرلەمان و لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رێکخەین و بڵێین؛ سەرپشک کراوین کە دەنگ بە کێ دەدەین، ئیتر هەر وامانکرد و لەکۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە (من و هۆشیار) قسەمانکرد و دواتریش هەر پێنجمان دەنگمان بە هیچیان نەدا وکاغەزی سپیمان خستە سندوقەوە.

 

هەر لەو دانیشتنەدا ئێمەی ئەندامانی فراکسیۆنی (گۆڕان) سوێندی یاساییمان خوارد، ئەنجامی دەنگدانەکەش بەمشێوەیە بوو؛ لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، د.بەرهەم (١٦٥) دەنگ و د.فوئاد حسێن (٨٩) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڕی دووەمیش د.بەرهەم (٢١٩) دەنگ و د.فوئاد حسێن (٢٢) دەنگی بەدەستهێنا. پێش گەڕی دووەم (د.ڤیان سەبری) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی؛ بەیاننامەمان هەیە و دواتر وتیان (د.فوئاد) لەکاندیدبوون دەکشێتەوە، فراکسیۆنەکەیان نامەی خۆکشاندنەوەیان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرد، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان قبوڵی نەکرد و وتی؛ دەبێ بە ئیمزای (د.فوئاد حسێن) خۆی بێت، ئیتر لەناو کێبڕکێیەکەدا مایەوە و دەرنەچوو و (د.بەرهەم) بوو بە سەرۆک کۆمار و سوێندی یاسایی خوارد. ئەویش راستەوخۆ بە ئامادەبوونی (محمد الحلبوسی-سەرۆکی پەرلەمان) و ژمارەیەک لەسەرۆک فراکسیۆنەکان، (د.عادل عبدلمهدی) سیاسەتمەداری سەربەخۆی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازە، چونکە زۆربەی فراکسیۆنە شیعییەکان و مەرجەعیەت لەسەری رێککەوتن و سوننە و کوردیش پێی رازی بوون.