پارەکانتان بگۆڕنەوە بە پارە، لە پارە پارە بخوڵقێنن

کەیوان نوری

2022-12-29

ئەمڕۆ بە واقیعی لەناو ئابووری بازاڕداین، پەیوەندی ئاڵوگۆڕ بەشێوازێکی گشتگیر هەژموونی خۆی سەپاندووە بەسەر کۆمەڵگادا. جوڵەکان لە بازارەوە دەستپێدەکەن و بە بازاڕ کۆتاییان دێت. ئەوەی لە بازاڕدا دەگوزەرێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕە. لەم پرۆسەیەدا دوو کارەکتەر ڕوبەڕووی یەک دەبنەوە کە هەریەک خاوەنی کاڵایەکە، دوو مرۆڤی ئازاد! دوو خاوەن موڵک و دوو خاوەن مافی یەکسان! ئەم کارەکتەرانە دەتوانین ناویان لێ بنێین کڕیار و فرۆشیار.

لە ناو پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و بازاڕدا خاوەنی دوو هاوکێشەین/
یەک: فرۆشتن بۆ کڕین/ (کاڵا-کاڵا) یاخود بە نێوەندگیری پارە (کاڵا- پارە - کاڵا)
دووەم: کڕین بۆ فرۆشتنەوە/ (پارە -پارە) یاخود بە نیوەندگیری کاڵا (پارە - کاڵا -پارە)

کارل مارکس لە گروندریسەدا کاتێک باس لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی کاڵاکان دەکات، دەڵێت: یەکەمین هاوکێشە (کاڵا - پارە - کاڵا) ئەگەر تەنها یەک زەڕە مانای هەبێت ئەوا هاوکێشەی دووەم (پارە - کاڵا - پارە) زۆر بێمانا یان هێچ مانایەکی نیە.

لە جیهانی سەرمایەداریدا و لە ئابووری بازاڕدا ئێمە دەبینین ئەم پرۆسەیە بێ ئەوەی مانایەکی هەبێت حوکم دەکات، لە ملیۆنێک مرۆڤ یەک مرۆڤ سودمەندە لێی، بەڵام هێشتا دەتوانێت بمێنێتەوە و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، جیا لەوەش توانیویەتی بە ملیۆنان مرۆڤ ناچار بکات تیایدا بمێننەوە. وە بە سەدان هەزار ئایدۆلۆژیستی دروست کردووە تا ڕەوایەتی پێ بدەن.

ئێستا بزانین لەو دوو هاوکێشەیە بۆ یەکێک زۆر بێمانا و ئەوی دیکەش زەڕەیەک مانای هەیە.

بۆچی هاوکێشەی (کاڵا - پارە - کاڵا) کەمێک مانادارە:

ئەگەر بیر لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی (کاڵا - پارە -کاڵا) بکەینەوە ئەوا دەبینین هەردوو سەری هاوکێشەکە [کاڵایە]، لەم هاوکێشەیە (کاڵای یەکەم)خاوەنی بەهای بەکارهێنانی تایبەتی خۆیەتی واتا چۆنیەتیەکی تایبەتی هەیە و لە ڕووی سودمەندیەوە دەتوانێ پێداویستیەکی تایبەتی کەسی یان کۆمەڵایەتی پڕبکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی بەهای ئاڵوگۆڕیشە. کەسێک کە خاوەنی کاڵای یەکەمە هەڵبەتە یان ئەم کاڵایە زیاترە لە پێداویستی خۆی یان پێویستی بە کاڵایەکی دیکە هەیە بۆیە ئامادەیە دەستبەرداری ئەم کاڵایە ببێت لەپێناوی بەدەستهێنانی بەهای بەکارهێنانی کاڵاکەی دیکەدا.

لەهەمان هاوکێشە (کاڵا - پارە -کاڵا)، (کاڵای دووەم) خاوەنی چۆنیەتی جیاواز و بەهایەکی بەکارهێنانی جیاوازە و لە ڕووی سودمەندیەوە پێداویستیەکی جیاوازی کەسی یان کۆمەڵایەتی پڕدەکاتەوە. پارە لەم هاوکێشەیە تەنها ڕۆڵی وەسیلەی سادەی سوڕان دەگێڕێت و بەس، واتە تەنها بۆ خێراکردن و ئاسانکاری پرۆسەکەیە.

بەڵام دەبێت بزانین کاڵای یەکەم و دووەم خاوەنی نرخ و بەهای ئاڵوگۆڕی یەکسان یان جیاوازن. کاڵاکان وەک بەهای ئاڵوگۆڕ جیاوازیەکەیان تەنها چەندێتیە، هەردووک بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتی دیاریکراون.

 

بەیانیدا بە پارەیەکی کەمەوە چۆتە بازاڕ و ئێوارە بە پارەیەکی زۆرتر لە بازاڕ هاتۆتە دەرەوە. لێرەوە دەردەکەوێت ئەم هاوکێشەیە تەنها بۆ بازرگانان و کاتێک مانادار دەبێت کە کەمتر گۆڕدرابیت بە زۆرتر، بەڵام هێشتاش بۆ کۆمەڵگا هەر بێمانایە چونکە ئەم زالوانەی کە تەنها سەرباری کۆمەڵگان هیچ بەهایەک ناخوڵقێنن بەڵکو بە ناڕەوا دەست بەسەر بەشێک لە بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتیدا دەگرن.

 

ئەم هاوکێشەیە (کاڵا - پارە - کاڵا) بەهۆی ئەوەی هەردوو سەری هاوکێشەکە هەڵگری چۆنیەتی جیاواز یان بەهای بەکارهێنانی جیاواز و سودمەندی جیاوازە ئەوا دەتوانین بڵێین زۆر بێمانا نیە یاخود کەمتر بێمانایە و هەندێک لە ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی هەیە. من پێویستم بە چۆنیەتی و سودمەندی کاڵاکەی ئەوە ترە و ئەوی تریش بەهەمان شێوە پێویستی بە چۆنیەتی و بەهای بەکارهێنانی کاڵاکەی منە.

بێمانای هاوکێشەی (پارە - کاڵا - پارە):

ئەگەر بیر لەم هاوکێشەیەی دووەم (پارە -کاڵا - پارە) بکەینەوە،یاخود دەتوانین بەم شێوازەش بینوسین (پارە-کاڵا- کاڵا-پارە) واتا کڕین بۆ فرۆشتن. پارەیەک دەبەیتە بازاڕ و کاڵایەک دەکڕیت و هەمان کاڵا دەفرۆشیتەوە بە پارە.  کڕین بە ئامانجی فرۆشتنەوە.
کەسێک بۆ دەکڕێت تا بفرۆشێتەوە؟ مادام هەردوو سەری هاوکێشەکە پارە بێت دەتوانین هاوکێشەکە بەم شێوەیەش بنوسین: (پارە - پارە)، کەسێک لە پێناوی چیدا پارەکەی دەگۆڕێتەوە بە پارە مەگەر هیچ جیاوازیەک هەیە لە نێوان پارە لەگەڵ پارەدا (ئەگەر جیاوازی فیزیکی پارە لەبەرچاونەگرین، کە بۆ هەمان کەسیش مەبەست نیە). بە دڵنیای ئەم کەسە کاتێک پارە لەگەڵ پارە دەگۆڕێتەوە ئامانجی بەهای بەکارهێنان یاخود چۆنیەتی و سودمەندی پارە نیە، چونکە لەم لایەنە پارە لەڕوی چۆنیەتیەوە هیچ جیاوازیەکی نیە، پارەی سەرەتا و کۆتای هەمان چۆنیەتی و سودمەندیان هەیە.

بەم پێیە ئەگەر هیچ جیاوازیەکی چۆنیەتی لەم ئالوگۆڕەدا نەبێت ئەوا لەم لایەنەوە زۆر بێمانا دەردەکەوێت، بەڵام دەبێت بزانین ئایا بۆ کەسی ئاڵوگۆڕکەر ئایا جیاوازی چۆنیەتی گرنگە یاخود جیاوازیەکی تر؟ بە دڵنیای ئامانج لە هاوکێشەی (پارە- پارە) کڕین بە نرخێکی دیاریکراو و فرۆشتن بە نرخێکی بەرزتر لەوەی کڕدراوە. یاخود کرین بە کەمتر لە بەهای خۆی و فرۆشتن بە بەهای خۆی. یاخود کڕین بە کەمتر و فرۆشتن بە زیاتر. لەم نێوەندەدا ئامانجی ئاڵوگۆڕ و سوڕان و گۆڕینی (پارە بە پارە) زیادەی نێوان ئەو دوو نرخەیە. ئامانجی سەرەکی بازرگان گۆڕینی پارە بە نێوەندگیری کاڵاکانە بە پارەی زیاتر. ئەم زیاترە بزوێنەری سەوداکەران و بازرگانانە. بۆ بازرگان گرنگ نیە چی دەفرۆشێت بەڵکو ئەوە گرنگە بەچەند دەکڕێت و بە چەند دەفرۆشێت. ئەوانەی پارە دەگۆڕنەوە (چیەتی و چۆنیەتی) کاڵاکانی بۆ گرنگ نیە بەڵکو چەندێتی پارەیەکیان بۆ گرنگە کە لەکۆتایدا بەدەستی دەهێننەوە. پارە هەموو جیاوازیە چۆنیەتیەکان لەخۆیدا دەتوێنێتەوە، ئەمەش وادەکات بەهای ئاڵوگۆر هەموو شتێک و بەهای بەکارهێنان هیچ.

لەم هاوکێشەیەدا گوتمان هیچ جیاوازیەکی (چۆنایەتی) لەنێوان هەردووسەری هاوکێشەکەدا بوونی نیە (پارە - کاڵا - پارە)، سەرەتا و کۆتای (پارە)یە. لەم لایەنەوە تا بیری لێ بکرێتەوە بێمانایە زیاتر لە هەر شتێک. شتێک دەگۆڕیتەوە بە شتێک کە هیچ جیاوازیەکی چۆنایەتی لەگەڵ ئەوەی خۆتدا نیە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا لە سەرەتاوە ئامانجەکە جیاوازی چۆنایەتی نەبووە بەڵکو بزوێنەری پرۆسەکە جیاوازی چەندایەتی بووە.  ڕاستە خاڵی سەرەتا و کۆتای بە یەک شت دەستپێ دەکات و کۆتای دێت بەڵام پارەیەکی کەمتر گۆڕدراوە بە پارەیەکی زۆرتر.

بەیانیدا بە پارەیەکی کەمەوە چۆتە بازاڕ و ئێوارە بە پارەیەکی زۆرتر لە بازاڕ هاتۆتە دەرەوە. لێرەوە دەردەکەوێت ئەم هاوکێشەیە تەنها بۆ بازرگانان و کاتێک مانادار دەبێت کە کەمتر گۆڕدرابیت بە زۆرتر، بەڵام هێشتاش بۆ کۆمەڵگا هەر بێمانایە چونکە ئەم زالوانەی کە تەنها سەرباری کۆمەڵگان هیچ بەهایەک ناخوڵقێنن بەڵکو بە ناڕەوا دەست بەسەر بەشێک لە بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتیدا دەگرن.

بەڵام دەبێت بزانین کە لە ژیانی واقیعیدا رەنگە ئامانجی سەرمایەداری بازرگان نەیەتەدی، واتا دەکرێت بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز نەتوانێت ئەوەی کڕیویەتی بفرۆشێت، یان بتوانێ بیفرۆشێت بەڵام بەهەمان پارەی سەرەتای خۆی، یان ئەگەری هەیە لە بازاڕدا کەمتر لە پارەی سەرەتای دەست بکەوێتەوە، یاخود هەر دەستی نەکەوێتەوە ئیدی لە ئەنجامی قەیران یان کێبڕکێی بازاڕ یان جەنگ یان خراپبوونی کاڵاکانی و بەسەرچونی مۆدێلەکان. 

ئێمە گوتمان ئەگەر ئەگەر جیاوازی چەندێتی پارەی سەرەتا و پارەی کۆتای بتوانێت کەمێک مانا ببەخشێت بە کردەی ئاڵوگۆڕی (پارە - پارە) ئەوا ئێستا کە لە هەلومەرجی واقیعی وەک ئەوەی سەرەوە کە جیاوازی (چەندێتی)یش ناهێڵێت لەنێوان پارەی سەرەتا و پارەی کۆتایدا ئیدی هیچ شتێک نابێت بێماناتر لە هاوکێشەی (پارە - پارە).

لە ئێستادا دەزانین کە هیچ جیاوازیەکی (چۆنیەتی) لەنێوان سەرەتا و کۆتای هاوکێشەی (پارە -کاڵا- کاڵا-پارە) خۆ ئەگەر جیاوازی (جەندێتی)یش لەنێو بچێت هەر تەواوەتی هێندەی دیکە بێمانا دەبێت.

ئەم ڕۆژانە بەشێکی کۆمەڵگا بێ نێوەندگیری کاڵاکان، خەریکی گۆڕینەوەی پارەن بە پارە. زۆرینەیەک تەنها زیانەکانیان بەرکەوت و لوتیان بەر بەردی ئەلحەدی بێمانای  هاوکێشەی (پارە - پارە) کەوت، کەمینەیەک لەبەر ئەوەی چەرخی دەوران لە قازانجی ئەوان دەسوڕێت هێشتا بۆ ئەوان پرۆسەکە مانادارە.