ماڵبەکۆڵەکان و کۆچەریەکانی شار

کەیوان نوری

2023-01-02

وەک چۆن یەک لە تایبەتمەندیە بنچینەییەکانی شاری مۆدێرن وێرانکردن و بنیاتنانەوەیە، ڕووخاندن و دروستکردنەوەیە، ڕاکێشانی دانیشتوانە بۆ ناوەند و دوورخستنەوەی هەمان دانیشتوانە بۆ کەنارەکانی شار و دیسان ڕاکێشانەوەیان بەرەو ناوەند. بە هامان شێوە تایبەتمەندیەکی دیکەی شاری مۆدێرن ماڵبەکۆڵی خێزانەکانە. خێزانەکان هەر مانگ و ساڵێک لە گەڕەکێک، گوندێک و شوقەیەک دەژین. ماڵبەکۆڵی خێزانەکان لەناو شاری مۆدێرندا جۆرێک لە کۆچی ئابووری، کەلتووری و کۆچی زۆرەکی و ناچاریانە.

دیاردەی ماڵبەکۆڵی تاک و خانەوادەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە زوو یان درەنگ بەشی گەورەی دانیشتوانی شار دەگرێتەوە، ئیدی خۆویستانە یان ناچارانە. ئەم دیاردەیە لەناو ماڵبەکۆڵە دەوڵەمەندەکان دەکرێت وەک جۆرە نەخۆشیەک ببینرێت، یان فۆرمێک لە خواست و ئارەزووی ساختەی بەرهەمهێنراوی سیستەم، یان بەرخۆری کاڵا گەورە جێگیرەکان، یاخود ڕەمزی دەسەڵات و نیشاندان و نمایشی هێزی ئابووری تاک و خێزانە خوداپێداوەکان! (بە وتەی ئایدۆلۆژیای ئاینی چینی هەژمونداری کۆمەڵگا). بەڵام هەمان دیاردەی ماڵبەکۆڵی بۆ خانەوادە و تاکەکانی بەشێکی چینی ناوەند و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا هۆکاری ئابووری لە پشتە.

کۆچی بەردەوامی تاک و خێزانەکان لەگەڵ ئەوەی ڕاکردنە لە شتێک لە هەمانکاتیشتدا ڕاکردنە بەدوای شتێکی تردا:

بەشی گەورەی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا خاوەنی هۆشیاری چینایەتین و لە دژبەرانی خۆیان دەترسن. بۆیە دەوڵەمەندەکان لە نیشتەجێبوون و ژیانکردن لەناو چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دەترسن. ژیانکردن لەنێو دوژمنی چینایەتیدا هەموکات لەبەردەم مەترسی سڕینەوەی فیزیکیدایە. دەوڵەمەندەکان تەنها بە یەک مەرج دەتوانن لەنێو چینی دژبەریاندا بژین ئەویش ئەوەیە کە وەک ئەوان بژین و بمرن، بەمجۆرە دەتوانن بژین بەڵام بەهیچ جۆرێک ژیان یەکسان نیە بە ژیانکردن.
لە ئێستادا ئێمە لەم جۆرە دەوڵەمەندەمان زۆر هەیە، بەڵام کاتێک قەبارەی سەرمایەی ئەم جۆرە لە خەڵک دەگاتە ئاستێکی دیاریکراو ئیدی خۆشاردنەوە هیچ کەڵکی نابێت، سکهەڵگوشین و جلوبەرگی سادە! لەبەرکردن ناتوانێت ناوی زڕاو و زوڵاڵیان بشارێتەوە. لە دۆخێکی وادا دەبێت ڕابکەن. ڕاکردن لە کەسێک نا بەڵکو لە چینێکی کۆمەڵایەتی. بۆ کوێ ڕادەکەن؟ بۆلای هاوچینەکانیان لە بەرزاییەکانی شار، بۆ ناو قەڵا و گوند و شارە پارێزراوەکان. بەڵام نیشتەجێبوونێکی هەمیشەی نا، بەڵکو کاتی و ماڵەکانیان هەمیشە ئامادەی کۆکتپردنەوەیە بۆ گواستنەوە بۆ گوندێکی تر.

ماڵبەکۆڵی خانەوادەکان بەشێک نییە لە مێژووی شار و لەگەڵ شاردا دروست نەبووە، بەڵام بەشێکی دانەبڕاوی شاری مۆدێرنە. وەک چۆن شاری مۆدێرن بەرهەمی گەشەی سەرمایە و سەرمایەداریە لەهەمان کاتدا شارە مۆدێرنەکانیش ماشێنێکن بۆ دیسان بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداری. 

هەژارەکان لە چی رادەکەن و بۆ کوێ ڕادەکەن؟

 لە زەبرە کوشندەکانی قەیرانە ئابووریەکان ڕادەکەن، لە یاسای و پۆلیسەکانی یاسا ڕادەکەن کە بەزۆر ماڵەکانیان پێ چۆڵدەکرێت، چونکە ناوچەکەیان بڕیارە بکرێتە مۆڵێکی گەورە یاخود پرۆژەیەکی نیستەجێبوونی هەوربڕ….ڕادەکەن لە سیاسەتی بازرگانانی خانووبەرە کە کۆڵانەکانیان پڕدەکرێت لە ماڵە سۆزانی و هەرچی و پەرچی و بێگانە مەترسیدارەکان!!.
ئەدەی بۆ کوێ ڕادەکەن؟ ناوچەیەکی ئارامتر یان کەنارگیرتر، بۆ ناو شوقە بەهەشتیە پارێزراوەکانی  چینی نێوەندی، خەونی گەیشتن بە ناوچەی ئارام کاتێک وەهمی بەواقیعی کردنی زیاتر تۆخ دەبێتەوە کە خانوە کۆنەکانیان بە پارەیەکی زیاتر دەفرۆشن، ئەم زیادە پارەیە ئومێدێکی درۆزنانەیان لا دروست دەکات بەوەی دەتوانن ماڵێکی جوانتر لە شوێنێکی باشتر بکڕن و هەندێکیشیان بۆ دەمێنێتەوە.

سەرگەردانیەکی کەلتووری بۆ ماڵبەکۆڵەکان:

بارکردن لێرە بۆ ئەوێ و گۆڕینی خانویەک و ماڵبەکۆڵبوون تەنها بەمانای دەستبەرداربوون نیە لە خانویەک کە بەئەگەری زۆرەوە موڵکی خانەوادە نیە، بەڵکو دەستبەرداربوونە لە جۆرە ژیان و جۆرە کەلتوورێک کە ماوەیەک تاک و خێزانەکان لەگەڵی ژیاون و لەگەڵی ڕاهاتوون، دەستبەرداربوونە لە شوێنێکی جوگرافی تایبەت کە ماوەیەک خویان پێوە گرتووە و لەناو کاتدا ژیانیان لەسەر بنەمای ئەو ڕیکخستووە. جێهێشتنی گەرەکێک، شوقەیەک یان خانوی گوندێکی مۆدێرن دەستبەرداربوونە لە کۆمەڵێک مرۆڤ کە ناسیوتن، ئیدی لە گەڕەک بێت یان قوتابخانە، یاریگا و بازاڕچەی گەڕەک.
لە شارە بچوکەکاندا دەکرێت ماڵەکەت بگوازیتەوە، بەڵام دەستبەرداری ئەو فۆرمە لە ژیان نەبیت کە خوت پێوە گرتووە، دەکرێت لەناو هەمان کەلتوور و نەریتدا بژیت وەک جاران، ئەمەش نەک بەخاتری ئەوەی کە نەریتپارێزیت، بەڵکو لە جوگرافیای شارە بچوکەکاندا یەک فەرهەنگ هەژمونیەتی هەیە، ژمارەی گەڕەک و قوتابخانە و یاریگا و بازاڕچەکان سنوردارن، بۆیە گواستنەوەی ماڵ ناتوانێت لە هاوڕێ و دۆستەکانت داببڕێت و ناتوانێت گۆڕانی گەورە بەسەر تێڕوانین و شێوە ژیانتدا بێنیت.

شار و ماڵبەکۆڵی پێکەوە لەدایک نەبوون:

ماڵبەکۆڵی خانەوادەکان بەشێک نییە لە مێژووی شار و لەگەڵ شاردا دروست نەبووە، بەڵام بەشێکی دانەبڕاوی شاری مۆدێرنە. وەک چۆن شاری مۆدێرن بەرهەمی گەشەی سەرمایە و سەرمایەداریە لەهەمان کاتدا شارە مۆدێرنەکانیش ماشێنێکن بۆ دیسان بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداری. 
لە سیەکانی سەدەی بیستەوە یەک لە میکانیزمەکان بۆ مانەوە و بەردەوامی سەرمایەداری شاریبوونەوەی سەرمایە بووە، بەشێکی گەورەی سەرمایەی جیهانی نزیک بە سەد ساڵە باشترین پانتای ئابووریان دۆزیوەتەوە کە زۆرترین قازانجی تیادا بەدەست دەهێنن ئەویش ویرانکردنی شار و دیسان و دیسان بەرهەمهێنانەوەی شارە بەشێوازی هەردەم جیاوازتر. شاریبوونەوەی سەرمایە جوگرافیا و جەستەی شار دەکاتە شوێنی کار و چالاکی ئابووریانەی خۆی. شار بۆ سەرمایە دەبێتە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی زێدەبەها و کەڵەکەکردن، و بۆ چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دەبێتە فۆرمێک لە ژیان لەناو کارگەیەکی کاری بیست و چوار کاتژمێری.

خەونی بوون بە خاوەنی خانوو (ئەمەش تەنها بەناو لە هەوادا) تەمەنێکی درێژ قیستدەرەکان دەکاتە کۆیلە گوێڕایەڵەکانی سیستەم.



سەرمایەداری ئەوروپای ڕۆژئاوا لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا توانی کۆچی بەلێشاوی لادێ بۆ شار بخوڵقێنێت. ئەم کۆچە هاوکاتە لەگەڵ بێبەشکردنی گوندنشینان لە خاوەندارێتی و بە پرۆلیتارکردنیان لە شارەکاندا. بەڵام سەرمایەداری سەدەی بیست کاتێک بەشاری دەبێتەوە لەناو خودی شارەکاندا فۆرمێک لە کۆچکردنی هەمیشەی دەخوڵقێنێت کە ئێمە ناومان نا دیاردەی (ماڵبەکۆڵی خانەوادەکان). سەرمایە لە شارەکاندا بەدەیان میکانیزمی جیاوازی ئابووری، ئایدۆلۆژی، یاسای و کەلتووری خێزانەکان ناچار بە کۆچ دەکات. کۆچکردنی خێزانەکان دەکرێت هەم ئاسۆی و هەم ستونیش بیت. هەڵکشان بە پەیژەی چینایەتیدا خێزانەکان ناچار بە کۆچ دەکات بەرەو ئەو گوند و شوقانەی کە بە شێوەیەکی کاتی بەهەشتی بەڵێندرا و واقیعین، ئەم گواستنەوەیە تەنها کاتیە و دوای ماوەیەکی زۆر کەم هەمان گوند و گەڕەک کە ڕۆژێک بەهەشت بوون خلۆر دەبنەوە بەرەو دۆزەخ، بۆیە هەمان خێزان دیسان بەدووی بەهەشتێکی دیکەدا هەڵدێن، بەهەشت هەمیشە لە هەڵهاتندایە و خانەوادە دەوڵەمەندەکانیش لە ڕاکردنێکی بەردەوامدان بەدویدا. ئەو خانەوادانەی کە لە قەیرانە بەردەوامەکاندا پێگەی ئابووریان دێتە خوارەوە بەهەمان شێوە لە کۆچێکی بەردەوامدان تا دەگەنە بنکی دۆزەخ. ئەم خێزانانە لە سەرەتادا خانووەکانیان موڵکی خۆیانە بەڵام قەیرانەکانی شار و سەرمایەداری شاری پێیان دەفرۆشیت و پارەکانیان ورد دەبیتەوە تا ڕۆژێک کە ئیدی هیچی لێ نامێنێتەوە و دەبنە کرێچی و قیستدەری بانکەکان. کرێچیەکان کۆچەرێکی هەمیشەین و قیستدەرەکان موحافیزکارێکی سەرکز. 

خەونی بوون بە خاوەنی خانوو (ئەمەش تەنها بەناو لە هەوادا) تەمەنێکی درێژ قیستدەرەکان دەکاتە کۆیلە گوێڕایەڵەکانی سیستەم. وەهمی بەتاڵی بوون بە خاوەن خانوو کاتێک دەڕەوێتەوە کە قیستەکانیان کۆتای دێت و دەبینن شوقەکانیان ئیدی نە بەهای بەکارهێنانی ماوە و نە بەهای ئاڵوگۆر. لە کاتێکدا ئەم قیستدەرانە هەندێ کات پێش تەواوبوونی قیستەکانیان شوقەکانیان دەیانفرۆشن بە زیانی زۆر گەورە. بەم جۆرە هەر مانگەی لە گەڕەکێک و گوندێک دەبنە کرێچی یان قیستدەر ئیدی بە هۆکاری ئابووری بێت یان کەلتووری.