مێژوو و عیبرەت

د. ئیبراهیم مەلا زادە

2023-01-06

زۆربەتان گوێتان لەو پەندە بووە کە دەڵێت ئەوەی دەرس لە مێژوو وەرنەگرێت، مەحکومە بە دووبارەبوونەوەی. کوردیش، یەکێک بووە لەو نەتەوانەی مەحکومە بە دووبارەبوونەوە و قوربانیی هەمیشەیی ناکۆکیی نێوان دەستەبژێری سیاسیی خۆی بووە، بەر لە زوڵم و ستەمی داگیرکەر.
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممەی ڕێکەوتی سێی جانیوەری 2023، گفتوگۆیەکی گەرممان بوو لەگەڵ هاوڕێم دکتۆر سەعید شەمس. دوای ئەوەی دکتۆر سەعید باسی لە جوگرافییای هێزەکانی ڕۆژهەڵات و ئایدیۆلۆژیای ئەو هێزانە بۆ کردم، بەوەی کە هەموو ئەو هێزە سەرەکییانە زیاتر هێزی چەپی مارکسیستی و ماوی بوون. 

لەوکاتەدا، من ئەو ئارگیومێنتەم ورووژاند کە کورد لە مێژووی نوێیدا دوو خەسڵەتی وێرانکەری هەبوون، 
یەکەم: خۆی بە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم و لێنینیزم و ماویزمدا شۆڕ کردبووەوە، 
خەسڵەتی دووەمیش، بە هۆکاری خەسڵەتی یەکەمەوە، هەمیشە لەبەرەی هەڵەدا بوون، بەرەیەک کە نەک هەر سوودی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو بۆ نەتەوەکانی دیکەش هەر وێرانکەر بوون، بەو هۆیەشەوە هێزە کوردییەکان هەمیشە دۆڕاو بوونە و نەیانتوانیوە لەو ئایدیۆلۆجیا ماڵوێرانکەرە دەربچن.
لەو دەروازەیەوە، گفتوگۆکەمان گەرم بوو، پەڕییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باسکردنی ڕووداوەکانی سەردەمی هاتنەسەر دەستەڵاتی خومێنی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و ڕەوشی ئەو سەردەمی کورد لە ڕۆژهەڵات، لەنێوان ساڵانی 1979، 1980 تا 1985.

لەسەر دوو خاڵی سەرنجڕاکێش بەوردی وەستاین:
یەکەم سەرنج، لەو سەردەمەدا، دیموکرات بەهێزترین هێزی سیاسی بووە، بە پلە دووش کۆمەڵە، ئینجا ڕێکخراوی چریکی فیدایی‌یان و چەند گرووپێکی دیکە.
لەو وەرچەرخانە گرنگەدا کە تەواوی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەژێر دەستی هێزە کوردییەکاندا بووە، هێزە کوردییەکان نەیانتوانیوە نەک هەر بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکەن، بەڵکو لەو سەردەمە ناسکەدا، گۆڕەپانیان بۆ یەکدی کردبووە قەسابخانە. لەو سەردەمە ناسکە مێژوویی‌یەدا، ئەو دوو حیزبە نەیانتوانی هەڵومەرجەکان بقۆزنەوە و بچووکترین مافە کولتوورییەکانیش بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵات دابین بکەن.
ئەو باسکردنە بۆ ئەوە نییە بڵێین ئێستاش هەروایە و هەروا دەبێت، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە داخۆ لەو دۆخە ناسکەی ئێستا ئێران پێیدا دەڕوات، ئەو حیزبانە نەیانتوانیوە بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکەن و لەسەر ستراتیجییەتێکی نیشتمانی کۆ ببنەوە و ئامانجەکانیان دیاری بکەن. لێرەدا باس لە ڕوانگەی یەکە یەکەی حیزبەکان ناکەین، بەڵکو باس لە ڕوانگەیەکی نیشتمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە هەموو حیزب، ڕێکخراو و کەسایەتییەکان تیایدا هاوبەش و هاوڕا بن. ئایا ئەو ڕوانگەیە هەیە؟ ئێمە نایبینین. نە بەرەیەکی نیشتمانی هەیە، نە ڕوانگە و ستراتیجییەتێکی نیشتمانی، بێجگە لە ناوەندی هاوکاری، کە ئەوەش لە ئاستی خواستی خەڵکی رۆژهەڵات و ئەو قۆناغەدا نییە.
جگە لەوەش، وێدەچێت حیزبە کوردییەکان چاوەڕێی دەمی حیزب و کەسایەتی و هێزە ئێرانییەکان بن، بانگیان بکەن و بەشدارییان پێ بکەن، لەجیاتی ئەوەی ئەوان لەگەڵ هێزەکانی بەلووچ و عەرەب و تاد، کۆبوونەوەیەکی گەورە ساز بکەن و هێزە فارسییەکان ناچار بکەن، بە مەمنوونییەوە بچنە ناو هاوپەیمانێتییەكی وەها.
ئەوان دەبێت سوود لە پڕۆسەی لینگاوقووچی سیاسیی باشوور وەربگرن، کە گرنگییان بە بەغدا دایەوە و حیزبە عێراقییەکانییان کردنەوە بە ناوەند، بۆیە نوخبەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستە هێندە باوەڕیان بەخۆیان هەبێت، خۆیان ببن بە ناوەند، نەك هێز و کەسایەتییەکانی ئێران ببن بە ناوەند و ئەوانیش وەکو پاشکۆ بچنە ناو ڕێککەوتنەکانەوە. تەنانەت ئەگەر ڕژێمیش ڕووخا، وەکو باشوور کە بەهەڵەداوان چوونە بەغدا، ئەوانیش بە هەڵەداوان نەچن بۆ تاران، بەڵکو سنە یان کەرماشان بکەن بە ناوەندێکی سیاسی، کۆبوونەوە و مەرجەکانی خۆیان بەسەر هێزە ئێرانییەکاندا بسەپێنن. ئەمە مەحاڵ نییە، بەڵام ئیرادە و ڕوانگەیەکی نیشتمانی دەوێت. کەسایەتییەکانی ناو ئەو حیزبانە، واز لەو خۆپەرستی و گرێی دەروونییە مێژوویی‌یانە دژ بەیەکدی بێنن و بۆ جارێک لە مێژووی کورددا بتوانن وەکو مرۆڤی نیشتمانی و لەخۆبووردوو ڕەفتار بکەن.

 

دووەم سەرنج، بۆ دۆخی 1980، هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی جیددی و حیساب نەکردنێک بۆ هێزەکانی کۆماری تازە وەسەر پێکەوتووی ئیسلامیی ئێران و چەک و جبەخانەی ڕژێم نەبووە و وەکو پێویست هەڵنەسەنگێندراوە و گوێشیان لەیەکدی نەگرتووە. دکتۆر سەعید باسی لە کۆمەڵێک ئەزموون و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری کرد، بەوەی کە حیساباتیان بۆ هێزی ئێران نەک هەر هەڵە بوو، بەڵکو هەر نەبوو. بەو جۆرە، هەرچەندە ماوەیەکی باش توانییان بەرگری بکەن، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پەیوەندیی نێوان دیموکرات و کۆمەڵە، خوێنی لێ دەچۆڕا و بە سەدانیان لەیەکدی کوشتوون، هەموو هەوڵ و تواناکان لەدژی ڕژێم چڕ نەبووبوونەوە، جگە لەوەی کە لەگەڵ دەسپێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، چریکی فیدایی‌یان، بە پاساوی شەڕ لەگەڵ ئیمپریالیزم، چوونەوە باوەشی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و هێزە کوردییەکانیش سەنگەر لە دوای سەنگەریان لەدەست دەدا و سوپای ئێرانیش توانی هەموو ناوچەکان بەدوای یەکدا داگیر بکاتەوە.
بەو جۆرە، گەورەترین دەرفەتی مێژوویی لەکیس کوردی ڕۆژهەڵات چوو، بەو هۆیەشەوە ئەوە 43 ساڵە کوردی ڕۆژهەڵات خوێنی لێ دەچۆڕێت، زمان و کولتووری وێران و قەدەغە دەکرێت. لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر ئەوکات کورد یەک بووبان و ڕوانگەیەکی نیشتمانییان هەبووایە چ دەبوو؟ لە وەڵامدا دکتۆر سەعید دەڵێت: بەدڵنیایی هەر هیچ نەبێت، کورد دەیتوانی بە زمانی دایک بخوێنێت و ئەو دۆخە سەربازییە لەو سەردەمەوە تا ئێستا نەدەبوو یا بە جۆرێکی دیکە دەبوو.

ئایا ئەمڕۆ دیموکرات و کۆمەڵە و “پەژاک”یش کە کەمتر ناوی لەناو ناوانە، ئەو بوێرییە و رۆحە نیشتمانییەیان تێدایە، بەرەیەکی نیشتمانی دروست بکەن، هەموو گرووپە سیاسی و کەسە بەتواناکان لەخۆ بگرێت، لەسەر پەیمانێکی سیاسی/کۆمەڵایەتی کۆ ببنەوە، وشیارییەکی مێژوویی دروست بکەن و ئاراستەی داهاتووی ڕۆژهەڵات دیاری بکەن، لەجیاتی ئەوەی چاویان لەدەستی فارس و ئازەرییەکان بێت؟
پرسیارێکە و هەموو کوردێكی دڵسۆزی نیگەران کردووە. ئەوە مانای وانییە ئەوە ڕای تایبەتیی ئێمە بێت، بەهۆی نائومێدیمان لەو هێزانەی تا ئێستا یەکگرتنەوەشیان لەژێر فشاری خەڵکە، نەك قەناعەت و پێویستی و ڕوانگەیەکی نیشتمانی بێت، هەر هیچ نەبێت کە تا ئێستا لەوە زیاتر لە ئێمە دیار نییە.
هێزەکانی باشوور یەک جار بەرەیەکیان دروست کرد، توانییان ڕاپەڕین بقۆزنەوە و هەرێمی کوردستانی لێ بەرهەم بێت. خۆ ئەگەر نەچووبانە ناو شەڕی نەگریسی ناوخۆییی نەوەدەکانەوە، لەپاڵ ئەوەش، هێزێکی نیشتمانییان دروست بکردبایە، سەرچاوەکانی داهات مۆنۆپۆڵی حکومەتێکی نیشتمانی بووان، لەجیاتی حیزبەکان بەیەکەوە یا بەجیا، حکومەتی هەرێم بە ڕوانگەیەکی نیشتمانیی کوردستانییەوە چووبایە ناو دانوستان لەگەڵ بەغدا، بەدڵنیایی‌یەوە دۆخی باشوور بەتەواوەتی لەو دۆخەی ئێستای جیاوازتر دەبوو. ئێستاش هەرچەندە مەترسییەکان دەبینن، ئەمریکییەکان بەئاشکرا نەك هەر پێیان دەڵێن، بەڵکو داوایان لێ دەکەن هێزەکان بکەن بە هێزێکی نیشتمانی، ئەگینا دۆخەکە وەها نامێنێت و هاوکارییەکان ڕادەگرن، لەگەڵ ئەوەش ئامادە نین تەنیا جارێك لە مێژووی خۆیاندا دەست لەو مۆنۆپۆلکردنەی هێز و سەرچاوەکانی داهات هەڵبگرن و حکومەتێکی نیشتمانی پێک بێنن، حکومەتێك ببێتە ئامێزێکی گەرم بۆ خەڵكی هەرێم و تەواوی باشوور و ئومێدبەخشیش بێت بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.