سودان لەژێر ئاگری جەنگی جەنەڕاڵەکانی شەڕدا

سالار مەحمود

2023-04-19

لە کوچەو کۆڵان و شەقامەکاندا،  دەبابەو تانک و زرێپۆشی هەردوولایەنی شەڕکەر ڕووبەڕووی یەکدی بوونەتەوەو لە ئاسمانیشەوە فڕۆکەی جەنگی ئاگر بەسەر شارەکانی سوداندا دەبارێنێت.

هەردوو جەنەڕاڵ، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی ڕاگوزەری سودان و محەمەد حەمدان دەقلو، ناسراو بە حەمیدەتی سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەو دوو دۆستەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر عومەر بەشیری سەرۆکی وڵاتیان لەکار لادا، ئێستا وڵاتی سودانیان خستووەتە سەر ئاگرو شارو شەقامەکانیان بە خوێنی سەربازەکانیان سوور کردووەو دەرگای شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوییان لە سوداندا کردووەتەوە.

 دۆستایەتی نێوان عەبدولفەتاح بورهان و حەمیدەتی دوای کەمتر لە ساڵێک لە ڕووخانی دەسەڵاتی عومەر بەشیر، درزی تێکەوت و ناکۆکی  ململانێکانیان بەرینتربوو تا ئەو ئاستەی چوار ڕۆژ لەمەوبەر، هێزەکانی حەمیدەتی بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و کەنارخستنی عەبدولفەتاح بورهان پەلاماری " خەرتوم"ی پایتەختیان دا.

 گرژییەکانی نێوان عەبدولفەتاح بورهان و حەمیدەتی، لەسەر خشتەو کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەربازی بۆ حوکمی مەدەنی پەرەی سەندو هەردوولاش بە بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆیان لە " خەرتوم"ی پایتەخت هەوڵی سەپاندنی هەیمەنەی خۆیان داو بەوەش دۆخەکە تەقیەوەو وڵاتەکە کەوتە سەر ئاگرو سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ.

 لە سەر زەوی، بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورس و سووک، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام دەکەن و لە ئاسمانیشەوە فڕۆکە ئاگرو ئاسن دەبارێنێت.

 

 جەنەڕاڵ حەمیدەت، سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە سەد هەزار سەربازەوە هەوڵی کودەتا دەدات و عەبدولفەتاح بورهانیش کە سەرۆکایەتی سوپای وڵات دەکات بە زیاتر لە دووسەد هەزار سەربازەوە ڕووبەڕووی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەبێتەوە.

 هەردوولای شەڕکەر، وەک دوو وڵاتی زلهێزی جیهان، بەگەورەترین و پێشکەوتووترین چەک یەکتری ئاگرباران دەکەن.

 لە سەر زەوی، بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورس و سووک، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام دەکەن و لە ئاسمانیشەوە فڕۆکە ئاگرو ئاسن دەبارێنێت.

 سەرباری شەڕی تۆپ و تانک و چەکە جۆراو جورەکان، هەردوولا، شەڕێکی گەورەی دەروونی لەڕێی میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەدەبەن و لەتەک هاویشتنی هەر تۆپ و تانکێکدا، بەیاننامەیەک و چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی دژی یەک بڵاودەکەنەوەو هەرلایەک ئاماژە بەسەرکەوتنی خۆی دەکات.

 بەپێی رێککەوتنی پێشووی نێوان عەبدولفەتاح بورهان و حەمیدەتی، دەبوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان یەکیان بگرتایەتەوەو لەچوارچێوەی سوپایەکی نیشتیمانیدا یەک بخرانایە، بەڵام ئەو دوو هێزە نەک یەکیان نەگرتەوەو بەڵکو جەنگێکی گەورەو فراوانی خوێناوی لە نێوانیاندا هەڵگیرساو سودانیان گەیاندە لێواری مەرگ.

جەنگ و پێکدادانی دوو لایەنی شەڕکەری سوودان هێندە فراوان و دژوارە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکاو وڵاتانی دیکەی ناوبژیوان نەیانتوانیوە ئاگری جەنگەکە خامۆش بکەن.

 فراوانی و سەختی شەڕی نێوان دوو جەنەڕاڵەکەی سوودان، وایکردووە کە تەواوی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بکەونە ژێر مەترسییەوەو لە پێکدان و بارگرژی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، زیاتر لە دوو سەد کەس لە هەردوولایەنی شەڕکەرو سەدو هەشتا هاوڵاتی مەدەنی بکوژرێن و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار ببن و ملیۆنان کەسیش ئاوارەو دەربەدەر ببن.

عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی گشتی سوپای سودان ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانی پشتیوانی خێراو حەمیدەتی دوو بژاردەیان لەبەردەستایە، یان خۆبەدەستەوەدان یان ئاوارەبوون، لەبەرانبەریشدا، حەمیدەتی داوای ڕۆشتنی عەبدولفەتاح بورهان دەکات و بە تاوانباری جەنگ ناوی دەبات.

 

 " خەرتوم"ی پایتەخت کە چەقی شەڕو ململانێکانی نێوان دوو هێزە شەڕکەرەکەیە، نوقمی دووکەڵ و ئاگر بووەو سەرچاوەکانی ژیانی دە ملیۆن هاووڵاتی پایتەخت لە کارەباو ئاو و خزمەتگوزارییەکانیتر پچڕاون و تەنانەت نەخۆشخانەکانیش کەوتوونەتە بەر تۆپ و تانکەوەو زۆرینەیان وێران کراون.

کوشکی کۆماری و فڕۆکەخانەی خەرتوم و بارەگای گشتی سوپاو بارەگای ڕادیۆو تەلەفیزیۆنی فەرمی سودان و فڕۆکەخانەی شاری " میرۆ" کە گرنگییەکی گەورەی سەربازی و ئابووری هەیە، ئەو شوێنانەن کە شەڕی سەختیان لەسەر دەکرێت و کۆنترۆڵکردنی ئەم شوێنانە لە لایەن جەنەڕاڵ حەمیدەتی و هێزەکەیەوە بە کۆتایی دەسەڵاتی عەبدولفەتاح بورهان دادەنرێت و پاراستن و شکاندنی هێزەکانی پشتیوانی خێراش لەم پێگە ستراتیژیانەدا دەکاتە شکستی هەوڵی کودەتاکەی جەنەڕاڵ حەمیدەتی.

عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی گشتی سوپای سودان ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانی پشتیوانی خێراو حەمیدەتی دوو بژاردەیان لەبەردەستایە، یان خۆبەدەستەوەدان یان ئاوارەبوون، لەبەرانبەریشدا، حەمیدەتی داوای ڕۆشتنی عەبدولفەتاح بورهان دەکات و بە تاوانباری جەنگ ناوی دەبات.

لەپاش پێنج ڕۆژ لە شەڕی سەختی نێوان دوو جەنەڕاڵەکە، بارگرژییەکانی نێوانیان و بەرەکانی شەڕ فراوانتر دەبن و وەکو چاودێرانی دۆخەکە دەڵێن، پێناچێت ئەو ئاگرەی دوو جەنەڕاڵەکە بەریان داوەتە سوودان وا بە ئاسانی خامۆش ببێت.