ئایا ترامپ پێش رۆشتنی هێرش دەكاتە سەر ئێران؟

2021-01-02

هیچ كەس باوەڕی بەوە نییە، كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوە بەسەرچووی ئەمریكا بە ئاسانی و بە هێمنی دەسەڵات بەجێبهێڵێت، بەڵام ئایا ئەم كارە دەگاتە پێكدادانی سەربازی لەگەڵ ئێراندا، لە كاتێكدا لەسەر ڕێگای دەرچوونە لە كۆشكی سپی؟

جوڵەی گوماناوی دژی ئێران بەدی دەكرێت:

پنتاگۆن لەچەند رۆژی رابردوودا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی بەجوڵە كردووە، كە ئەمەش ڕوونە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێكی ئێرانە كە بیەوێت لە ساڵیادی كوشتنی قاسمی سولەیمانیدا،تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوە و هێزەكانی ئەمریكا بە ئامانج بگرێت،بەڵام ئەم جوڵەیەی ئەمریكا لەوەیە تەنها بۆ خۆپارێزی و بەرگری نەبێت،چونكە بەپێی میدیای ئیسرائیلی، هەریەكە لە ئیسرائیل و سعودیە داوایان لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردووە، پێش رۆیشتنی چەند پێگەیەكی ئێران بۆردومان بكات،ئەمەش وای كردووە كە پێشبینی بكرێت كە ترامپ گەورەترین كاری چاوەڕوان نەكراو پێش ڕۆیشتنی ئەنجام بدات، لەوەشە كارەكەی زۆر كارەساتبار بێت.

محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی پێنج شەممە 31ی دێسەمبەری 2020، ترامپ تۆمەتبار كرد، بەوەی بەدوای بیانوییەكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی جەنگێك هەڵگیرسێنێت،ئەم وتانەی زەریف لە كاتێكدایە كە ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە ،هەروەها ترامپیش پێش رۆیشتنی سەركێشیەكی گەورە ئەنجام بدات.

جەواد زەریف لە تویتێكیدا دەڵێت:" لەبری ئەوەی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، ڕوبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە، ملیارەها دۆلار بۆ هاویشتنی موشەكی بی-52 خەرج دەكات و كەشتی لە ناوچەكانمان بڵاو دەكاتەوە".


ئاماژە بەوەش دەكات، كە " زانیارییە عیراقیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە پیلانگێڕییەك هەیە بۆ دروستكردنی بیانوییەك بۆ هەڵگیرسانی جەنگێك".

هاوكات، كەناڵی NBCی ئەمریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكا رۆژی هەینی (1ی كانوونی دووەمی 2021) بڵاوی كردەوە كە " ئاماژەكان زیادیان كردووە، بەوەی كە ئێران پلان بۆ هێرش كردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت".

،،

بەرپرسێكی دیكەی ئەمریكاش بە كەناڵی "CNN"ی راگەیاند، كە " هێزە دەریاییەكانی ئێران لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا تەواو كەوتونەتە ئامادەباشیەوە،بەڵام دیار نیە كە ئەو جوڵەیەی ئێران بۆ بەرگری كردنە یان ئاماژەیە بۆ هێرشێك دژی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا".

لەسەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە، پنتاگۆن 2000 سەربازی زیادەی لە ناوچەكەدا بڵاو كردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی سێ جار فرۆكەی لە جۆری B52 ڕەوانەی كەنداوی عەرەبی كردووە،هەروەها كەشتی فرۆكە هەڵگری " نیمیتز" هەر لە نزیك ئێران هێڵدراوەتەوە، هاوكات ئەمریكا ئاشكرای كرد كە ژێر دەریایی ڕەوانەی ناوچە ئاوییەكانی نزیك لە ئێرانی كردووە، كە موشەكی تۆماهۆك دەهاوێژێت، سەرباری هەموو ئەو جوڵانەی ئەمریكا، ئیسرائیلیش لەم چەند رۆژەی رابردوودا ژێر دەریاییەكی ڕەوانەی كەنداوی عەرەبی كردووە كە ئامادەی هەڵدانی كڵاوەی ئەتۆمیە.


لەڕووی لایەنی فەرمیەوە، هەموو ئەو جوڵانە بۆ ئەوەیە كە وەڵامی هەر هێرشێكی ئێران بدرێتەوە، ژەنراڵ ماركنزی لە هێزە دەریاییەكانی كینیس" فرانك" بە رۆژنامەی "The Washington Post"ی راگەیاند كە" ئەمریكا گەیشتە ئەو باوەڕەی كە هێزی شەڕكەر لە ناوچەكە بڵاو بكاتەوە، بۆ وەڵامدانەوەی هەر دوژمنكارییەكی چاوەڕوان نەكراو".


وتیشی:" ئێمە ئامادەین و لە تواناماندا هەیە وەڵامی هەر كارێكی دوژمنكارانە بدەینەوە كە دژی ئەمریكا یان بەرژەوەندییەكانی ئەنجام بدرێت".

ئێران بە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ: نامانەوێت جەژنەكە بۆ ئەمریكیەكان بكەینە پرسە:

حسێن دهقان راوێژكاری سەربازی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوەی هەڕەشەی راستەوخۆ لە ئەمریكیەكان لە تویتێكیدا رایگەیاند، كە " موشەكەكانی ئێران دەگاتە هەموو بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا".
دەشڵێت:" ئامۆژگاری ئەو پیاوە دەكەین كە لەكۆشكی سپی دەركراوە، ساڵی نوێی زاینی بۆ ئەمریكیەكان نەكات پرسە"،دووپاتیشی دەكاتەوە كە" ئەمریكیەكان لەترسی تۆڵەی ئێران لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، وەك هەنگاوێكی نمایشكاری فرۆكەی بی 52 یان ڕەوانەی ئاسمانی كەنداو كردووە".


ئایا پێش 20ی كانوونی دووەم جەنگ ڕوودەدات؟
تریتا بارسی شارەزا لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران، كە چەندین خەڵاتی وەرگرتووە،ئاماژە بەوە دەكات، دوور نیە كە تاران ئەو جوڵەیەی ئەمریكا بە هەرەشە و سوكایەتی نەزانێت.
بارسی لە شیكاریەكیدا كە لە ماڵپەری "Responsible Statecraft"ی ئەمریكی راگەیاند، ئەوەی ترسی هەڵگیرسانی جەنگێك زیاد دەكات، ئەوەیە كە ئیدارەی ترامپ ڕێگای بە ستافی بایدن نادەن لەگەڵ ئاژانسەكانی هەواڵگری بەرگری كۆببنەوە، ئەم كارەش تەنها لای ستافی بایدن گومانی دروست نەكردووە، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش جێگای سەرسوڕمانە.

لەلایەكی دیكەوە، توبیاس ئیلود، جێگری سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی گشتی، لە تویتێكیدا پێشبینی دەكات، كە ترامپ بە نیازە پێش 20ی ئەم مانگە دوو كاری زۆر گرنگ ئەنجام بدات، بۆیەڕێگا نادات ستافی بایدن لەگەڵ ئاژانسەكانی هەواڵگری كۆببنەوە.
ئەوەی كارەكەی خراپتر كردووە، ئەوەیە كە ترامپ لەبری ئەوەی بیەوێت وەڵامی هێرشی ئێران بداتەوە، خۆی ڕێگا بۆ هێرش كردن ئاسان بكات،چونكە گەورە بەرپرسێكی بەرگری ئەمریكا بۆ تۆڕی "CNN" ئاماژە بەوە دەكات كە " هیچ زانیارییەكی هەواڵگری نیە كە پشتگیری ئەو بۆچوونە بكات، كە هێرشی ئێران زۆر نزیكە".

پاڵنەرەكانی ترامپ لەم سەركێشیەیدا چیە؟

1. لەوەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە لە پێشبینیەكانی بەرامبەر بە ئێران بە هەڵەدا چووبێت،چونكە سیاسەتەكانی بەرامبەر بە ئێران بە شكستخواردوو ناوزەند دەكرێت، هیچ نیشانەیەك بەدی ناكرێت، كە لە هەڵەكانی رابردووی فێر بووبێت.
2. ترامپ بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگۆڕێت، ئامادەیە هەموو كارێك بكات ، تەنانەت كار بگاتە ئەوەی داوای " حوكمی عورفی" بكات، ئەمەش لەلایەن چەندین ژەنەراڵی خانەنشینەوە پشت ڕاست كراوەتەوە.
بۆیە ئەم سێ هەفتەیەی كە لە ماوەی ترامپدا ماوەتە مەترسیدارە، بەتایبەت كە ترامپ كەسایەتیەكی هەیە، هیچ كەسێك ناتوانێ پێشبینی كردەوەكانی بكات،ئێستاش كە لەسەر ئاستی ئەمریكا و دەرەوەش شكستی هێناوە، مەترسیەكان زیاتر دەبن.