تڕەمپ وازناهێنێت!

2021-01-04

کـــارۆخ خۆشناو

هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا (پڕ کێشەترین و پڕ سکاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەمریکادا، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەک، هەروەها هەڵسوکەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەکانی (تڕەمپ) لەلایەکی تر.

پڕۆسەی هەڵبژردنی سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێک کەوا لە سەرەتای پڕۆسەکەوە تا کۆتایی پڕۆسەکە نزیکەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستوری ئەمریکا هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکەی بە ڕوونی ڕەنگ ڕێژکردووە، هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵکی ئەمریکا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا کۆتای پڕۆسەکە و سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو.

ئەگەرچی (دۆناڵد تڕمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ڕابردوو شکستی هێنا، بەڵام تاکو ئێستا ئامادە نەبووە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بکات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزبایکردن و دان بەشکستنانە ئەرکێکی یاسایی نیە لە ئەستۆی تڕەمپ، بەڵام عورفێکی دیموکراسی لەمێژینەی ئەمریکا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی ڕابردوودا تڕەمپ لە کۆشکی ڕایگەیاند "ئەگەر دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەکات و کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵێت"

دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (2020/11/3) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە هەڵبژێردران، دواتر لە ڕۆژی دووشەممە (2020/12/14) دەستەی هەڵبژاردنی ولایەتەکان کۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا (دۆناڵد تڕەمپ) توانی تەنها (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا هەڵبژارد و (دۆناڵد تڕەمپ)یش دوای ڕەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سکاڵاکان و هەوڵ و کۆششەکانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دوا هەوڵی تڕەمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەک لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی کرد ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) بڕژێنە سەر شەقامەکان، بۆچی چوارشەممە؟

چونکە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە ڕێگای کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندکردنی (دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی ڕاگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان و ناساندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.

ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕوون و ئاشکران، بەڵام بە گوێرەی مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە دواهەمین هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (2021/1/20) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتیە لە ڕێوڕەسمێکی شایستە (Inauguration Day) کە تیایدا سەرۆکی هەڵبژێردراو (جۆ بایدن) لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەکان لە (دۆناڵد تڕەمپ) وەردەگرێت.

دیموکراسیەتی ئەمریکا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت، چونکە دۆناڵد تڕەمپ تاکو ئێستا ئامادە نیە دەسەڵاتەکانی ڕادەست بکات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری (11) سیناتۆر فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت، وەک ئەو فشارەی کە لە ڕۆژی شەممە (لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی یەک سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ولایەتی جۆرجیای کرد، دوێنێش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پەیوەندیەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی کۆمارین و سەر بە پارتەکەی تڕەمپن) بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری تڕەمپ، لەبەر ئەوە تڕەمپ نا ئومێد بووە و تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئەمریکایە بەمەبەستی کۆسپ دروستکردن بۆ پڕۆسەی دەستبەکاربوونی (بایدن) و ڕادەستنەکردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوکەتەشی تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا (جیاواز لە 44 سەرۆکەکەی پێش خۆی) کە ئامادە نیە واز لە کورسی کۆشکی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بێت، بەم شێوەیە تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە عەقڵیەتێکی هاوشێوەی سەرۆکە ڕۆژهەڵاتیەکان بیربکاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا کۆتایی ڕۆژەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستور و (پتەوی) ڕەگ و ڕیشەی دام و دەزگاکانی ئەمریکا، ڕێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاکڕەویەکانی تڕەمپ.

بەهۆی سەرکێشیەکانی تڕەمپ (کۆماریەکان) جگە لە دۆڕاندنی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پڕۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ولایەتی جۆرجیاش دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموکراتەکان دەبنە براوەی کورسی کۆشکی سپی و هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران).

٭ کـــارۆخ خۆشناو
سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-ٚکوردی)