کەی هەمووشتێک چاک دەبێت؟

2021-01-05

ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

لێرەو لەوێ تەوژم و وتاری حەماسیی و گەرم ئەمڕۆ تەرویجێکی زۆریان پێدەدرێت لەسەر جەمسەرگیریی و کەمینگرتن لەوانی دیکە لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژیی و دینیی و نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی و چەپپ بوون و لائیکییەت، تێیدا قەزاوەتی ئینسان بەو میعیارە نا تەندروستانە دەکرێت و هەر بەو میتۆدە ستۆک بیێ ئەرزشانەش ئینسانی کورد بە گرێگەلێکی سایکۆلۆجیی قانگ و دەدرێت لە مەنگەنەی دۆگمایی و چەقبەستویی دەدرێت.

لەدوای هاتنە سەرکاری پارتی دادو گەشەپێدان لەتورکیا و بەدیاریکراویش لەدوای ساڵانی ۲۰۱٥ و ئاشکرابوونی دزیی و جەردەییەکانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، تایب ئاردۆگان بە وردی کاری لەسەر دابەش کردنی تورکیا کرد بۆ بەرەی موحافیزکار و "کافر"ٚ چەپ. پیاوە حەکیمەکانی وڵات مانەندی عەلی بوڵاچ و ئەحمەد ئاڵتان و نازڵی ئیلیجاک و دەمیرتاش و مومتازتورکۆنە و سەدانی عەقڵی گەورەی دیکە هەموویان زیندانیی کران و بە تیرۆرست ناسێندران، بوارێک بۆ حیکمەت و دەنگی لۆژیک نەهێڵدرایەوە، کۆمەڵگاش لە نەبوونی ئەو حەکیمانەدا بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوو، بەرەی کۆنزەرڤاتیڤ و بەرەی دژە دین. ئێستا لەو وڵاتەدا وەجاخێکی ئارام نەماوە بە هێواشیی بگڕێت و دوو مرۆڤی تورکزمان یا کورد بتوانن دایەلۆگی هاوبەش دروستبکەن لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی بیرکردنەوەیان.ئەوەی هەیە شەڕەقۆچی قەوچیی و دینچیی و ئاتاتورکچیی زیاتر نییە، ئەم کائۆسەش بە قازانجی ئاشەکەی ئاردۆگان و سامانی ماڵباتەکەی کۆتایی هاتووە.

لەکوردستان هەمان شت بە جۆرێکی دیکە سەر ڕێ دەخرێت، بەرەییەک دروست بووە بەناوی بەرەی کوردایەتیی تەخوینی هەموو ئەوانە دەکات کە نیشانەی پرسیار لەسەر حوکمڕانی کوردی دروست دەکەن و بە "جاش" ناویان دەهێنێت. ئەمانە کەسایەتی ئینسانیان چۆڵەپێچەنی کۆمەڵێک موهاتەرات و تاق و تۆقی شەست ساڵ بەر لەئێستاداوە هەر لەو پەنجەرە لێڵ و زیرگاویەشەوە ئینانی کورد دەخوێننەوە و حیسابی لێدەبەن. ئەمە جگە لەو هەموو دابەش بوون و جەمسەرگیرییانەی کە ئیسلامیستەکانی کوردستان لەسەر تۆخکردنەوەی جیاوازییەکان و بێگانەکردنی ئەویتر ڕۆژ تا ئێوارە ئەنجامی دەدەن و دەیان هەزار کەس چەپڵەیان بۆ لێدەدات و لەبەرامبەریشدا شەکرۆکەکانی عەلمانییەت "لائیسیتی و سیکۆلار" بە ئاسانی فەلەتەکانیان دەگرن و دەیکەنە قاوقیژێکی ناساز بۆ دەخەزارتر کردنی کەسایەتی تاکی کورد.

کەسایەتی ئینسان شتێکە نابێت گرێدراوی هیچ شتێکی دیکەبێت لەودیو شکۆمەندیی و کەرامەتەوە. کەسایەتی تاکی کورد دەبێت لەسەر بنەما یونیڤێرساڵەکە دابمەزرێت کە کەرامەتە" ولقد کرمنا بنی ادم". هابرماس دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 1946 کە بنەماکانی مافی مرۆڤیان دادەنا دەیان عەقڵی گەورەی فەلسەفییان بەگیر هێنابوو کە داخۆ دەبێت چ شتێک بکرێتە سەنتەری نووسینی بنەماکانی مافی مرۆڤ، نەگەیشننە نەتیجە. دکتۆر سروش لە وەڵامی هابرماسدا دەڵێت کەرامەت ئەو شتەبوو کە دەبوو بکرایەتە چەق و مەرجەعی بنەمای ماف و ئازدییەکان و تێرترین و ساچیورەیتترین چەق و سەنتەریش دەبوو بۆی.

غەزالی دەڵێت کـەسایەتی بوتێکی وەهمیە ئەوانی دیکە بۆتی دروست دەکەن و هەر کـات ویستیان لێبێت تێکیدەشکێنن.
نە خو و عادەتەکان، نە حەرام و حەڵاڵە دینیی و کۆمەڵایەتیەکان، نە بۆچوونە سیاسی و مەزهەبیی و دینیی و ئایدۆلۆژییەکان ناکەنە ئەوەی ئینسانێکی پێ بخوێندرێتەوە، ئەوەی دەبێت بە نەزەری ئیعتیبار بە سەنتەر وەربگیرێت کەرامەتی ئینسانییە، کە ئەوە نەکرا بەسەنتەر لە ئیسلامدا قاعیدە و داعش، لە مەسیحیەتدا پرۆتستانت و کاتۆلیکەکان، لە یەهودییەتدا زایۆنیزم، لە دەوڵەت و ئەنزیمە سیکۆلارەکاندا لائیکییەتی فەرەنساکەی ماکرۆن و لە فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کوشت و بڕ لەسەر قۆچی بزن و مانگا دروست دەبێت.