گۆڕینى کەسەکان یان شەفافیەتى نەوت و کۆتایى هێنان بە ناڕونى داهاتەکەى؟

2021-01-05

دابان محەمەد

_پەرلەمانى کوردستان ناتوانێت بچوکترین ڕۆڵى لە پرسى نەوتدا هەبێت(( هەشى بێت نەگوێى لێدەگیرێت، نەکارى پێدەکرێت))
بەدرێژایى ساڵێک و چەند مانگێک خودى سەرۆکى حکومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى دۆسیەى نەوت و وەزارەتەکەى کرد! کە کەسى دوەمى ناو حزبەکەى و کەسى یەکەمى حکومەت و حزبەکەشى هێزى یەکەمى سەرۆکایەتى هەرێم و پەرمان و حکومەتن! چ لە گۆڕێ بو! جگە لەوەى زیاد لە جارێک ئەوەى بەسەر خەڵک و کابینەکەیدا دێت، خستیە گەردنى ئەوانەى پێش خۆى! لەمانگى 2 و 3 ش، بە تکا و رجا، چەند کۆمپانیایەک قایلکرا، شایستەکانیان بۆ یەک یان دوو مانگ دوابخەن، ئێستا بۆ مۆڵى وەریدەگرنەوە.


هەرێمى کوردستان خاوەنى نەوتى خۆى نیە، بەپلەى یەکەم تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بڕیارى کۆتایى لەسەر چارەنوسى نەوتى هەرێم دەدەن، بۆ هەر دانوستانێکى نێوان هەرێم و بەغداد، سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت ڕاستەوخۆ سەردانى ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ دەکەن، جگەلەوەى لە پەنجەکانى دەست تێناپەڕن ئەوانەى ئاگادارى ڕێککەوتنى 50 ساڵەن.


پەرلەمانى کوردستان ناتوانێت بچوکترین ڕۆڵى لە پرسى نەوتدا هەبێت(( هەشى بێت نەگوێى لێدەگیرێت، نەکارى پێدەکرێت))، شتێک نەماوە بەناوى ئەنجومەنى هەرێمى نەوت و گاز، سندوقى داهاتە نەوتى و گازییەکان بەرکار ناکرێت لەکاتێکدا 6 ساڵە یاساکەى لەپەرلەمان دەرچوە و بەرکەوتەى بزوتنەوەى گۆڕانە.
لانى کەمى چارەسەر، دەبێت مەلەفى نەوت و گازى هەرێم بە دامەزراوەیى و بەنیشتمانى بکرێت، دەسەلاتێک لەسەرو بەرژەوەندى حزبى و شەخسى، پرۆسەى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت و گاز شەفاف بکات و کۆتایى بهێنێت بە ناڕونى داهاتەکەى.