داهاتووی حەشدی شەعبی دوای سزاكانی ئەمریكا چی لێدێت؟

2021-01-11

لەژێر ناونیشانی " سزادانی پێشێلكارانی مافی مرۆڤ و بڵاوكەرەوانی گەندەڵی"، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عیراق سەپاند،هەروەها ڕاستەوخۆ تۆمەتباری كرد بەوەی سەرپەرشتی سەركوتكردن و كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019ی كردووە.


لە دوای ڕوخانی رژێمی بەعس لە ساڵی "2003" ەوە ئەوە یەكەمجار ە بەو قەبارەیە، ئەمریكا سزا بەسەر كەسایەتی حكومی عیراقیدا دەسەپێنێت،بەمەش عیراق دەخاتە بەردەم ئاڵانگارییەكی گەورە، هەروەها چاودێران پێیان وایە كە ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لەوەیە درێژەی هەبێت و سەركردەی دیكەش بگرێتەوە، لە كۆتایشدا عیراق لە جیهان دادەبڕێت و توشی سزای هەمەجۆری دەكاتەوە، ئەم سزایانەش بەهۆی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە دەبێت، كە عیراق باجی سەركێشیەكانیان دەدات.


" شانەی قەیرانەكان" و كوشتنی خۆپیشاندەران:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات، كە فەیاز ئەندامی " شانەی قەیرانەكان" بووە، كە حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی " فەیلەقی قودس"ی سوپای پاسداران دایمەزراندووە.
لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2019 و رۆژانی دواتر، نزیكەی 800 خۆپیشاندەر كوژران، هەروەها دەیان هەزار خۆپیشاندەری دیكەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی پرۆسەیەكی ڕێكخراوی كوشتن " تیرۆر"ی چالاكوانانی دیاری خۆپیشاندانەكان بەڕێوەچوو.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دوپاتی دەكاتەوە، كە چەكدارانی حەشدی شەعبی چەندین چالاكوان و سیاسی عیراقیان كوشتوە، بەتایبەت ئەو كەسانەی كە پشتگیریان لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك دەكرد و داوای رێز گرتن لە مافەكانی مرۆڤ و حكومەتێكی پاكیان دەكرد.
ستیڤن منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:"لە چوارچێوەی كوشتنی خۆپیشاندەرانی عیراقی و كەشانی سڤیل و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندەران، چەكداران و سیاسیەكانی هاوپەیمانانی ئێران،وەك فالح فەیاز، هەڵمەتێكی توندوتیژیان دژی دیموكراتی عیراق و كۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجامدا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لێپێچینەوە لە پێشێلكارانی مافی مرۆڤ لە عیراق دەكات، ئەوانەی كە ئامانجیانە گەلی عیراق لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گەیشتن بە دادپەروەری بێ بەش بكەن".

لێدوانەكانی فەیاز لە كاتی خۆپیشاندانەكان:
لە 2ی ئۆكتۆبەری 2019، كە لە عیراق خۆپیشاندەران سەركوت دەكران و دەكوژران، فالح فەیاز سەردانی واشنتی پایتەختی ئەمریكای كرد و چاوی بە چەند بەرپرسێكی ئەمریكی كەوت، لەسەروی هەموویانەوە وەزیری بەرگری ئەمریكا،بەڵام دواتر و لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەردا، لێدوانی دژی خۆپیشاندەران دا و هەڕەشەی " سزای" دژی ئەو كەسانە كرد كە بە وتەی خۆی" پیلانگێڕن" و تێكەڵی خۆپیشاندەران بوون و ئاراستەیان دەكەن.
فەیاز ئەو كات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" سزایەكی توندی ئەو كەسانە دەدەین، كە خراپیان بۆ وڵات دەوێت،ناكرێت لەو كەسانە خۆش بین كە بیریان چۆتەوە كە وڵات بەهێزە، وەڵاممان درێژ و روون و دیاری كراو دەبێت،بەڵام لە چوار چێوەی دەوڵەت و ئامرازەكانیدا(...)، چاودێریتان دەكەین و سزاتان دەدەین، ڕێگە بەهیچ كەسێك نادەین، خوێنی ڕۆڵەكانمان بە فیڕۆ بدات و ئەزمونی دیوكراتیمان بشێوێنێت".
ئەو لێدوانە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵمەتێكی توندی كوشتن و سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و تەقە لێكردنیان،كە بووە هۆی كوشتنی زیاتر لە سەد خۆپیشاندەر و برینداربوونی هەزارانی دیكە.
فەیاز لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پۆستی ئەمنی وەرگرتوە وەك، راوێژكاری ئاسایشی نەتوەیی و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی،لەو پۆستانەدا بەردەوام بوو تا مانگی تەموزی 2020، بە هاتنی مستەفا كازمی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، لەو پۆستانە بەخشرا و تەنها وەك سەرۆكی دەستەی حەشد مایەوە.

سزاكان ئاڵانگارییەكی گەورەیە لەبەردەم حەشدا:
ئەو سزایەی ئەمریكا گۆڕانێكی گەورەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی حەشدی شەعبی دەبێت،لەگەڵ چۆنیەتی بەردەوام بوونی ئەو دەستەیە كە بۆتە باس و خواسێكی زۆر، بەتایبەت كە چەندین كەسایەتی نزیك لە ئێران ئێستا لە سەنتەری بڕیاری حەشدان، بەشێوەیەك هەندێكیان وەك دەوڵەت و سوپایەكی جیاواز مامەڵە دەكەن، هەرچەندە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانن، كە سەرۆك وەزیرانە.
ئەحمەد شەریفی چاودێری سیاسی دەڵێت:" ئەو سزایانە كازمی دەخاتە بەردەم ئاڵانگاریەكی گەورەوە،چونكە ئەو بڕیارە بەئیلزامی لە مەیدانی سیاسی عیراق دادەنرێت،چونكە واشنتن بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و بریارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش هێشتا چاودێری پرۆژەی سیاسیە لە عیراق".
دەشڵێت:"لە داهاتوودا كازمی لەبەردەم دوو ڕێگادا دەبێت، یەكەمیان ئەوەیە لەگەڵ فەیازدا دەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە كە عیراق ڕووبەڕووی گەمارۆدان دەبێتەوە، یان دەبێت سەركردەكانی حەشد بگۆڕێت، چونكە حەشد لەژێر فەمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندایە".
شەریفی بە دووری دەوانێت كە كازمی سەركردەكانی ئێستا بگۆڕێت، چونكە هێشتا ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای پشك پشكێنە دابەش كراون و لەژێر دەستی ئێراندان، بۆیە دوورە كازمی بڕیارێكی وەها دەربكات".

لێدانێكی نوێیە:
ئەم سزایەی ئەمریكا بە لێدانێكی نوێ لە دژی سەركردەكانی نزیك لە ئێران دادەنرێت، چونكە ئێستا واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە بەجۆرێكی نوێ لە سەركردەكانی حەشد بدات و بیانخاتە لیستی سزاكانەوە، لەناویشیاندا فەیاز.
شەریفی لەو بارەیەوە دەڵێت:" قۆناغەكانی داهاتوو چەندین سزا دژی سەركردەكانی حەشد بە خۆیەوە دەبینێت، هەروەها سزادانی كەسایەتیەكانیش پەیامێكە بۆ ئەوانی دیكە، كە ئەگەر بێت و پابەند نەبن، ئەوا ئەوانیش سزا دەدرێن".

سەركردەكانی حەشد بەهاتنی بایدن گەشبینن:
سەركردەكانی حەشد و نزیك لەئێران گەشبینی خۆیان بە هاتنی بایدن ناشارنەوە، كە وا بریارە لە 20ی ئەم مانگەدا بە فەرمی پۆستی سەرۆكی ئەمریكا وەربگرێت، چونكە ئەو سەركردانە پێیان وایە بە هاتنی بایدن سیاسەتی ئیدارەی واشنت بەرامبەر بە گروپەكان گۆرانی بەسەردا دێت، بەشێوەیەك دەبێت لە بەرژەوەندی ئەواندا دەبێت.
حسێن پێی وایە" تاوەكو 20 مانگ چەندین كەسایەتی دیكەش دەخرێنە لیستی سزاكانەوە".

كاردانەوەی فەرمی:
تاكو ئێستا لەسەر ئاستی فەرمیدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق هیچ لێدوان و كاردانەوەیەكی نەبووە،تەنها ئەوە نەبێت كە وەزارەتی دەرەوەی عیراق سەرسوڕمانی خۆی لە بریارەكە دەربڕیوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو تۆمەتانەی نەكردووە، كە ئاراستەی فەیاز كراون.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكیدا دەڵێت:" ئەو بریارەی كە لە گەنجینەی ئەمریكاوە دژی فالح فەیاز دەركراوە، سوپرایزێكی قبوڵ نەكراوە".
دووپاتیشی دەكاتەوە كە" وەزارەت بە وردی لەگەڵ ئیدارەی ئێستا و نوێی ئەمریكا چاودێری ئەو بریارانە دەكات، كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دژی سەركردەكانی عیراق دەریدەكات، هەروەها كار بۆ ئەوە دەكرێت لێكەوتەكانی چارەسەر بكرێت".