ناجۆرییەتی حوكمڕانیی هەرێم و ترسناكی دەسەڵاتگەری

2021-01-15

سیروان حەمەڕەشید


بەپێی پێوەرە نێوەدەوڵەتی و ستانداری جیهانی پرۆسەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان ناچێتە چوارچێوەی هیچكام لە سیستمە سەرەكییەكانی جیهانی، ڕوونتر بلێین ئەم چەشنە لە حوكمڕانیی بۆ نزیكەی سێ دەییەی لەكوردستاندا هەیە زۆر دەگمەن و ناوازەییە هیچ جۆرە لەڕەگەز و بنەما و تایبەتمەندییەكانی سیستمەكانی حوكمڕانی تێدا نابینیتەوە، بەواتایەك ئەم مۆدێلە بەسیستمی سیاسی هاوچەرخ نامۆییە و زیاتر فۆرێكی ناسروشتی و نادروستی هەیە.


ئەگەر سەرەنج لەپێكهاتە تەقلیدیە حوكمڕانیی هەرێم بدەین دەبینن ڕۆڵ و پێگەی زۆر پەراوێزیە و عەقڵ و هەژموون و حزب و خێزانگەری دەستی گرتووە بەسەر كۆی دامەزراوەباڵاكاندا (پەرلەمانێكی ناچالاك و بێ‌ دەسەڵات .. حكومەتێكی فاسد و لاواز و بێ پلان... دەسەڵاتێ دادوەری كارتۆنی و بێ ئەرزش)
كاتێكێش پرۆسەی حوكمڕانی بەدەر دەبێت لەبازنەی سیستمی سیاسیەوە ، ژیانی بەرێوەبردن و ململانێكانیش بەئاڕاستەی دۆخێكی مەترسێدار و پەل وپۆ دەهاوێت و ناسەقامگیری و ئاڵۆزی سیاسی و فەواز و بێ‌ سەروبەرەی و تێكچوونی هاوسەنگی هێزەكان و ئاسایشی نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی و بڵابوونەوەی نەخۆشیە كوشندەكانی جەستە و هەناوی حوكمڕانی دەگرێتەوە، وەكو( تاڵانی سەروەتی نیشتیمانی, گەندەڵی ڕادەبەدەر، سەرهەڵدانی گرووپەگەلی مافیاگەر و بڵاوكردنەوەی نەزعەی فاشیزمی سیاسی و خۆسەپاندن و برسیكردنی هاووڵاتی و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و بێكاری و بەرتەسككردنەوەی مەودای ئازادییەكان و قوڵكردنەوەی قەیرانە زۆرەكان و نەبوونی ئیرادە و توانای چارەسەر و كوشتنی خەون و هیوای دەوڵەتداری و دەمەزراندنی حوكمڕانێكی رەشید و هاووڵاتیبوون...


ڕوونە مەترسی ئەم ناجۆرییە لە حوكمڕانی كۆمەڵكە دەخاتە بەردەم دوو بژاردەوە:
بژاردەی یەكەم/ بریتیە لە ملدان و ڕازی بوونی میللەت بەناجۆری حوكمڕانی و لەوە كە مافەكانی لەچوارچێوەئەم جۆرە لەحوكمداری پارێزراو نابێت و بەردەوامی بەژیانی بەمێگەلیەتی خۆی بدات

دووەم / بە ڕێگا و میكانزمێك و بیر لە ئایندە و خواستە بنەڕەتییەكانی خۆی بكاتەوە و ئیرادەی ڕەتكردنی ئەو جۆرە لە حوكمڕانی و دەسەڵاتی ستەمگەر و نابەرپرسیار و نامۆڕاڵ هەبێت، وەك شۆڕش و ڕاپەڕینە مەزەنەكانی مێژووی مرۆڤایەتی،
هەڵبەتە ئەوە جێگەی بێ ئومێدییە بژاردەی یەكەم دەستەوەستانە هیچ ئاسۆیەكی ئومێدبەخشی تێدا نابینینەوە و تا ئەم ساتەوەختە دەسەڵات و ناجۆریەتی حوكمڕانی لەهەرێم بەردەوامی بەو فۆڕم سەپاندنی كەڵكەڵەی حوكمداری ستەمگەرییەی خۆی دەدات و تا دێت دەركەوتەی عەقڵیەت و فاشیزمی دەسەڵات بەهێزتر خۆی نیمایش دەكات ..


بەرئەنجامی ئەم مۆدێلە شكستخواردووە هەرێمی كوردستان دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئێجگار مەترسیدار گوزەر دەكات و دیموكراسی و شەرعیەتی دەسەڵات و دامەزراوەكان لەوپەڕی حاڵەتی خراپی و پاشەكەشدایە، دەتوانین بلێین هیچ جۆرە ئاسۆ و ئومێدبەخشی بۆ لانی كەمی ژیانێكی كەرامەتدار بۆ كۆمەڵگەی كوردی نابینینەوە. ڕۆژبەڕۆژ ژیانی هاووڵاتی زەحمەتر و گرانتر ودەبێت ودەسەڵاتیش سەرەڕایی قوماركردن بەچارەنوسی نیشتیمان و قوت و موچەی فەرمانبەرانەوە دەكات و زۆر بێ باكانە كەوتۆتە زەلیلكردنی خەڵك و سەپاندن و زیادكردنی باج وسەرانە وشكاندن و ئەتككردنی شەخسیەت و كەرامەتی هاووڵاتیان.
ئەوەی گرنگە بلێین تا كۆمەڵگە و خەڵك و هێزە كۆمەڵایەتیەكان بێدەنگی و ڕازیبوون بەدەسەڵاتی ستەمگەر و حوكمڕانی ناجۆر قبوڵ بكەن، ئەوسا ئۆباڵی مێژووی دەكەێتە سەر شانی خودی كۆمەڵگە و گرووپە كۆمەڵایەتیەكان دەرئەنجامیش قەیران و مەترسی لەسەر هەرێم زیاتر بەرەو هەڵدرێر و دژوارتر دەچێت و ژیانی هاووڵاتیان لەمە زیاتر وەڕستر و بێ ئومێدتر دەبێت ..