بایدن چاوەڕێ نابێت... لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونیدا چەند بڕیارێكی گرنگ واژۆ دەكات

2021-01-17

جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا، چەند فەرمانێكی جێبەجێ كردنت واژۆ دەكات،ئەمە جگە لەوەی چەند فەرمانێك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپی باری ئابووری دەردەكات.


هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا، جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕاستەوخۆ 12 فەرمان دەردەكات،چونكە بە بۆچوونی بایدن قەیرانەكانی وڵات پێویستیان بە جوڵەی بەپەلە هەیە.


یەكەمین كاری بایدن، بریتی دەبێت لەگەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ ڕێكەوتننامەی پاریس تایبەت بە كەشوهەوا، بە پێچەوانەی ترامپەوە، كە چەندین جار بەڵێنی لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی دابوو.

،،

هەروەها سەرۆكی نوێی ئەمریكا، قەدەغەی گەشتی هاوڵاتیانی دەیان وڵات بۆ ئەمریكا هەڵدەوەشێنێتەوە، كە ترامپ كاتی خۆی ڕێگای لە هاوڵاتیانی چەندین وڵات گرت، كە گەشت بۆ ئەمریكا بكەن،ئەمەش لە كاتی خۆیدا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.


كارێكی دیكەی بایدن، بریتی دەبێت لە دەركردنی ڕێنمایی بۆ بەیەك گەیاندنەوەی ئەو منداڵانەی كە لە سنوری باشور لەگەڵ مەكسیك لە خێزانەكانیان دابڕاون.
بایدن لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی، واژۆ لەسەر فەرمانێك دەكات، كە بەستنی دەمامك لە دامەزراوە فیدراڵیەكان و ئامرازەكانی گواستنەوە، دەكاتە كارێكی ناچاری و دەبێت دەمامك ببەسرێت.


سەرۆكی نوێی ئەمریكا داوا دەكات كوتان بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا خێراتر بكرێت.
جۆبایدن لە ماوەكانی رابردوودا ئاشكرای كرد، كە پلانێكی بە بڕی 1.9 تریلیۆن دۆلار بۆ هاندانی ئابوری هەیە، كە لە ڕێگای پێدانی پارە و هاوكاری و چەندین لایەنی دیكەدا، هەوڵی گەشەپێدانی ئابووری دەدات.


وا بریارە رۆژی 20ی یەنایەری 2021، جۆبایدن وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەست بەكاربێت،كەشی دەستبەكاربوونی بایدن، تەواو جیاواز دەبێت لەسەرۆكەكانی پێشووتری ئەمریكا، چونكە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوە بەسەرچووی ئەمریكا هێشتا دانی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا نەناوە، چاوەڕوانیش ناكرێت كە لە رۆژی دەستبەكاربوونی ئامادە بێت، ئەمە جگە لەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی فراوان بڵاو بۆتەوە و ناتوانرێت ڕێو رەسمی فراوان ئەنجام بدرێت، هەروەها دۆخی ئەمنی واشنتنی پایتەختیش بەهۆی لایەنگرانی ترامپەوە سەقامگیر نیە، هەموو ئەمانە وای كردووە، كە لە كەشێكی جیاواز و ناسەقامگیردا، سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەست بەكاربێت.