تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن...سیناریۆی چاوەڕوان كراوی پێكدادانی كۆمەڵایەتی لە ئەمریكا

2021-01-18

پسپۆڕان دەڵێن ئەو ئاماژە و پۆستانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاو دەكرێنەوە لەسەر دروستبوونی توندوتیژی لەپێش دەستبەكاربوونی بایدن، جێگا نیگەرانی نیە،بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەوەیە كە دوای دەستبەكاربوونی بایدن، جەنگێكی كۆمەڵایەتی هەڵبگیرسێت، چونكە ترامپ لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەمریكای پڕ كردووە لە ناكۆكی و جیاوازی دروست كردن،بۆیە چوار ساڵی داهاتووی ئەمریكا ئاڵۆز دەبێت.


تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، دوای هەڵكوتانە سەر باڵەخانەی كۆنگرێس لە 6ی ئەم مانگەدا و پێش دەستبەكاربوونی جۆبایدن لە 20ی یەنایەردا، سیاسەتی بەكارهێنانی توند كردووە.


كۆمپانیای فەیسبووك لەو بارەیەوە ئاشكرای كرد، كە بەشێوەیەكی كاتی و تا 22ی یەنایەر، سەرجەم ئەو پۆستانە قەدەغە دەكرێن، كە پڕوپاگەندە بۆ چەك و كەرەستەی بەرگری دەكەن.


كۆمپانیاكە دەڵێت:" ئێمە بە كردار هەموو ئەو پڕوپاگەندانەمان قەدەغە كردووە، كە باس لە چەك و كەرەستە و باشكردنی چەك دەكات، وەك بێدەنگ كردنی، هەروەها لەگەڵ ئەمەشدا لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، پاشكۆیەكی چەكیشمان هەر قەدەغە كردووە، وەك مەخزەنی چەك و پەردە و قەڵغانی گوللە".

،،

ئەم ڕێكارانەی فەیسبووك دوای ئەوە دێت، كە ڕەخنەیەكی زۆری لێگیرا، كە چەندین بابەتی پڕوپاگەندە لەسەر كەرەستەی سەربازی و خۆپارێزی و چۆنیەتی بەكارهێنانی چەك و باشكردنی لە تۆڕەكەدا بڵاو كراوەتەوە، كە ئەم پۆستانە هاوكات بوون لەگەڵ هێرش كردنە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ لە واشنتنی پایتەخت.


لەلایەكی دیكەوە، ئاندی ستون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و سیاسەتی فەیسبووك ،لەسەر سیاسەتی نوێی فەیسبووك لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر دەڵێت:"فەیسبووك لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر توندوتیژی و ڕووداوێك،دەست بە گەڕانی ناوەندیدەكات، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی هەر پێشێلكاریەك ، كە لە سیاسەتی تۆڕەكەدا كراوە،ئەم گەڕانە بزوتنەوەی (دزی ڕابگرن)یش دەگرێتەوە، كە پشتگیری لە ترامپ دەكات و سەركەوتنی بایدن بە ناشەرعی دەزانێت".


ئەو بزوتنەوەیە یان كۆمەڵەیە لەسەروبەندی ڕوداوەكانی كۆنگرێس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەركەوتن،بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە نامەیەكیاندا بۆ مارك زوكربێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای فەیسبووك، داوایان كرد كە" گەشە بە سیاسەتی فەیسبووك بدرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی هەمیشەیی ریكلام و پروپاگەندەیی ئەو بەرهەمانە ڕابگیرێت، كە لە بنەڕەتدا بۆ كاری تاكتیكی و شەڕ بەكاردەهێنرێن".


هەر لەسەر ئەو پرسە، شیریل ساندبرگ سەرۆكی چالاكیەكانی فەیسبووك، رەتی كردەوە كە فەیسبووك بەرپرس بێت لەو كارە توندوتیژیانەی رویانداوە، ئەو دەڵێت:"لەو باوەڕەدام ئەو ڕووداوانە كەبەشێوەیەكی گەورە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڕێكخستیان بۆ كراوە،لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە كۆتایی بە كارە ڕەگەزپەرستیەكان بهێنین، كەلە بنەڕەتدا هاوتا نیە لەگەڵ پێودەنگی ئێمەدا".


ساندبرگ لە وتەكانیدا بەهەمان شێوەی پەیوەندییە گشتیەكانی تۆڕەكە دوا، لەلایەك هێزی خۆیانی نیشاندا، كە دەكرێت بەهۆیەوە كۆبوونەوەی گەورەی تێدا ڕێكبخرێت، لەلایەكی دیكەشەوە لە قەبارەی ئەو پرسەی كەم كردەوە.


لەلایەكی دیكەوە، وتەبێژێك بە ناوی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك، ئاشكرای كرد كە" ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە لەكاتی دەستبەكاربوونی بایدن، تاوانی توندوتیژی ئەنجام بدرێت،چونكە هەندێك لە بڵاو كراوەكان داوای هەڵگرتنی چەك دەكەن، هەندێكی دیكەشیان تایبەت بە میلیشیا و گروپی ڕەگەزپەرستی".
ئەو وتەبێژە كە لەبەر باری ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژە بەوەش دەكات، كە هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس كە لایەنگرانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوەبەسەرچووی ئەمریكا ئەنجامیاندا، ڕووداوێك بوو كە هاندانی تێدابوو، كە بووە هۆی ڕێكخستنی گردبوونەوە لەسەرانسەری وڵاتدا.

وتار و پۆستە توندوتیژییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، چەند هەفتەیەك پێش ڕوداوەكانی سەر كاپیتۆڵ بوو، كە كۆمەڵێك راستڕەوی توندرەو بە ئاشكرا پلانیان بۆ هێرش كردن داڕشتبوو.

،، 

پسپۆرانی ئەمریكا دەڵێن:" هیچ نیگەرانیەك لە ئارادا نیە، كە لە كاتی دەستبەكاربوونی جۆبایدن جەنگی ناوخۆیی ڕووبدات، بەڵكو دوای دەستبەكاربوونەكە جێگای نیگەرانیە"، ئەمە لە كاتێكدایە كە چاودێرانی دیكە نیگەرانی ئەوەن، كە هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس خاڵی دەستپێكی توندوتیژییەكان بێت.


ئەورین سیگال، جێگری سەرۆكی سەنتەری توندڕەوی سەر بە رابیتەی ڕووبەڕووبونەوەی سوكایەتی، دەڵێت:"پیلانگێڕی سبەی، ئەمڕۆ بە كردەوە زیادی كردووە"، ئاماژە بەوەش دەكات، كە زۆرینەی خەڵكی لەلایەن ئەو كەسانەوە ستەمیان لێكراوە، كە لە دەسەڵاتدابوون،هەروەها لە كاتی بێدەنگ كردنی دۆناڵد ترامپ، تویتەر بەشێك لە بەرپرسیارێتی بەردەكەوێت لەو كارە توندوتیژیانەی كە لایەنگرانی ترامپ ئەنجامیاندا".


هەرلەو بارەیەوە، ئەدیسۆن هایدن، رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری، لەو باوەڕەدایە كە ئەگەری هێرشی زیاتر وەك لەوەی لە 6ی یەنایەر ڕویدا، ئەگەرێكی لاوازە، هەروەها نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی دەڵێت، چەندین ئاماژەمان لەسەر خۆپیشاندانی چەكداری لەپایتەختی پەنجا ویلایەت بەدەست گەیشتووە،كە پێش دەستبەكاربوونی بایدن بوون.


سیگال دەڵێت:" توندڕەوەكان بە هۆشیارییەوە دەجوڵێنەوە، دەزانن لەژێر چاودێریدان"، دووپاتی دەكاتەوە، كە " پێویست ناكات نیگەران بین لەوەی كە پێش دەستبەكاربوونی جەنگێكی ناوخۆیی ڕووبدات،بەڵكو دەبێت بۆ دوای ئەو رۆژە نیگەران بین".


لە رۆژی 6ی یەنایەری 2021ەوە و دوای هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس لەلایەن لانگرانی ترامپەوە،دۆخی ئەمنی واشنتنی پایتەختی ئەمریكا ئاڵۆز بووە، بۆ ڕێگری لە هەر كارێكی توندوتیژی هەزارەها چەكداری پاسەوانی نیشتیمانیلە پایتەخت بڵاو كراونەتەوە، میدیاكانی ئەمریكاش باس لەوە دەكەن، لە رۆژی دەستبەكاربوونی جۆبایدن زیاتر لە 25 هەزار چەكدار بڵاوەیان پێدەكرێت.