پارتی و شیووعی لە خۆشەویستی عەبدولکەریم قاسمدا کۆک و تەبابوون

2021-01-19

لەتیف هەڵمەت

یەک دوو ساڵێکی پێش ساڵی1958ی زاینیم لەیادە کە هەموو بەیانییەک لە قوتابخانە سروودێک دەخوێنرایەوە بەناونیشانی ــ ملیکنا الحبيب نحرس التاج ــ و
هەموو قوتابێکان زۆر بەسەرگەرمی سروودەکەیان دەگوتەوەو هەندێ لە کتێبەکانی قوتابخانە وێنەی ڕەش و سپی مەلیک فەیسەڵی دووەمی تیادا بوو، هەموومان زۆر بە پیرۆزیی و شکۆمەندییەوە دەمانڕوانیە وێنەکان و دەگوترا مەلیک باوکی گەلی عێراقە.


دوای کودەتای 14 تەمووزی ساڵی 1958، سروودی ملیکنا الحبیب قەدەغەکراو وێنەکانی مەلیک بەقەڵەم لەکتێبەکاندا ڕەش دەکرانەوەو هەر ئەو مامۆستایانەی کەفێری سروودی مەلیکنا الحبیبیان دەکردین دەیانگوت سەردەمی مەلیکایەتی سەردەمی زەبروزەنگ و تاریکی و دەرەبەگایەتی بوو.

شایانی باسە لەسەردەمی مەلیکدا کتێب و دەفتەر و قەڵەم
لەقوتابخانەکاندا بەخۆڕایی دەدران بەقوتابێکان و لەپشووی نێوانی وانەی دووەم و سێیەمیشدا ژەمە خواردنێکی باش
دەدرا بە قوتابێکان، ساڵانەش دەستێ جل و پێڵاویان دەدا
بە قوتابییانی هەژار، بەڵام جلەکان جوان نەبوون کەم قوتابی هەژار لەبەریان دەکرد.
کاتێک لە 14 ی تەمووزی 1958دا سیستەمی مەلیکایەتی گۆڕاو سیستەمی کۆماری لە عێراقدا ڕاگەیەندرا،
ئیتر ناو هەر ناوی عبد الکریم قاسم و عبدالسلام عارف و احمد ساڵح عەبدی و محمد مەهداوی و داود الجنابی بوو.
مەهداوی بەدادگاکەیی و دادگاییکردنی سەرانی سەردەمی مەلیکایەتی ناوی دەرکردبوو.
عبدالکریم قاسم وەکو سەرکردەی کوودەتاکە ناوبانگی لە
هەموویان زیاتر بوو خەڵک وەکو مەلیکی جاران و زۆر زۆر
زیاتریش بە پیرۆزیی و شکۆمەندییەوە ناویان دەبرد.
لە بیرمە بێژەرێکی ڕادیۆی عەرەبی بەغدا کە هەر جارێک
باسی عبدالکریم قاسمی بکردایە دەیگوت زعیمنا الاوحد
الاوحد الاوحد الاوحد الاوحد عبدالکریم‌قاسم.
شایانی باسە ئەو ساڵانە هەندێ گۆرانی کوردی لە ڕادیۆی
عەرەبی بەغداوە بڵاودەکرانەوە وەکو گۆرانێکانی شەماڵ سائیب.

ئیتر ساڵی یەکەم و دووەم هەموو ڕۆژێک ئاهەنگ و خۆشی
دەربڕین بوو بۆ خۆشەویستی عبدالکریم قاسم و سیستەمی
کۆماری لە عێراقدا و پارەی مەلیکی گۆڕا بە پارەی کۆماری ..
کووتاڵ و شتی دیکەی ڕووسی گەیشتنە بازاڕەکانی عێراق و
حزبی شیووعی عێراقی و پارتی بە ئاشکرا ڕۆژنامەی تایبەتی خۆیانیان دەرکرد و بارەگاکانی خۆیانیان زۆر بە ئاشکرا
لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کردەوە.
پارتی ڕۆژنامەی خەباتی دەرکرد، بەڵام نازانم ڕۆژنامەکانی
حزبی شیووعی ناویان چیبوو.
هەر لەو سەردەمەدا هێزی ــ مقاومە شعبی ــ پەیدابوو،
نێر و مێ لەو هێزەدا چەکیان هەڵدەگرت.
هەروەها لە بازاڕدا وێنەی سەرکردەکانی کوودەتای چواردەی تەمووزو وێنەی هەندێ سەرکردەی کورد دەفرۆشران و هەندێکەس بە وێنە فرۆشتن بژێوی ژیانیان دابین دەکرد.

ئێمەی قوتابی سێ و چواری سەرەتاییش دڵخۆش بووین کەوێنەی قەدەمخێری لوڕستانی و جەمیلە بوحەیرەدی کچە شۆڕشگێڕی جەزائیریمان لەگیرفاندا بوو بە عانەیەک کڕیبوومان و لە پشووی نێوانی وانەکاندا سەیرمان دەکردن.

لەو دەمەدا لەکوردستاندا تەنها وتەنها هەر دوو حزب هەبوون، پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیووعی عێراقی.

کوردێکی زۆر زۆر ئەندامی حزبی شیووعی عێراقی بوون و شیووعییەکان دەیانگوت ئیتر سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕووخاوەو دەبێ هەموو کەسێک خانووی تایبەتی خۆی هەبێ و هەر دەوڵەمەندێکیش دووخانوو یان زیاتری هەبێ لێی وەردەگیرێتەوە ودابەشدەکرێ بەسەر ماڵە هەژارەکاندا.

شیووعێکان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ عەبدالکریم قاسم و سیستەمی کۆماری دەردەبڕی و لەو خۆپێشاندانانەدا کە بۆ خۆشەویستی عەبدالکریم قاسم سازیان دەکرد گەلێ درووشمی جۆربەجۆری کوردی و عەرەبییان ڕووماڵدەکرد.
لەوانە ــ
عبدالکریم بۆ پێشەوە
ڕیشەی ئاغا بکێشەوە

کریم .. کریم للامام
دیمقراطیة و سلام

عينی كريم للامام
ديمقراطية و سلام

رف یا حمام علی بغداد
علی العرب والاكراد

رف ياحمام علی موسكو
علی بكین وطوكيو

علی صخرة الوحدة العربية الكردية
يتحطم الاستعمار واذنابه

هەروەها هەندێ جار شیعریشیان دەخوێندەوەو دوو دێڕ شیعرم لەبەرە کە جارێکیان لە ئاهەنگێکیاندا خوێندیانەوە
لەبەردەم چاخانەکەی حەمەفەخە کە لە نهۆمی خوارەوەی ئوتێل نەجیب دا بوو، ئەمە دوو دێڕە شیعرەکەیە:

کۆترێ سپی چووە سەر دارێ بیی
وتی بابژی حزبی شیووعیی

هەروەها شیووعییەکان لەلادێ و ئاواییەکاندا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە عبدالکریم قاسم تۆمبێل بەسەر جووتیاران و خاوەن کێڵگاکاندا دابەشدەکات و ئەگەر ساڵ ساڵی بێ بارانی بوو، عبدالکریم قاسم بارانی دەسکرد دەبارێنێ ... هتد.

ناچێتە خانەی زیادەڕەوییەوە ئەگەر بڵێم ئەوسا لەسەدا حەفتای عێراق و لەسەدا چلی کورد شیووعی بوون.
جێی خۆشیەتی بڵێم لەو ساڵانەدا کورد لە خوارووی عێراق زۆر بەڕێز بوو دەگوترا زۆرجار لە ڕیستۆرانت و چاخانەکاندا پارەی خواردن و چاکانیان دەدرا.

جگە لەوەش کاتێ حکوومەتی عێراقی شەڕی دژی کورد ڕاگەیاند گەلێ لە زانا ئایینییەکانی شیعەی ئەوسەردەمە شەڕکردنیان لەگەڵ کوردا بەفتوا حەرام کردبوو.

هەروەها جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەکو شیووعییەکان لە خۆپێشاندانی خۆشی دەربڕینی خۆیاندا بۆ سیستەمی کۆماری و سەرکردایەتی عبدالکریم قاسم  سروودی ئەی ڕەقیب و ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوەیان بە هەڵپەڕکێ و سەرچۆپی گرتن و شاییلۆغانەوە
دەگوت.
پارتی و شیووعی ئەگەرچی لەناخەوە ناکۆک و ناتەبابوون لەگەڵ یەکدیدا .. بەڵام لە خۆشەویستی عبد الکریم قاسم و سیستەمی کۆماریدا زۆر کۆک و تەبابوون.

لەو ساڵانەدا کەمن لەکفری بووم چاخانەو دووکانەکان  ناونیشان و تایتڵیان پێوەنەبوو هەر بەناوی خاوەنەکانیانەوە دەناسران و تەنها و تەنها قارەمانە دوژمن تۆقێنەکەی کفری احمدی حاجی سەمین لە سەر چاخانە گەورەکەی خۆی کە بەرامبەر ئوتێلەکەی حاجی ڕەئووف بوو بە پیتی گەورە لە
تابلۆیەکی گەورەدا نووسیبووی ــ گازینۆی کوردستان، دواتر گیراو چاخانەکەشی داخراو سەرەنجامیش لەناو سەنگەری کوردایەتیدا گیانی خۆی بە ئازادی نیشتمان بەخشی.

ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکرد و عبدالکریم قاسم بە فڕۆکەی مێکی مۆسکۆ و چەک و دەبابەی مۆسکۆکەوتە وێرانکردنی کوردستان و بەندیخانەکانی عێراق پڕاوپڕ بوون لە ئازادیخوازانی کورد .. و هەروەها شیووعیەکانیش  عبدالکریم قاسم کەسێکی لە خۆبایی بوو باوەڕی بەکەس نەبوو جگە لەخۆی ... کاری باشی هەبوو بەڵام کاری خراپی زۆر زۆرتربوو.

لەساڵی 1963دا کوودەتای ڕەشی هەشتی شوبات لە لایەن بەعسێکانەوە ئەنجام درا و عبدالکریم قاسم و هاوڕێکانی و بەدیان هەزار ئەندامی حزبی شیووعی کوژران و گیران و دەستبەسەرکران و ڕایانکرد بۆشاخ و بۆ دەرەوەی وڵات و سکرتێری لاوانی حزبی شیووعی عێراق ناسراو بەسەلام عادل بەدەستی بەعسێکان سەربڕدرا.


لە 1963 دا پێش شەڕ ڕاوێژکاریی کەوتە نێوان شۆڕشی کورد و ڕژێمی عێراقەوەو زاراوەی ــ لامەرکەزی ــ هاتە ئاراوەو جۆرە کووتاڵێکی جوان و ناسک و ڕیشاڵ زێڕینی ژنان کەوتە ناو بازاڕەکانی کوردستانەوە و لەسلێمانی ناوی لێ نرا ڕیشی مام جەلال .. و ئیتر بەو ناوەوە لە بازاڕەکاندا
ناسرا.


لە ئەنجامدا ڕاوێژکارییەکەی نێوانی کورد و ڕژێمی عێراق نووشوستی هێناو بەغداو شاخ ڕێک نەکەوتن و باس وناوی لامەرکەزی نەما و شەڕ دەستیپێکردەەوە و ئیتر گەلێ لە ئەندامانی ڕاوێژکارانی شۆڕش لەلایەن ڕژێمەوە شەهید کران لەوانەی لەبیرم ماون .. عبدالرحمان نفووس ..
لە ماوەی ئەو یازدە مانگ وچەند ڕۆژەدا کە کوودەتاچیەکانی هەشتی شوبات فەرمانڕەواییانکرد ئەفسەرێکی سوپای عێراق بەناوی زەعیم سدیق دەگوترا خەڵکی موسڵە کەوتە وێرانکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان و بەسەدان کەسی بێتاوانی گوللەباران و زیندەبەچاڵکرد بەتایبەتی لە
سلێمانی و شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری سلێمانی ..
هەر لەو ماوەیەدا لە ناوچەی قاتەکانی کفری بیست و هەشت پێشمەرگەی قارەمان کەوتنە کەمینەوە و هەموویان شەهید
کران و تەرمی هەندێکیان لەلایەن هەندێ حەرەس قەومی ئەوساوە بە تۆمێل ڕاکێشران ...
بەڵام شۆڕش توانی تۆڵە لەو کەسانە بکاتەوە کە تەرمی  شەهیدەکانیان ڕاکێشابوو ... ئەوسا شۆڕش شۆڕش بوو .. نۆکەری نەوت و دۆلار و کورسی و مورسی نەبوو.

لەکەرکووکیش بیست و هەشت قارەمانی کورد لەسێدارە دران و چەند گەڕەکێکی کوردنشین وێرانکران ...

سەیر ئەوەبوو مۆسکۆ و هیچ وڵاتێکی بلۆکی سوور کە ئەودەمە زۆر بەهێز بوون و ئەمەریکاش لێیان دەترسا هیچ
ورتەیەکیان دەربارەی قەلاچۆکردنی شیووعییەکانی عێراق
لەدەم دەر نەهات و تەنها و تەنها کۆماری ــ مەنگۆلیای شەعبی ــ یاداشتێکی توند و تیژی لەو کاتەدا ئاراستەی نەتەوەیەکگرتۆکان کرد .. ئەویش بێ ئەنجام بوو ..
دووبارە شەڕ دەستی پێکردەوە و لەبیرمە هێزێک لەوڵاتی
سووریاوە بە سەرکردایەتی ئەفسەرێکی سووری بەناوی فهد الشاعر گەیشتەعێراق و هێرشی کردەسەر هێزی پێشمەرگە و من لەو دەمەدا ڕادیۆی عەرەبی بەغدام کردبۆوە کە باسی ئەوەی دەکرد فهد الشاعری ئەفسەری سووری چەمی ڕێزانی گرتووە ..
بەڵام ئێمە ئەوەندە ورەمان بەرز بوو گاڵتەمان بەو جۆرە
دەنگ و باسانە دەکرد و دەرئەنجامیش عبدالسلام لە هاوڕێ
بەعسیێکانی هەڵگەڕایەوە و کوودەتای بەسەریاندا کرد و
کەوتە ڕاونان و گرتن و کوشتنی سەرکردایەتی و ئەندامانی
بەعس و حەرەس قەومی کە دڕندەترین جۆری چەکداربوون
لەوسەردەمەی عێراقدا و عبدالسلام عارف ناوی لێ نان ـــ [ الحرس اللاقومي ] و کتێبێکیش دەرچوو دەربارەی هێزی الحرس القومي ناوی لێ نان ــ المنحرفون ــ واتا
بەدڕەوشتەکان ...
لەو کتێبەدا گەلێ کاروکرداری بەدڕەوشتی هیزی حەرەس
قەومی ڕووماڵکرابوو ..
دیسانەوە شەڕ دەستی پێکردەوە و عبدالسلام عارف بەڵێنی
دا کە دوای گەڕانەوەی لەبەسرا هەموو کوردستان بە بانزین
بسووتێنی.
خوای مەزن عبدالسلامی لەڕێی بەسرا لەفڕۆکەکەدا سووتان
و کورد هەر ماو ما و پشت بەخوا هەر دەشمێنێ.
حەزدەکەم لێرەدا شتێک بخەمەڕوو کە نەوڵاتانی زلهێزی
شیووعی ئەوسا کە لە ترۆپکی دەسەڵاتدارێتیدا بوون و نە
وڵاتانی سەرمایەداری هیچیان پشتگیری مافەڕەواکانی
کوردیان نەکردووەو عێراق هەمیشە بەچەکی یەکێتی
سۆڤێتی کوردستانی وێرانکردووە و خۆم شایەتحاڵم‌ کەفڕۆکەی مێک و سیخۆیی و باجەر چۆن کوردستانیان
سووتاندووە و مناڵ و ژن و گوندی بێچەکیان قەلاچۆ
کردووە و لەبیرمە لە کاتی جێبەجێکردنی پیلانی الجزائیر دا فڕۆکەیەکی مێک بوو یا باجەر یازدە منداڵی لە گوندی مەمی خەلان شەهید کرد هەر ئەم تاوانە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین یەکێتی سۆڤێتی پشتگیری عیراقی دەکرد بۆ لەناوبردنی کورد، تەنانەت بەناو ئاشتیخوازێکی وەکو ئەندێرا غاندی
کچی جواهێر لال نەهرۆ کە ساڵانی حەفتاکان سەرۆک وەزیرانی هیندستان بوو بەهەموو هێزێکی خۆیەوە بەچەک و ڕاگەیاندن و لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی لە حەفتاکاندا پشتگیری ڕژێمی عێراقی دەکرد و درێغی لەکورد کوشتن و کوردستان وێرانکردن نەدەکرد.