ئاشتى هه‌ورامى چۆن نه‌وتى كوردستانى خسته‌ چنگى توركیاوه‌

2021-01-23

" ئێمە گەلێكی چوار بۆ پێنج میلیۆن كەسین، لەسەر دەریایەكی نەوت‌و غازی گەورەدا مەلە دەكەین، ئەمە بۆ ئێمە زۆر زۆرەو ناتوانین نەوت بخۆینەوە، وەرن با پێكەوە دەریبهێنین‌و پێكەوە بیفرۆشین".
ئاشتى هه‌ورامى، ئه‌مه‌ى به‌ جەنگیز چاندار، نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسى به‌ناوبانگى توركیا وتووه‌.

جەنگیز چاندار، نووسەرو ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركی، لە كتێبی " شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا"دا، باسلەوە دەكات كە جارێك لە گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ ئەنقەرە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم هاوسەفەری بووەو لەو سەفەرەشدا سەبارەت بە یەدەگی نەوت‌و غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان، زانیاری گرنگی بەو داوەو جارێكى دیكه‌ش له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ئامارى وردو پڕ له‌ زانیارى له‌و باره‌یه‌وه‌ پێداوه‌.
كتێبی" شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا"، گەشتى مێژوویی چل ساڵی "جەنگیز چاندار"ەو ئەو لەم كتێبەدا بیرەوەری‌و دەیدەنی خۆی لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەو كەسایەتییە سیاسی‌و حكومییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و توركیاو كورد دەگێڕێتەوەو لەم میانەیەشدا بیرەوری‌و خۆی لەگەڵ هەریەكە لە " عەبدولحەمید دەروێش، عەبدوڵا گول، توركت ئۆزال، رەجەب تەیب ئەردۆگان، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، داود ئۆغلۆ، نێچیرڤان بارزانی‌و ئاشتی هەورامی"‌و چەند كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسى‌و حكومى ده‌گێڕێته‌وه‌.

جه‌نگیز چاندار، له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسله‌ گفتوگۆیه‌كی نێوان خۆیی‌و عه‌بدوڵا گیول ده‌كات كه‌ باسى له‌ گرنگى نه‌وت‌و سامانى ژێر زه‌وى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌و نووسیوویه‌تى:" عه‌بدوڵا گویل دواى ئه‌وه‌ى بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار، له‌گفتوگۆیه‌كماندا باسى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ پێوویسته‌ توركیا له‌ كورده‌كانى عێراق نزیك ببێته‌وه‌و ده‌یگوت ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى توركیادایه‌و پێوویسته‌ به‌بێ له‌كیسدان‌و به‌فیڕۆدانى كات ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رقه‌رار بكرێت‌و جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ فه‌رمانى پێوویستى داوه".‌


وه‌كو جه‌نگیز چاندار باسیكردووه‌، عه‌بدوڵا گیول باسى ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كانى ژێر زه‌وى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌و وتوویه‌تى، هه‌رێمى كوردستان له‌ ته‌نیشتى ئێمه‌دایه‌و‌ له‌چین‌و كۆریاوه‌ هه‌موو كه‌س هاتوون‌و له‌وێ سه‌رمایه‌ گوزارى ده‌كه‌ن‌و ئێمه‌ش ته‌نها له‌دوره‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین.
چاندار ده‌ڵێت، نه‌وت‌و سامانى ژێر زه‌وى گرنگترین پاڵنه‌رى ڕووكردنى توركیابوون‌ به‌ره‌و كوردستانى عێراق‌و كاتێكیش گوێم له‌ عه‌بدوڵا گیول ده‌گرت، قسه‌كانى ئاشتى هه‌ورامی وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى كوردستانى عێراقم بیر كه‌وته‌وه كه‌ له‌ گه‌شتێكى ڕێگاى هه‌ولێر – ئه‌نقه‌ره‌دا پێیووتم.
چاندار، باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاشتی هەورامی لە ڕێگای هەولێر- ئەنقەرەدا سەبارەت بە یەدەگی نەوت‌و غازی سروشتی كوردستانی عێراق زانیاری وردی پێداوه‌و باسیلەوەكردووه‌ كە سەرچاوەكانی نەوتی كوردستان هێندە زۆرن كە پێوویستیان بە بەیەدەگی نەوتی كەركووك نابێت.
نووسەری " شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا" باسیله‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئاشتى هه‌ورامى پێیووتووه‌، ئەوكەسانەی زووتر لە كوردستان سەرمایە گوزاری دەكەن دەتوانن بۆ داهاتوو دەرفەتێكی ستراتیژی بخەنە دەستی خۆیان‌و سوودی لێوەرگرن.


وه‌كو جەنگیز چاندار ئاماژه‌ى پێداوه‌، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، هیوای خواستووە كە توركیا هاوبەشی هەرێمی كوردستان بكات لە دەرهێنان‌و پاڵاوتن‌و فرۆشتنی نەوتداو، پێیشیوتووە توركیا دراوسێ‌و گەلێكی برای ئێمەیەو ئێوە شایانی ئەوەن كە پێكەوە لەگەڵماندا نەوتی كوردستان بفرۆشین.

" پەندێكی پێشینانی ئینگلیز هەیە دەڵێت كێ زوو هات، زووتر دادەنیشێ، ئەم ئیشانەش وەها بەڕێوە دەچن، ئێمە گەلێكی چوار بۆ پێنج ملیۆن كەسین‌و لەسەر دەریایەكی نەوت‌و غازی گەورەدا مەلە دەكەین، ئەمە بۆ ئێمە زۆرەو ناتوانین نەوت بخۆینەوە، ئەو نەوت‌و غازەش كە لە ژێر زەویدا دەمێنێتەوە هیچ بەهایەكی نییە، ئێوە وڵاتێكی گەورەو دراوسێ‌و گەلێكی بران، دیارە ئەولەویەت بە ئێوە دەدرێت، با پێكەوە دەریبهێنین‌و بەرهەمی بهێنین‌و بیپاڵێووین‌و پێكەو بیفرۆشین".
وه‌كو جه‌نگیز چاندار له‌ كتێبى " شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا"دا باسیكردووه‌، ئاشتى هه‌ورامى واى پێووتووه‌.

‌جەنگیز چاندار، لە كتێبەكەیدا باسیشلەوە دەكات كە "مەحمەت سەپیل" شەریكی كۆمپانیای " جەنراڵ ئۆیل" كە لەو كاتەدا لە ناوچەی " تەقتەق"ی نزیك شاری كۆیە كاریكردووه‌، پێیووتووه‌ لە دوو بیری نەوتیدا رۆژانە بە ئەندازەی هەموو ئەو نەوتەی كە لە توركیا بەرهەم دەهێنرێت، نەوتی بەرهەم هێناوه‌.
جه‌نگیز چاندا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌رباره‌ى نه‌وت‌و سامانى سروشتى كوردستان له‌ ئاشتى هه‌ورامى وه‌رگرتبوو له‌ یادى چووه‌ته‌وه‌و جارێكیتر له‌ كۆنفرانسێكى تایبه‌ت به‌ توركیاو باكورى عێراق له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، داواى لێكردووه‌ته‌وه‌و ئاشتى هه‌ورامیش ئه‌م داتاو زانیارییانه‌ى پێداوه‌:
ڕۆژانه‌ 500 هه‌زار به‌رمیل
به‌كارهێنانى ساڵانه‌ى غازى سروشتى 36 ملیار سێجا
یه‌ده‌گى نه‌وتى كوردستان 5 ملیار به‌رمیل
یه‌ده‌گى غازى سروشتى شه‌ش هه‌زار ملیار مه‌تر سێجا.

سه‌باره‌ت به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى كوردستانیش، ئاشتى هه‌ورامى به‌ جه‌نگیز چاندارى وتووه‌:
ساڵى 2009 ڕۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل
ساڵى 2010 ڕۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل
ساڵى 2011 ڕۆژانه‌ 500 هه‌زار به‌رمیل
ساڵى 2012 ڕۆژانه‌ 750 هه‌زار به‌رمیل
ساڵى 2013 ڕۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل
وه‌كو ئاشتى هه‌ورامى پێیوتووه‌، ژێرخانى پێوویست بۆ هه‌نارده‌كردنى غازى سروشتى نییه‌، به‌ڵام ده‌كرێت ده‌رفه‌تێك دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ساڵانه‌ 60 تا 70 ملیار مه‌تر سێجا غازى سروشتى هه‌نارده‌ بكرێت.
جه‌نگیز چاندار ده‌ڵێت:" ئه‌و لایه‌نه‌ ستراتیژییه‌ى كه‌ عه‌بدوڵا گیول له‌په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردستانى عێراق ده‌ركى پێكردبوو، به‌ ئاسانى له‌و ژمارانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت‌و به‌هۆى تێگه‌شتن له‌و داتاو زانیاریانه‌ ورده‌ ورده‌ توركیا ئه‌وله‌ویه‌ت‌و ستراتیژى بۆ داناو په‌یوه‌ندى توركیاو كورده‌كانى عێراق له‌و چوراچێوه‌یه‌دا شكڵى گرت".