لە سید مەحموودەوە بۆ سەرۆک ئەردوگان؛ مەڕ کوژ

2021-01-27
مستەفا حەفید زادە


سەرۆک دوو سعات دوای نوێژە درۆکەت، رۆژی 22/1/2021 دەستت چووە خوێنی مەرەکانی من قەیدێ ناکا، تۆ منداڵی نێو بێشکە ئەکوژیت مەڕ چیە؟ سەرۆک تۆ هەر ئەتەوێت خوێن ببینیت، ئاشقی خوێنیت، سەرۆک دڵنیابە مەرەکانم بیریان لە شەرانگێزیەکانت نەدەکردەوە، ئەوان چاوەرێ بوون، بەفر بتوێتەوە، لەناو گوڵە شلێرەکانی "کەرگەوز" سەما بکەن.


ئەردۆ مەڕەکانی من ماستێکی خۆش و نڤیشکێکی نایاب و پەنیرێکی شازیان هەبوو، بەڵام تۆ چیت هەیە، فرۆکە مورتەزەقە کوشتن سوتاندن وێرانکردن، ئایا تۆ پرسیوتە تۆ باشتری یان مەڕەکانم.!

سەرۆک مەرەکانی من پێستەکەیان بۆ پێڵاوو خووریەکەیان بۆ جل و بەرگ و کشپلەکانیشیان بۆ بەپیت کردنی زەوی بەکەڵک بوو، ئەو زەویانەی مەرەکانی من دەیان ویست سەوز و جوان بن، تۆ دەتەوێت، بیانسوتێنیت، سەرۆک تۆ لە مەرەکانم باشتر نیت، دڵنیام تۆش دڵنیایی.

سەرۆک مەرەکانی من مۆتەکەی خەونی تۆ نەبوون، تۆ ئەتەوێت دەوڵەتی عوسمانی دروست بکەیتەوە، نەوتەکەی ئێمە بدزیت و خەڵکەشمان بکوژیت، تۆ وات ئەزانی مەرەکانی من پیلانەکانتیان ئاشکرا کردوە؟
تۆ هەڵەیت سەرۆک( ئەوان)مەرەکانم پیلانەکانتیان نەدەزانی، ئاگاداریش نەبوون، چەتەکانت لەعەفرین داری زەیتون و بەرهەمەکەشی ئەدزن، ئەوان ئاگادار نەبوون کە سەربازەکانت، مریشک و قازی باکوری سوریایان هەموو دزی، نەخێر تۆ هەڵەیت سەرۆک ئەوان لەبیریشیان نەبوو کە بەیەکجار خانەوادەیەکی حەوت کەسی و جارێکی دیکەش یازدەکەست لە بناری قەندیل کوشتوە، سەرۆک مەڕەکانی من ئەو شتەیان نەدەزانی.
ئەوان وەک تابلۆیەک بەم شاخانەوە ئەسورانەوە و ئەژیان، تۆ مردنێکی تراژیدیت پێ بەخشین، ترادیژی هەروەک خەونەکانت.

بەڵام دڵنیابە ئەو جارە مەڕەکانم کۆ دەکەمەوە، دڵنیام ئەوجارە هەرچی خوێنرێژی ئێوەیە ئەزبەری دەکەن، ئایا تۆش لەو بڕوایە دانیت، مەرەکانم دوای ئەو کارەساتە، لەوێنەی تۆ زیاتر ئەترسن، نەک لە گوڕگ.


سەرۆک دەبێت بزانیت ئیتر مەرەکانم نەوە دوای نەوە، ئەم قەتلوعامەی ئێوە و دەوڵەتە شەر خوازەکەت بۆ یەکتر دەگێرنەوە.

سەرۆک تۆ بۆچی مەرەکانی منت کوشت وەڵامم بدەوە؟ تۆ ئەزانی لە فیلمە نوێکەماندا، ئەو گورگەی مەڕەکان نەیان دەناسی چ ڕۆڵێکت پێ دەدرێت.!

سەرۆک تو ئەو شەرەفەیی نیتە، چۆن بەو هەموو دەستە بەخوێن سوربووەت، لەبەردەم خودا ئەوەستیت، ئەی ناڵێن هەرچی پەڵەیەک خوێن بەجلکانیەوە بێت، نوێژەکەی بەتاڵە، کەچی تۆ بەو دەستەبەخوێن سوربوانەت بێ شەرمانە لە بەردەم خودا ئەوەستیت؟


سەرۆک ناکرێت رۆژێک ساڵێک مانگێک هەر هیچ نەبێت ساتێک بیر لە شەڕ نەکەیتەوە.

سەرۆک تۆ بزانیت یاخود نا مەرەکانی من زۆر بێ گوناه بون، لە پشت هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی نەبون، فەرمانی سەر بڕینیان بۆ پەپولەیەکیش دەرنەکرد، سەرۆک تۆ چۆن خۆت بەراورد ئەکەیت، بە مەرەکانم...

سەرۆک مەرەکانی من هەموویان لە یەک ژوور ئەنوستن تۆ بەتەنیا کۆشکێکی هەزار ژوورت هەیە، سەرۆک تۆ زۆر گەمژەیی خۆت هەزار ژورت هەیە، یەک ژوریش بە چوارسەد سەرەمەڕ ڕەوا نابینی؟


سەرۆک مەرەکانی منت بۆچی کوشت، خۆ باجی تیاترۆ خانەکانیان لە جیاتی تۆ لە سۆزانیەکان وەرنەگرتوە، من نەمزانی بێت.؟

مەر کوژ، جارێک ئەڵمانیەک قسەیەکی پێ گوتی پێموابوو ، ئیتر بەخۆت ئەچیەو، بەڵام وادیارە تۆ توڕە نابیت، چونکە تۆ وەهایی کەسێکی مرۆڤ دەکوژێت، هاورێکانت دەربەدەر دەکەیت، دژی هەموو کەسێکیت کە بەڵێت بۆ نەکات، بازرگانی بەخوێنی سوریەکانەوە دەکەیت بەملیۆنان ئاوارەت بەبارەمتە گرتوە، کارگەکانی حەلەبت دزی، تۆیەک دارستان بسوتێنیت، قەل و قاز و مراوی بدزیت، ئیتر بۆ مەر نەکوژێت.


مەڕکوژی گەمژە دڵنیام تۆ سەید مەحمود، ناناسی ئەو وەک شێرێکی پیرە، وامەزانە مەردارێکی نەخوێندەوارە، ئەو مرۆڤێکی نەترس و بوێرە، منداڵەکانیش بکوژیت، ئەو نەبەیعەتت پێدەدات، نە لەبەردەمیشت ئەنوشتێتەوە، دڵنیام بوێری ئەوەشت نیە، لە نزیکەوە سەیری ناوچاویش بکەیت.

تێبینی سەرۆک حەز ئەکەم، لێم دڵگران نەبیت، من ئەوەی نوسیومە، تەنیا پیشاندانی وێنەکەی خۆتە، لەچاوی خەڵکی ئێرە، بۆیە بەتیرۆریستم مەزانە، چونکە من حەزئەکەم هەموومان کورد و تورک و هەمومان بەئاشتی پێکەوە بژیێین، نەک وەک تۆ ئەتەوێت هەموومان تورک و کورد و عەرەب تەنیا کۆیلەیەکی ملکەچی تۆبین، بۆیە تکایە لێمان تێبگە، سەرۆک مەڕکوژ.

(سید خاوەنی ئەو مەڕانەیە کە چوار رۆژ پێش ئێستا تورکیا بۆردومان و قەتڵ و عامی کردن.)