ڕژێمی سوریا لەلایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆ دراوە

2021-02-03

لە رۆژانی كۆتایی ساڵی 2020دا، مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، باسی لە " قۆناغێكی نوێ" كرد كە بەهاتنی ساڵی 2021 لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات، هەرچەندە ڕوونكردنەوەی زیاتری نەدا، بەڵام بە گەلەكەی وت" هیواخوازین گەلەكەمان بەرگری لە شۆڕش و دەستكەوتەكانی بكات".


وتەكانی مەزڵوم كۆبانێ لەو كاتەدا دەرگای بۆ پێشبینی و سیناریۆی جۆراو جۆر كردەوە، كە لە داهاتوودا ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت كە قسەكانی لەكاتێكدا بوو، كە هەموان چاویان لەسەر سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكایە بەسەرۆكایەتی جۆبایدن، هەروەها هاوكات بوو لەگەڵ جوڵە سەربازییەكانی روسیا و سوریا لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.


ئەم قسانە زۆری نەخایەند، بەرەیەكی شەڕ لە شارۆچكەی عەین عیسای سەر بە پارێزگای رەققە كرایەوە، هەروەها دوای چەند هەفتەیەك بەرەیەكی دیكە لە پارێزگای حەسەكە لە نێوان هێزێكی ڕژێم و ئاسایشی خۆسەر سەری هەڵدا، كە ماوەی 20 رۆژە هێزەكانی ئاسایش هێزێكی ڕژێمیان لە چوارگۆشەی ئەمنی گەمارۆ داوە، ئەم گۆڕانكاریانە هاوكێشەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان سەرەو ژێر كردەوە، هەروەها هیچ هۆیەكیش نیە كە بەم زوانە دۆخەكە ئارام ببێتەوە.


گەمارۆی هەردوو لایەن:

هێزەكانی سوریای دیموكرات ماوەی چەندین ساڵە، ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانیان لەدەست سوپای سوریا و چەكدارە توندڕەوەكان دەرهێناوە،بەڵام ڕژێمی سوریا لە چوارچێوەیەكی دیاری كراودا بونێكی ئەمنی هەر ماوە، كە دەكەوێتە هەردوو چوارگۆشەی ئەمنی لە قامیشلی و سەنتەری حەسەكە، هەروەها چەند دامەزراوەیەكی تیایاندا هەیە، وەك بەڕێوەبەرایەتی تۆماری شارستانی و دادنوس و بەڕێوەبەرایەتی دارایی نزیك گەراجی گەشتیاری، ئەمە جگە لە فرۆكەخانەی قامیشلی، كە ئێستا بە تەواوی لەژێر دەستی مۆسكۆدایە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات، گەمارۆی چوارگۆشەی ئەمنی حەسەكەیان داوە، هەروەها ڕژێمی سوریاش گەڕەكەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی لە حەلەب گەمارۆداوە و ڕێگا بە چوون و رۆیشتن نادات، كە لەژێر دەستی شەڕڤاناندایە.

ئەمە جاری یەكەم نیە، پێشتریش گرتن و پێكدادانی سوك لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا، بەڵام ئەوەی ئەمجارە لەوەی پێشووتر جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە ماوەی 20 رۆژە رژێمی سوریا لەلایەن شەڕڤانان گەمارۆ دراوە، هەروەها بەڕێوەبەرانی خۆسەر بە توندی لێدوان دەدەن و باس لە ئەگەری هێرشیش دەكەن، ئەمەش لەوەیە واتای ئەوە بێت، كە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان نیازی گەڕانەوەی هەموو ناوچە كوردییەكانیان هەبێت و بیانەوێت حوكمی خۆسەر بكەنە ئەمری واقیع.


پەیوەندییان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە:

باز بكاری رۆژنامەنوس، باس لەوە دەكات، كە ئەو ئاڵۆزییەی كە ئێستا لە نێوان رژێمی سوریاو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا هەیە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە پەیوەندی نێوان ئەو دوو هێزە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، سەقفی داواكانی خۆسەریش بەرزبۆتەوە.
بكاری لە لێدوانێكیدا بۆ " الحرە" دەڵێت:" ئەوەی كە هێزەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای دەكەن، بەرز بوونەوەی سەقفی داواكانیانە، ئەمەش یەكەمجارە ئەوە ڕووبدات".
دەشڵێت:" بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوا دەكات، هێزەكانی ڕژێم سەرجەم بنكە ئەمنیەكان لە شارەكاندا چۆڵ بكەن، ئەمە وامان لێدەكات بیر لەوە بكەینەوە، كە ئەمە تەنها بڕیاری خۆسەر نیە، بەڵكو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هانی دەدات، ئەو داوایە بكات".
هەرچەندە هیچ بەڵگە و ئاماژەیەك نیە، كە بیسەلمێنێت ئەمریكا هانی كورد دەدات، داوای ناوچە داگیركراوەكانی بكاتەوە، بەڵام سەرجەم چاودێرانی دۆخی سوریا كۆكن لەسەر ئەوەی كە دوای هاتنی جۆبایدن كە ئیدارەكەی دۆستی كوردە، گۆڕانكاری لە دۆخی سوریادا ڕوودەدات.
گۆڕانكارییەكان پەیوەستن بە كۆمەڵێك كەسایەتی كە كەیسی سوریا بەڕێوە دەبەن، كە لەسەروی هەموویانەوە گەڕانەوەی بریت ماكگۆركە، كە وەك ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا دیاری كراوە.
دوای بڕیاری ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا، ماكگۆرك دژی ئەو بڕیارە دەستی لەكاركێشایەوە، هەر بەهۆی ئەم بڕیارەوە گروپە تیرۆرستیەكانی سەر بە توركیا و سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی ڕۆژهەلاتی فوراتیان ئەنجامدا.

دوو هۆكار بەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكان دیاری دەكەن:

باز بكاری دوو هۆكار بۆ دیاری دەكات، كە وای لە هێزەكای سوریای دیموكرات كردووە، سەقفی داواكانیان بەرز بكەنەوە، كە ئەمانەن:
یەكەم: ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دووبارە دەستی كردووە، بە گەڕانەوەیەكی كرداری بۆ ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، دەیەوێت ئەو ناوچانە وەربگرێتەوە، كە بەهۆی بریارەكەی ترامپ و ئۆپراسیۆنەكانی توركیا داگیر كراون.
دووەم: بەپێی زانیارییەكان چەند گروپێكی چەكداری سەر بە ئێران لە فرۆكەخانەی قامیشلی بوونیان هەیە،كە دەكەونە نێو چوار گۆشەی ئەمنیەوە،ئەمەش وای كردووە كە بوترێت نیازێك هەیە ئەو گروپانە بكرێنە ئامانج و ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.
تاوەكو ئێستا هیچ ئاماژەیەك نیە، بۆ ئەوەی كە گەمارۆی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چوار گۆشەی ئەمنی هەڵبگیرێت و رژێمیش گەمارۆی ئەو چەند گەڕەكەی حەلەب هەڵبگرێت، چونكە هێزەكانی سوریای دیموكرات تەنها بە كشانەوەی هێزەكانی بەرگری نیشتیمانی سەر بە حكومەتی دیمەشق گەمارۆكە هەڵدەگرن، ڕوسیاش داوا دەكات خەڵكی ناوچەكە باوەش بۆ هێزەكانی سوریا بكەنەوە ، هەروەها بەردەوامیشە لە ناردنی پاڵپشتی بۆ فرۆكەخانەی قامیشلی، خەڵكی ناوچەكەش چاوەڕیی پرۆژەی نوێی ئەمریكان.