حەسەن ڕۆحانی: ڕازی نابین ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی دەستكاری بكرێت

2021-02-05

ئێران كۆمەڵێك ڕێكاری نوێی گرتۆتە بەر، كە پێشێلكردنی ئەو ڕێكەوتننامەیەیە كە لەساڵی 2015 لەگەڵ چەند زلهێزێكی جیهانی واژۆی كرد، لەوانە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەیەكی زۆر و لە وێستگەیەكی ژێر زەوی، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەیەوێت بۆ ڕێكەوتننامەكە زیندوو بكاتەوە و دوای كشانەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا جارێكی دیكە بۆ ڕێكەوتننامەكە بگەڕێتەوە.


ڕوحانی ڕەتی دەكاتەوە:
حەسەن ڕوحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، دیدو بۆچوونی وڵاتەكەی لەسەر دەستكاری كردنی بەندەكانی ڕێكەوتننامەكە و زیادكردنی چەند لایەنێكی دیكە دەربڕی، كە ئەمریكا ئێستا باس لە دەستكاری و زیادكردنی چەند لایەنێكی دیكە دەكات.
روحانی لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا لە میانەی كۆبوونەوەی هەفتانەی حكومەتەكەی وتی:"بە روونی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێم، بەتایبەت دەوڵەتانی ناو ڕێكەوتننامەكە، جا 1+4 یان 1+5 بێت لە داهاتوودا، بەهیچ شێوەیەك هیچ بەندێكی ڕێكەوتننامەكە ناگۆڕدرێت".
وتیشی:" هیچ كەسێك بۆ پلانی كاری هاوبەشی گشتی (ناوی ڕێكەوتننامەكەیە) زیاد ناكرێت، ڕێكەوتنەكە نابێت لە 2+5 یان 3+5".
سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە كە ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی دوای دانوستانێكی قورس هاتۆتە دی " ئەوە ئەنجامی دانوستانی دە ساڵ بوو(...)، ڕێكەوتننامەكە كارێكی ئاسان نەبوو".
بۆ ئەمریكیەكانیش روحانی وتی:" ئەوە ڕێكەوتننامەكەیە، ئەگەر ئەتانەوێت، ئەوە سەر سەرو سەرچاو،هەمووان دەگەڕێنەوە بۆ پابەندییەكانیان، لە حاڵەتێكیشدا حەزی پێناكەن، سەرچاو، دەتوانن لەسەر ژیانی خۆیان بڕۆن".


كشانەوە و پێشێلكاری:
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2018دا لە ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی ئێران كشایەوە، هەروەها سزاكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە گێرایەوە كە توندترین سزا بوون،لەبەرامبەریشدا ئێران لە ساڵی 2019ەوە لە وەڵامی كشانەوەی ئەمریكا، دەستی كردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕێژەكەی زیاد كرد،ئەمە لە كاتێكدا بوو، كە بە پێی بەندێكی ڕێكەوتننامەكە، ئێران تەنها لە وێستگە سەرەكیەكاندا بۆی هەبوو، یۆرانیۆن بپیتێنێت، بەڵام ئەو وڵاتە لەژێر زەوی و لە وێستگەی نەنتەنز بە بەكارهێنانی نەوەی یەكەم (AR1) یۆرانیۆمی دەپیتاند.

ئێران نیازی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نیە:

ئێران ڕەتی دەكاتەوە، كە هیچ نیازێكی هەبێت كە لە ڕێگای پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بگات بە چەكی ئەتۆمی، هەروەها ڕێكەوتننامە ڕێژەی پیتاندنی بۆ تاران دیاری كردووە، كە نابێت لە 3.6% تێپەڕ بكات، ئەو ڕێژەیە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ناوەكی مەدەنی، بەڵام ئەگەر زیاتر پاك بكرێت و ڕێژەكە بگاتە لە سەدە 90 ئەو كات بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆم بەكار دێت.
هەرچی پەیوەست بە گەڕأنەوە بۆ ڕێكەوتننامەكە، ئێران و ئەمریكا هەردوو لا هەنگاوی هاوشێوە دەنێن ، محمد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران ،ڕۆژی دووشەممە پێشنیاری كرد كە "ڕێگایەك بگیرێتە بەر كە زاڵ بین بەسەر ئەوەدا كە كێ یەكەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ڕێكەوتننامەكە"، ئەمە یەكەمجارە كە ئێران نیازی خۆی نیشاندەدات ، ئەگەر بێت و ئەمریكا سزاكان سوك بكات، ئەویش لە داواكارییەكانی پاشەكشە دەكات.
لەلایەكی دیكەوە، نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە" هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ ئێران نەكراوە،بڕوا ناكەم پێش چەند هەنگاوێكی سەرەتایی ئەوە ڕووبدات". وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە ئیدارەی بایدن راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و كۆنگرێس دەكات.
وتیشی:" چەند هەنگاوێك بۆ ئەو پرۆسەیە ڕوودەدەن... پێش ئەوەی بگەینە خاڵێك كە لەگەڵ ئێرانیەكان گفتوگۆ بكەین، ئێمە ئامادەین هەموو جۆرە پێشنیارێك قبوڵ بكەین.
بەرپرسێكی ئەمریكی لە لێدوانێكیدا بۆ " ئیندیپێندنت" ئاماژە بەوە دەكات، كە وتەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، واتای ئەوە نیە كە ئەمریكا پێشنیارەكەی زەریف رەتدەكاتەوە، بەڵكو واتای ئەوەیە كە ئیدارەی بایدن خۆیان بەبەرپرس دەزانن لەو كەیسەدا.
لەو بارەیەوە دەڵێت:" ڕەتكردنەوە بوونی نیە... لەگەڵ ئێران و هیچ لایەنێكدا دەستمان بە دانوستان نەكردووە، چونكە كاری لە پێشینەمان ئەوەیە كە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە ناوچەكەدا بكەین".
بەپێی ڕێكەوتننامەی ساڵی 2015، كە ئێران لەگەڵ شەش هێزی گەورەی جیهانی واژۆی كردووە، تاران رازی بووە كە بەرنامە ئەتۆمیەكەی سنوردار بكات، بەشێوەیەك كە ناتوانێت بگات بە چەكی ئەتۆمی.


دادگای نێودەوڵەتی سكاڵای ئێران وەردەگرێت:

دادگای دادی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند كە سەرپشك كراوە بەوەی كە سكاڵای ئێران دژی سزاكانی وەربگرێت، كە دۆناڵد ترامپ بەسەریدا سەپاندوە،ئەمەش هەنگاوێكە لەوەیە ئێران تیایدا سەركەوتوو بێت.