ھاوپەیمانییەکی گەورەتر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

2021-02-06

ھاوکار جەلال بەرزنجی


چوار ساڵی ئیدارەکەی ترامپ، خێرو بەرەکەتی بە خشییە تورکیا، تەنانەت لە کێشەی سوریاش ڕۆڵێکی گەورەتری پێ بەخشی، ھاوکات ڕێگەیدا ئازادانە فراوانخوازییەزکانی پەرە پێبدات. ھەموو ئەو دەنگۆیانەی گوێی ترامپیان پڕ کردبوو گوایە تورکیا دژی ئێران و ھاوکاری ئەمریکایە، جگە لە چیرۆکێک شتێکێ تر نەبوو. ستراتیجی تورکیا ئەوە نەبوو کە لە میدیاکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرد.

تورکیا لە گەڵ ئێران
چەند ساڵێکە تورکیا لە کەیسی سوریا و لیبیا لەگەڵ روسیا لە پەیوەندی و ھاوکاریدایە، ئێستاش ستراتیجی تورکیا ڕووەو ھاوپەیمانی لەگەڵ ئێران ھەنگاو ھەڵدەگرێت. بۆ ئەو مەبەستە، ھەینی ڕابردوو یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، ئەنکەرە میوانداری جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد و دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ھاوتاکەی مەولود چاوشئۆغڵو سازدا. پاش سازدانی کۆنفڕانسێکی میدیایی، زەریف لە ئەکاونتی تویتەرەکەی خۆی ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوە گفتوگۆی بونیاتنەرانە و بەبڕشتیان ئەنجامداوە"، ھەروەھا لە تویتەکەیدا نوسیبووی " گفتوگۆمان لەسەر فراوانکردنی پەیوەندی دوو قۆڵی و ھاوکاری ھەرێمیی لە سوریا، عێراق و قەوقاس کرد. ھەردوو وڵات ھەڵوێستی ھاوبەشیان ھەیە و تاکە ڕێگا بۆ سەقامگیریی ناوچەکە (ھاوپشکییە)". سەردانەکەی زەریف ئاماژەی ھاوپەیمانی ھەردوو وڵات دەردەخات.

تورکیا و روسیا دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا
تورکیا، ھەر زوو سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی لە ڕوسیا کڕی، و ئێستا مامەڵە سەرەکیەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و تاران نزیکتر دەبێتەوە. پاشان لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٠ لەڕێگەی پشتیوانیکردنی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە جەنگی ئازەربایجان و ئەمەنستان لەسەر ململانێکانی ناگۆرنۆ-کارەباخ کرد. لە ڕێگەی ھاوبەشیکردنی ھێزو ھاوکاری لەگەڵ ڕوسیا و ئێران ڕوو لە ھەرێمی قەوقاس دەکات. سەردانەکەی زەریف-یش بۆ ئەو ھەمئاھەنگیەی پێشوو دەگەڕێتەوە. لە ئێستاشدا کردنەوەی ناوەندی ھەمئاھەنگی ئەنکەرە-مۆسکۆ لە کارەباخ (خاکی ئەرمەنیەکان)، نیشانەی نزیکیانە لە کەیسی ئیدلبی سوریا، لە لیبیا و بەھەمانشێوە لە ئازەربایجانیش.
جوڵە و کۆبونەوە دبلۆماسیەکانی تورکیان دەرخەری ئەوەن، کە تورکیا چاوی لەسەر ھەرێمی قەوقاسە و ھەوڵی دروستبوونی ململانێی زیاتر لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەدات، سەرەڕای پاڵپشتی تەواو ، ھانی ئازەربایجان دادەت جەنگی دژ بە ئەرمینیا بکات، بەو شێوەیەش ھاوپەیمانی ئەنکەرە، مۆسکۆ و تاران ڕونتر دەردەکەوێت، ئامانجەکەش دروستبوونی کاریگەرییەکی ھەرێمییە لە ناوچەکە، ھاوشێوەی لیبیا و سوریا. واتا، کێشەی ئەرمینیا و ئازەربایجان تایبەت بە ناوچەکانی قەوقاسیا بکاتە کێشەیەکی ھەرێمی. ھۆکاری بەھێزبوونی تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوو، ھەروەھا بێدەنگی ئەمریکا لە ئاست دروست بوونی ھاوھێزی و کارکردنی تورکیا لەگەڵ روسیا و ئێران و پاشان ڕۆڵێکی ڕۆڵی گەورەتری لە سوریا ھەموو ھۆکارەکەی ئیدارەی ترەمپ بوو. بەڵام بۆ ئەمریکا پێچەوانە دەردەکەوت، چونکە واشنتۆن دەیویست کار لەگەڵ تورکیا بکات، لەکاتێکدا ئەنکەرە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵی لاوازی ئیدارەکەی ترەمپ و دورکەوتنەوە لە ناتۆ و چونە خولگەی ڕوسیا و ئێران بوو بە ئامانجی دابەشکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دورخستنەوەی ئەمریکا و ئەوروپا.

میدیاکان بەشێکن لە پلانەکان
رۆژێک پاش کۆبوونەوەی زەریف و چاوشئۆغڵو، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نوسیبووی " بۆئەوەی پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوە و پیاوانی وەک جەیمس جێفری (نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا) بەدەست بێنێت، تورکیا وا خۆی نیشان دەدا، کە گرنگی بە دژایەتی ئێران دەدات. ھەروەھا وەک سەنگەرێکی پشتیوانی لە دژی ڕوسیا و ئێران خۆی نمایش دەکرد، بەڵام بەنھێنی ھەمیشە پشتگیری لە (ڕێککەوتنی ئێران) دەکرد و دژایەتی ھەڵوێستە توندەکانی ئیدارەی ترەمپی لەسەر تاران دەکرد، چەند جارێکیش ھانی واشنتۆنی دەدا بۆ گەڕانەوە ڕێککەوتنی ئێران".
تورکیا ماکینەیەکی ئیعلامی و لۆبییەکی باشی ھەیە، کە کار بۆ دروستکردنی چیرۆک لەسەر دژبەری خۆی بداتە گوێی ئەمریکا و جیھان. چیرۆکێک بۆ واشنتۆن و چیرۆکێک بۆ میدیای ھەرێمایەتی، گوایە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل دەخوازێت و ئامادەیە بزوتنەوەی حەماس وەلا بنێت. بەڵام بەپێچەوانەوە تورکیا و ئێران پاڵپشتیکەری حەماس-ن، سەردانەکەی زەریفیش ئاماژەی ئەو ڕاستییەن. میدیاکانی تورکیا و ئێران وەک (ئەھڤاڵ و ئەنادۆڵی تورکی ، مھری ئێرانی .. ھتد) بەگشتی لە خزمەتی حکومەت کاردەکەن، لە پاش سەردانەکەی زەریف مژدەی سەردەمێکی نوێی ھاوپەیمانی تورکیا-ئێران یان ڕاگەیاند.

ھێڵی ئازەربایجان-ڕوسیا-چین
ھێڵی شەمەندەفەری ئاسنین لە تورکیا بۆ باکۆ پایتەختی ئازەربایجان و پاشان بۆ ڕوسیا، بەوھۆیەشەوە تورکیا دەتوانێت ھێڵی بارھەڵگریی بەرەو چین ببات. بە گوتەی عادل کاراسماعیلئۆغڵو وەزیری گواستنەوەی تورکیا ، ئەو شەمەندەفەرانە لە تورکیاوە بۆ ڕوسیا دەڕۆن. ھەرچەندە پێشتر لە تورکیاوە بۆ چین ڕۆشتوون، بەڵام ئەوە یەکەمین جارە ھەناردەی بارھەڵگریی لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنینەوە ڕادەبرێن. گرنگی و دەسپێشخەری ڕێگایە بە پشتێنەی ڕێگای چین بۆ تورکیا ناو زەند کرد، چونکە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی ژێرخانی گواستنەوەیە لەنێوان چین و ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لێدوانەکانی زەریف و ڕاپۆرتەکان دەربارەی ھێڵی ئاسنین ئەوە ڕوون دەکەنەوە، کە سیستمێکی ھاوپەیمانی زۆر گەورە تر لە دەرکەوتندایە لە نێوان تورکیا، ڕوسیا، چین و ئێران. پێکەوە تورکیا-ڕوسیا، سوریا و لیبیا و قەوقاسیایان دابەش کرد، ئێستاش ئێران و تورکیا لە سەر زۆر مەلەفی تر دەست بە کاری زیاتر دەکەن.

ئەمریکا و ڕۆژئاوا بێ دەنگ نابن
ئەمریکا دژی دەستێوەردانی لیبیا بووە، کە ڕوسیاو تورکیا تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی چەکی ڕێپێنەدراو لەو وڵاتە. بۆیە ئەمریکای بایدن چیتر فریوی میدیا تورکییەکان ناخوات، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی کانوونی دووەم ٢٠٢١، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (جەیک سولیڤان) و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا (ئورسولا ڤۆن دێر لیین)لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا؛ باسیان لە ھاوپەیمانێتی ئەتڵەسی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کرد، ڕێککەوتن کار لەسەر ھاوپەیمانی تورکیا و چین بکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات؛ کەسانێک ھەن لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا تێدەگەن تورکیا بووە بە بەشێک لە تۆڕێکی چینی-ڕوسی وڵاتە دەسەڵات خوازەکان. سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا دەخوازێت زیاتر لەگەڵ ئێران تێبکۆشێت.