(Conflict of Interest) بەیەکداچونی بەرژەوەندی

2021-02-09

لە زانست و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیدا، دەبێت زانیاری لە کەسی بێلایەن وەربگیرێت، و نابێت زانیاری لە کەسێک وەربگیرێت کە لایەندار بێت یان وتنی ڕاستیەکان لە بەرژەوەنیدا نەبێت.

ئەگەر زانیاری لە کەسێک وەربگیرێت کە بەرژەوەندی لەو وتنی ڕاستیەکاندا نەبێت، پێی دەوترێت بەیەکداچونی بەرژەوەندی و زانیاریەکان بەهای زانستیان نابێت و لێکۆڵینەوەکەش قورسایی نامێنێت.

لەم ڕۆژانەدا جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، لە لێدوانێکدا وتویەتی گوایە (١١% ی نەوتی هەرێم لە پارێزگای سلێمانیدایە) و ئەم پارێزگایە ناتوانێت خۆی بژێنێت. ئەمە یەکەمجار نیە زانیاری هەڵە و لێدوانی نادروستی لەم جۆرە لەلایەن تیمی حکومەتی و پەرلەمانی یەکێتی و گۆڕانەوە دەدرێت لە هەولێر.

ڕاستە تەنها (١١% ی بەرهەمهێنانی نەوت) لە دەڤەری سەوزە، بەڵام (٦٥%ی یەدەگی نەوت و ٨٠%ی یەدەگی گاز) لەم زۆنەیە. واتە زۆرینەی نەوت و گاز لەم زۆنەیە، بەڵام بەهۆی لاوازی تیمی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتدا، پارتی لە ڕێی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە زۆرینەی وەبەرهێنانی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا کردوە، و بیرەکانی پارێزگای سلێمانی فەرامۆش کردوە.

واتە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە بەدەست پارتیەوە، وایکردوە کە کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت، زیاتر لە سنوری زەرد وەبەرهێنان بکەن و نەوت دەربهێنن.

تەنانەت کارێکیان کردوە کە ئەو بیرانەی پێشتر لەم سنورە هەبون بەرەو وشك بچن. بۆ نمونە نەوتی شیواشۆک، بە ئەنقەست بە شێوازێکی زۆر نازانستیانە نەوتی لێدەردەهێنن، بۆ ئەوەی بەرەو کەمبونەوە و وشک بون بچێت. ئەمانەش لە پێناوی ئەوەدا کە خەلکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بکەن بە کۆیلە و بیانگەیەننە ئەو بڕوایەی کە ناتوانن خۆیان بژێنن و تەسلیمی ئیرادەی پارتی بن.

کاتی خۆی کاک نەوشیروان هەمان پرسیاری لە تیمی وەزاری گۆڕان کردبوو لە هەولێر و وتبوی ئایا پارێزگای سلێمانی دەتوانێت خۆی بژێنێت؟ لە وەڵامدا تیمی وەزاری گۆڕان، بەتایبەتتر وەزیری دارایی ئەوکات، کۆمەڵێک زانیاری ناڕاستی دابوو بە کاک نەوشیروان و وتبوی نەخێر سلێمانی ناتوانێت خۆی بژێنێت.

ئەگەر پارێزگای سلێمانی بتوانێت خۆی بژێنێت و ببێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ، وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان کارەکانیان لەدەست دەدەن. کەواتە ناچارن زانیاری هەڵە و نادروست بدەن بە حزبەکانیان و بڵێن ئەم سنورە ناتوانێت خۆی بژێنێت، بۆ ئەوەی خۆیان لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە. کەواتە زانیاری و لێدوانەکانی تیمی حکومی یەکێتی و گۆڕان و تەنانەت هەندێک پەرلەمانتاریان کە نزیکن لە پارتیەوە، جێی باوەڕ نیە و بەیەکداچونی بەرژەوەندیە و بەهای نیە.

،،

وەکو دەڵێن تەنها (١١% ی بەرهەمهێنانی نەوت) لە دەڤەری سەوزە، ئەی بۆ ناڵێن (٦٥%ی یەدەگی نەوت و ٨٠%ی یەدەگی گاز)یش هەر لەم زۆنەیە؟! زۆرینەی نەوت و گاز لەم زۆنەیە، بەڵام بەهۆی لاوازی تیمی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتدا، پارتی لە ڕێی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە زۆرینەی وەبەرهێنانی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا کردوە، و بیرەکانی پارێزگای سلێمانی فەرامۆش کردوە.

ئەمە یەکەم، دووهەم لە ڕوی سیاسی و ئابوریەوە لە جیهاندا گاز لە نەوت زۆر گرنگترە. زۆربەی گازی کوردستان کەوتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ و قادر کەرەمەوە. دیسان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کارێکی کردوە کە ئەو گازە لە جیاتی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەم دەڤەرە، بوەتە سەرچاوەی قەرزاری.

وڵاتێکی وشک و بیابانی وەکو قەتەر، تەنها گازی هەیە و بووە بە یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە. ئێمە لەم دەڤەرەدا جگە لە گاز، نەوتمان هەیە، هەروەها زەوی بەپیتی کشتوکاڵیمان هەیە، هەروەها هەندێک پیشەسازیمان هەیە کە دەتوانین پێشیبخەین، هەروەها ناوچەی گەشتیاریمان هەیە کە دەتوانرێت بکرێت بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بۆ سنورەکە.

ئەمە جگە لە داهاتە ناوخۆیی و گومرگیەکان. هەر بۆ زانیاری هەتا ئێستا بایی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار گازی چەمچەماڵ بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕۆشتوە، کە زۆرینەی بۆ وێستگەکانی هەولێر و دهۆک بووە.

ئێستا کارەبای سنوری زەرد باشترە لەم سنورە، لەکاتێکدا هەم سەرچاوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لەم سنورەیە، هەم بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان کە کارەبا بەرهەم دەهێنن لەم سنورەن. واتە سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم سنورە دەچێتە خزمەتی زۆنی زەردەوە، لەبەرامبەر پێدانی هەندێک پۆستی بێدەسەڵات بە یەکێتی و گۆڕان.

لە دوایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەسەروەختی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا، لەگەڵ کۆمەڵێک برادەردا سەردانی کاک محمد ئەمین پێنجوێنیمان کرد؛ ئەویش ئەم بەسەرهاتەی بۆ گێڕاینەوە؛ وتی ئاخیر جار کە چوە بۆ لای کاک نەوشیروان، پێی وتوە کە گۆڕان و یەکێتی، ڕاستر (کاک نەوشیروان و هێرۆ خان) ڕێکەوتون کە گازی چەمچەماڵ لە ڕێی بۆریەوە بگەیەننە سەر دەریای قەزوین یان کەنداوی فارس، وتویەتی تەنانەت ئەمریکیەکانیشمان ڕازیکردوە، چونکە ئەم دەڤەرە لە ڕوی جوگرافیەوە چاری نیە و تەنها سنوری بە ئێرانەوەیە.

کاک نەوشیروان وتویەتی کێبڕکێی سیاسی و سەربازی لەگەڵ پارتیدا دەگۆڕین بۆ کێبڕکێی ئابوری و ئەم ناوچەیە دەکەین بە ناوچەیەکی خۆشگوزەران و دەوڵەمەند و پێشکەوتو. بەداخەوە ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی دورکەوتنەوە و کۆمەڵێک پۆست پەرست جێی گرتنەوە.

بەڵام خەلکی ئەم دەڤەرە چیتر چاوەڕێی تیمی حکومەتی یەکێتی و گۆڕان ناکەن و درەنگ یان زوو بڕیاری خۆیان دەدەن.