چەند پێشنیارێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی پەکەکە و پارتی

2021-02-09

د. شێرکۆ کرمانج

لە ٢١ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەگەڵ یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخست بەبەشداری نوێنەری زۆربەی حزب‌و لایەنەکانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ لە کوردستان، کە ئەگەری هەڵگیرسانی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەئارادابوو. چەندین کەسایەتی سەربەخۆو ئەکادیمیش بەشداریان لە کۆبوونەوەکە کرد بوو، منیش وەک ئەکادیمیەک بەشدار بووم. لە کۆبوونەوەکە دووجار دەرفەتی قسەم پێدرا، بەڵام لەبەر کەمی کات نە پڕژامە سەر زۆربەی ئەو خاڵانەی کە دەمویست لەمەڕ شەڕی ناوخۆو چارەسەرییەکانی بیانخەمەڕوو.


بۆیە پێمباشە لێرە بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسە گرنگەو هەندێک سەرنج‌و تێبینی بخەمەڕوو کە هەم هۆکارەکانی شەڕو ململانێی کوردی-کوردی لەخۆبگرێت هەمیش هەندێک پێشنیار بۆ لێکنزیکبوونەوەو خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی‌و پەکەکە بگرێتەخۆ، کە دەکرێت ببن بە بنەمایەک بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی کوردکوژی.

من پێموایە کێشەو چارەسەری ململانێ‌و ناکۆکییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی کوردستان لەمڕۆدا دەکرێت ڕەگی سەرەکیان لەم دوو خاڵەدا بێت:

یەکەم، بوونی چەک لە دەست حیزب (لێرە مەبەستم زیاتر هێزە چەکدارەکانی پارتی‌و یەکێتیی)، واتە تا لە باشور هێزێکی چەکداری نیشتیمانیی بان-حیزبی‌و ئایدیۆلۆجی دروست نەکرێت کە پیشەییان ڕێکخرابێت‌و ئامانجی پاراستنی قەوارەی هەرێم‌و خاک‌و نیشتیمانی کوردستان بێت، ئەوە ئەگەرەکانی شەڕ هەر لە ئاسماندا دەسوڕێنەوە، نەک هەر لەگەڵ پەکەکە بەڵکو لەنێوان خۆیان‌و لایەنەکانی دیکەش.

دووەم، پشتبەستن بە خەباتی چەکداری (لێرە مەبەستم زیاتر پەکەکەو ئەو هێزانەی دیکەی کوردستانە کە خەباتی چەکداری پەیڕەو دەکەن)، واتە تا هێزە کوردستانییەکان خەباتی چەکداری‌ وەک ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد ببینن‌و هێزی چەکداری دروستبکەن ئەوە ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆ لەنێوان گروپە چەکدارەکان هەمیشە لە ئارادایە.
بەڵام، لەم ئانوساتەدا، هەموومان درکی ئەوە دەکەین کە تێپەڕاندنی ئەم دوو خاڵەی سەرەوە، واتە دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانیی بان-حیزبی لە باشورو دەستبەرداربوونی پەکەکە لە خەباتی چەکداری ئەگەر موستەحیلیش نەبێت ئەوە ئێجگار سەختە. بۆیە لەم ساتەدا دەبێت بیر لە شێوازی دیکە بکەینەوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان پارتی‌و پەکەکەو زەمینەسازی بۆ گفتوگۆیەکی بەرهەمدار. بۆ ئەم مەبەستەش، لە خوارەوە چەندین پێشنیار دەخەمەڕوو کە دەکرێت وەک بنەماو سەرەتایەک بۆ لێکنزیکبوونەوە ببینرێن‌و کاریان لەسەر بکرێت، لەوانە:

یەکەم، کێشەی هەرە سەرەکی نێوان ئەم دوو هێزەی کوردستان ئەوەیە کە نە پارتی نە پەکەکە داننانێن بەوەی کە ئەوەی دیکەش هێزێکی گەورەو کاریگەرە لە ئاستی کوردستان‌و ناوچەکەو جیهان دا. داننان بەم ڕاستییە سەرەتایەکە بۆ لێکتێگەیشتن‌و لێکنزیکبوونەوەو گفتوگۆو دانوستان.


دووەم، هەم پارتی و هەم پەکەکە، بەتایبەتی لە ئاستی خوارەوە، دامێن، ئاستی خەڵک‌و جەماوەر، ماشێنێکی گەورەی میدیاییان، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیا دا، لە دژی ئەوی دیکە خستۆتەگەڕ بۆ بەشەیتانکردن‌و ناشیرینکردنی ئەوی دیکە. واچاکە هەر دوو لایەن وازبێنن لە بەشەیتانکردن‌و بەدێوەزمەکردنی ئەوی دیکەو ئەو هێرشە بێ مانایەو ئەو پارە زەبەلاحەی هەر دوو لا لەو بەشەیتانکردنەی یەکدی سەرفی دەکەن لە نزیکردنەوەی خەڵک‌و جەماوەرەکانیان لە ئاستی جادە سەرفی بکەن باشترە.

سێیەم، بەشەیتانکردنی ئەوی دیکە، تێگەیشتن‌و زهنیەتێکی لێکەوتۆتەوە کە هەر دوو لا ئەوی دیکە وەک هەڕەشەیەکی جدی لەسەر بوونی خۆی ببینێت. ئەمەش وایکردوە کە هەر دوو لا کەم تا زۆر، دەستی لایەنە هەرێمییەکان ڕابکێشن بۆ لای خۆیان لە ترسی ئەوەی کە بوون‌و مانەوەی خۆی لە هەڕەشەی ئەوی دیکە بپارێزێت. ئەمە بۆ هێزەکانی دیکەی کوردستان، وەک یەکێتیی‌و گۆڕان‌و پارتەکانی کوردستانی ئێرانیش هەر ڕاستە. وازهێنان لە بەشەیتانکردن‌و بەهەڕەشە دیتنی ئەوی دیکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زەمینەسازی بۆ گفتوگۆ.

چوارەم، بەشەیتانکردن‌و بە هەڕەشە دیتنی ئەوی دیکە، وەک ئاماژەی پێکرا بۆتە مایەی دەستڕاکێشانی هێزە هەرێمییەکان. کاتێکیش هێزە هەرێمییەکان دێنە نێو گۆڕەپانەکە ئێدی لایەنە کوردستانییەکان دەبن بە ئامراز بۆ جێبەجێکردنی ئامانج‌و بەرژەوەندییەکانی هێزە دەرەکییەکان کە ١٨٠ پلە دژبەیەکەن لەگەڵ ئامانج‌و بەرژەوەندییەکانی کوردستانیان‌ بەگشتی. حیزب و لایەنە کوردستانیەک لە بکەرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کوردستان دەکەون. هاوکات، تێگەیشتن لەوەی کە هێزە هەرێمییەکان، بەتایبەتی تورکیاو ئێران، بەڕادەیەکی کەمتر عێراق‌و سوریا، لاوازیی‌ هەموو هێزێکی کوردستانیان دەوێت.
تورکیا کە ناسراوە بە یارمەتیدەرو پشتیوانیکەری پارتی بەڵام ئەو هیچ کاتێک نایەوێت پارتی ببێتە تاکەهێزی کوردستان‌، گەورەهێزی کوردستان یان هێزی دەستڕۆیشتویی کوردستان. ئێران کە بەوە ناسراوە یارمەتی پەکەکە دەدات بەڵام ئێران پەکەکەو پژاک بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر خۆی دەزانێت لەمەڕ پرسی کورد. بۆیە هەر یارمەتییەک کە پارتی لە تورکیا وەریدەگرێت یان پەکەکە لە ئێران تەنیا ئەوکاتە فەراهەم دەکرێت کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی تورکیاو ئێران بێت. پشت تێکردنی تورکیا لە پارتی لە سەروبەندی ڕیفراندۆم بەڵگەیەکی زەق‌و ڕونە.

پێنجەم، هەر یەکێک لەم دوو هێزە بیانەوێت چارەسەری کێشەو گرژییەکانی نێوانیان بکەن‌و پرس‌و ڕا بە هێزە هەرێمییەکان بکەن مانای ئەوەیە کە هیچ مەبەستیان لێکنزیکبوونەوەو پێکهاتن‌و چارەسەر نیە، بەڵکو مەبەستەکە زیاتر دروستکردنی بێ متمانەیی‌و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

شەشەم، دەبێت پارتی وازبێنێت لەوەی کە لە ڕۆژاڤا کێشە بۆ یەپەگەو هەسەدە دروستبکات بۆ ئەوەی فشار لەسەر پەکەکە لە باشور دروستبکات. بەهەمانشێوە، دەبێت پەکەکەش وازبێنێت لە باشور فشار لەسەر پارتی دروستبکات تاوەکو فشارەکانی سەر ڕۆژاڤا کەم بکاتەوە. لەبری ئەم یارییە ناشیرنە دەبێت هەر دووکیان لەوە بگەن کە بێهێزبوونی هەر کامیان لە قازانجی نەیارانی کوردو کوردستانە بەتایبەتی ئەگەر ئەو ڕاستییە لەبەر چاوبگرین کە پەکەکە ناتوانێت لە باشور ببێتە جێگرەوەی پارتی‌و ئەنەکەسەش ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی پەیەدە لە ڕۆژاڤا.

حەوتەم، پارتی وازبێنێت لە سووربوون لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە ڕۆژاڤا بەڕێژەی فیفتی فیفتی (پەنجا بە پەنجا) چونکە ئەوەی باشوری بەم حاڵە نەخوازراوە گەیاند هاوکێشەی فیفتی فیفتی پارتی‌و یەکێتیی بوو لە ١٩٩٢ کە تا ئێستا بەردەوامە. هاوکات، پەکەکە وازبێنێت لەوەی کە هەڕەشەی سەربازی لەسەر پارتی لە بادینان دروستبکات. هاوکات، پارتی فشار بخاتە سەر ئەنەکەسە کە واز لەو داوایەی بێنێت کە کوردەکانی باشورو ڕۆژهەڵات‌و باکور لە پۆستە ئیداری‌و سەربازییەکانی ڕۆژاڤا دووربخرێنەوە.
هەشتەم، پارتی دەبێت لەوە بگات کە بوونی هێزو بارەگاکانی تورکیا لە بادینان‌و هەوڵەکانی تورکیا بۆ گرتنی شەنگال پێش پەکەکە هەڕەشەن لەسەر پارتی‌و پێگەی پارتیە. هاوکات، دەبێت پەکەکە نەبێتە ئەو هەڕەشەیە لەسەر پارتی کە وا بکات هێنانی تورکیای پێش باشتر بێت لە بوونی پەکەکە لە بادینان.

نۆیەم، هاتنی تورکیا بۆ شەنگال بکرێت بە هێڵی سور چونکە توکیا بۆ هەر شوێنێک بێت مەحاڵە بەخۆشی چۆڵی بکات، هاوکات، بوونی تورکیا لە شەنگال نەک هەر پارتی‌و پەکەکە لاوازو پێگە بنکۆڵ دەکات بەڵام تەواوی بوونی کوردو کوردستان دەخاتە خەتەرەوە. ئەم تێگەیشتنە زۆر گرنگە بۆ زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی پارتی‌و پەکەکە.
ئەم خاڵانە بەدڵنییاوە کامل نین بەڵام دەکرێت بکرێن بە سەرەتاو بنەمایەک بۆ زەمینەسازی‌ لێکنزیکەوتنەوە.