بایدن دەست بە كارە ئاڵۆزەكە دەكات و دەیەوێت گوانتانامۆ دابخات

2021-02-13

ئیدارەی جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دەستی بە ڕێكارەكانی داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ ی سەربازی كردووە، دەیەوێت ئەو دامەزراوەیە بە یەكجار یدابخات، كە ناو و ناوبانگی ئەمریكای لەكەدار كردووە.
زیندانەكە تاكو ئێستا 40 زیندانی لە خۆ دەگرێت، زۆرینەیان ماوەی دوو دەیەیە بەبێ دادگایی كردن و یان تۆمەتبار كردنیان بە تۆمەتێكی دیاری كراو، هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی كاركردنی لە كۆشكی سپیدا، زیندانەكەی بە كراوەیی هێشتەوە و هیچ هەنگاوێكی بۆ داخستنی نەگرتە بەر، هەرچەندە پێشتر بەڵێنی داخستنی دابوو.

پەڵەیەكی ڕەشە بە ڕووی ئەمریكاوە:
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی " رۆیتەرز"یان وتووە، كە ئەوان بەشدار بوون لە گفتوگۆكانی داخستنی گرتوخانەكە، ئەوان دەڵێن:" چاوەڕی دەكرێت، سەرۆك لە ماوەی چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێكی دیكە، واژۆ لەسەر داخستنی بدات".

ئەمەش واتەی ئەوەیە كە هەوڵێكی جدی هەیە بۆ داخستنی گرتوخانەكە، كە لەلایەم چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ ڕەخنەی زۆری لەسەر دەگیرێت و بۆتە پەڵەیەكی رەش بە ڕووی ئەمریكاوە.
لەلایەكی دیكەوە، ئیمیلی هۆرنن وتەبێژ بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكرێت، كە وەك میرات بۆ ئیدارەكەی بایدن ماوەتەوە، دەشڵێت:" ڕێكارەكان لەگەڵ ئامانجە گەورەكەمان دەڕۆن، كە داخستنی گوانتانامۆیە".
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕونیشی دەكاتەوە كە" ئەنجومەنەكە بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوە و داد، هەوڵی داخستنی دامەزراوەی گوانتانامۆ دەدات، هەروەها لەگەڵ كۆنگرێس-یش هەماهەنگی دەكات".

كارێكی ئاڵۆزە:
چاودێران پێیان وایە كە هەوڵەكانی بایدن بۆ داخستنی گرتوخانەكە، كارێكی ئاسان نیە، چونكە لەناوخۆدا دابەش بوونێكی سیاسی زۆر هەیە، هەروەها " باجە سیاسیەكەی زۆر قورس دەبێت"،چونكە ئەو گرتوخانەیە پەیوەستە بە ڕووداوەكانی تیرۆرەوە.
تاكو ئێستا دیار نیە، كە كەی ئەو گرتوخانەیە دادەخرێت، كە لەسەردەمی باراك ئۆباماوە پەیمانی داخستنی دەدرێت، ئەو گرتوخانەیەی كە لە دوای ڕووداوەكانی 11ی سیپتەمبەرەوە،كراوەتەوە، سەرۆكەكانی ئەمریكا لە هەوڵ و پەیمانەكانیان بۆ داخستنی شكست دێنێت.


زیندانیەكان دڵخۆشن بە هاتنی بایدن:
ماڵپەڕی The Guardianی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە زیندانیانی گوانتانامۆ دڵخۆش بوون بە سەركەوتنی جۆبایدن، هیواخوازن مانەوەی چەندین ساڵەیان بەرەو كۆتایی بڕوات و لەو زیندانە بێنە دەرەوە.
یەكێك لەو چل دەستگیركراوەی گوانتانامۆ، خالید قاسمە، كە لە ساڵی 2001ەوە لە ئەفغانستان دەستگیر كراوە، ئەو لە لێدوانێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزەرەكەی دەڵێت:" پێم وایە كێشە نابێت ئەگەر هەست بە دڵخۆشی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەن بكەین،بەڵام ئەمە واتای ئەوە نیە، كە چاوەڕێی بایدن بین لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی بڵێت دەی با خالید ئازاد بكەین".
ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە خالید هیچ پەیوەندییەكی بە تیرۆرەوە نیە، هەروەها دانپێدانانی پێشووی كشاندۆتەوە، كە دانی بەوەدانابوو سەر بە قاعیدەیە، ئەو دەڵێت:" ئەو دانپێدانانە لەژێر ئەشكەنجەدابووە، خالید لە ئەفغانستان بەدوای كاردا دەگەڕا، بەڵام دەستگیركراوە و ماوەی 17 ساڵە لە گوانتانامۆ بەبێ هیچ تۆمەتێك هێڵدراوەتەوە.

نامەیەك لە زیندانیەكی گوانتانامۆوە بۆ بایدن:
رۆژی 22ی یەنایەری 2021، رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، نامەیەكی زیندانی كراوی گوانتانامۆی بۆ جۆبایدن بڵاو كردەوە، كە ڕێكخراوێكی مافەكانی مرۆڤ بەناوی Reprieve بۆ رۆژنامەكانی ئەمریكای هێنابوو.
ئەحمەد رەبانی ئەو زیندانیایە كە نامەكەی بۆ بایدن نوسیوە، ئەو بە بیری سەرۆكی نوێی ئەمریكای دەهێنێتەوە، كە ئەویش وەك سەرۆك هەمان ئازاری هەیە و دەڵێت:" سەرۆكی نوێ لە ساڵی1972 هاوسەر و منداڵەكانی لەدەستدا، دواتریش بەهۆی وەرەمێكی لە مێشكیدا، منداڵێكی دیكەی لەدەستدا،بۆیە هیوا خوازم ئەم ئازارانە وا لەسەرۆك بكات، هەست بە ئازاری ئێمەش بكات".
رەبانی كە بەڕەگەز پاكستانیە دەڵێت:" من لە شاری كەراتچی لە ساڵی 2002دا ڕفێنرام، ئەو چیرۆكەی كە دەوترێت تیرۆرستم و ناوم حەسەن گولە ڕاست نیە".
رەبانی ئاماژە بەوەش دەكات، كە كاتێك دەستگیركراوە، هاوسەرەكەی دوو گیان بووە ، دوای چەند مانگێك منداڵێكیان بووە و ناویان ناوە جەواد، بەڵام ئەو منداڵە ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و بۆ یەك جاریش ڕێگا بە ڕەبانی نەدراوە بیبینێت.