تورکیا دوای شکستی چیای گارە

2021-02-15

هیوا سەید سەلیم

بە هەموو پێوەرێکی سەربازی بێت سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی سەر چیای گارە شکستیهێناوە، بە کوشتدانی گەوەرە ئەفسەری سوپا لەچوارچیوەی ئەو ئۆپراسیۆنە پاشەکشێی سوپا لەو ناوچەیە نیشانەی ئەو شکستە سەربازییەن.
بەڵام دیوی مەترسییەکە لە دیوی شاراوەی پیلانی تورکیا لە ئۆپراسیۆنی چیای گارە هێشتا ماوە بەتایبەت لە سیناریۆی سوپای تورکیا لە کووشتنی دیلەکانی خۆی کە لە ساڵانێکە لە زیندانی پەکەکەن لەو ناوچەیە.


تورکیا بەر لە ئۆپراسیۆنەکە لە زاری سەرۆک کۆمار رایگەیاندبوو کە لەو چەند رۆژە مژدەیەک رادەگەیەنێت، هەروەها کەسێکی شارەزا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە نووسی بووی:
(سوپای تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە سنوردارەی کە ژمارەیەکی کەم لە پۆلیسی مەشقپێکراو بەشداری تێداکردووە فەرماندەیەکی پەکەکەیان بە ئامانج گرتووە).

ئەو زانیارەیە زۆر نزیکە لە راستییەوە، چونکە لەگەڵ موژدەکەی ئەردۆغان و ئەو کاردانەوەی کە دوای شکستی ئۆپراسیۆنەکە یەک دەگرێتەوە.
دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی ئۆپراسیۆنەکە لە لایەن خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا کە خۆی ڕاستەوخۆ لە شاری شرناخی باکووری کوردستان لەگەڵ گەورە ژەنەڕاڵەکانی سوپا چاودێری ئۆپەراسیۆنەکەی چیای گارەیان دەکرد، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت ( ئەگەر موراد قەرەیلان دەستگیر بکەین پارچە پارچەی دەکەین).


ئەو هەڵچوونەی سلێمان سۆیلۆ، ئامژەیەکی روونە بەوەی باسمان لێوەکرد کە سوپای تورکیا وێڕای تەسفیەی دیلەکانی کە بەندی پەکەکە بوون مەبەستی بووە (موراد قەرەیەلان) بکاتە ئامانج.

،،

ئێستا کە سوپای تورکیا لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا بە سەرشۆڕی لە چیای گارە کشاوەتەوە، پێشبینی دەکرێت سوپا دۆڕاوەکە و سیاسیە شکستخواردووەکان کاردانەوەی خرابیان هەبێت، پێشبینی دەکرێت کە کاردانەوەکان لەسەر دوو ئاستی جیا دەبێت، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە.


لە ئاستی ناوخۆ فشارەکان لەسەر گرتنی کادیر و لایەنگری هەدەپە زیاتردەکەن، تا ئاستی سنووردارکردن و تەنانەت داخستنی پارتەکەشیان، کە دەمێکە لە لایەن ئەکەپە و هاوپەیمانەکەی لە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) کاری بۆ دەکەن. هەروەها درێژە دان بە ئۆپراسینەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی تۆڵەی کووشتنی سەربازە دیلەکانیان دەکەنەوە، کە خۆیان لە سیناریۆیەک تەسفیەیان کردوون.


ئەردۆغان بۆ داخستنی هەدەپ پلانی پێشوەختەی هەبوو، لە نێو ئەو پلانەدا بڕینی کۆمەکی دارایی هەدەپە کە بە یاسا لە خەزینەی دەوڵەت بۆی بڕاوەتەوە، هەروەها پەنابردنە بەر هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، کە بە شێوەیەک بێت کە هێندەی دیکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار فراوانتر بکات تا بگاتە ئاستی ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت هێزی بەسەر رکابەر و نەیارانی دابشکێت.


لەسەر ئاستی دەرەوەش تورکیا لە چەند رۆژی ئایندەدا پرسی سیناریۆی کووشتنی دیلەکان بە رای گشتی جیهانی دەفرۆشێتەوەو زۆریش مەبەستیەتی تورکیا وەک قوربانی نیشانی تەواوی جیهان بدات، لە یەکەمین کاردانەوەش بەرامبەر ئەو سیناریۆیەی دەوڵەتی تورکیادا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەر ساخ بووەوە کە پەکەکە دەستی هەیە کووشتنی دیلەکان ئەوا ئیدانەی دەکەین.
بۆیە بۆ ئەوەی سەرکەوتنە سەربازیەکەی پەکەکە لە چیای گارە بە شکستێکی سیاسی نەشکێتەوە، پێویست دەکات پەکەکە بە بەڵگەوە پەردە لەسەر سیناریۆی کووشتنی دیلەکان هەڵداتەوە، و ئەستۆ پاکی خۆی بۆ رای گشتی ڕابگەیەنێت، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕوانی دیوە شاراوەکەی پشتی سیناریۆی ئۆپراسیۆنی گارە بکات.