زمانی کوردی لە قەیراندایە

2021-02-21

د. مستەفا ڕەزا مستەفا

ئەوەى سەبارەت بە سیاسەتى دەسەڵاتدارەکانى ئەو وڵاتانەى، کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە هەیە، زۆر ڕوونە، بۆ نموونە ڕامیاریی ئەوان زۆر ئاشکرایە، چونکە بە ئاشکرا باسی یەک ئاڵاو یەک نەتەوە و یەک زمان دەکرێت، هاوکات بە ئاشکرا کار لەسەر ئەوە دەکرێت، کە زمانى کوردیی تەنها لەقاوغى زمانى قسەکردنى بازاڕ و ناوماڵدا بهێڵنەوە و نەهێڵن پەل بۆ بوارەکانى پەروەدە و خوێندنى باڵاو ڕاگەیاندن و تەکنەلۆژیا و زانست و فەلسە و زانستە مرۆڤایەتییەکان و کارگێڕیی و بەڕێوەبردن و یاسادانان بهاوێژێت.


ئەمەش لەبەرئەوەیە، کە ئەگەر زمانى کوردیی لەم بوارانەدا خزمەتبکرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ عەقڵى کوردیی و تاکى کوردیی خزمەتدەکرێت، چونکە لەبیرمان نەچێت، زمان دەربڕیی بیرو هۆش و عەقڵییەتى مرۆڤە، ئەوە زمانە پێماندەڵێت فڵان نەتەوە چۆن بیردەکەنەوە و چۆن دەهزرن و چۆن بۆ ئایندە دەڕوانن، واتە ئەگەر زمانەکەمان داگیربکرێت و بەربەستى بۆدابنرێت و ڕێگەى نەشونماو گەشەکردن و خۆنوێکردنەوەى لێبگیرێت، ئەوا بێگومان ڕێگەى بیرکردنەوە و گەشەکردن و نەشونماکردنى تاکى کورد دەگیرێت، لە کۆتاییشدا ئەو بیرۆکەیە لاى تاکى کورد دروستدەبێت، یاخود تاکى کوردیش وەک دوژمنانمان دەگەنە ئەو باوەڕەى، کە زمانى کوردیی زمانى زانست و بیرکردنەوە و فەلسەفاندن و پەروەردە نییە، بەڵکو بە وێنەى پیاوانى سەردەمى کەنیسەى ڕۆمانى، کە بە زمانەکانى وەک (ئینگلیزى و فەرەنسى و ئیسپانى و ...هتد)یان دەگوت زمانى خەڵکى ڕەشوڕووت و سەرجادە و چاخانە و ماڵەوە، ئەوا زمانى کوردییش لەلایەن ناحەزانى کوردەوە وا چاوى لێدەکرێت.

کەواتە بۆئەوەى ئێمەى کورد، وەک نەتەوەیەکى زیندو لە ڕۆژهەڵاتى ناوین خۆمان بسەلمێنین، ئەوا پێویستە پێش هەرشت گرنگیی بەخزمەتکردنى زمانەکەمان و دواڕۆژى زمانەکەمان بدەین، چونکە ئەوە زمانە ناسنامەى شارستانیی و کەلتووریی و بوون و مانەوەى ئێمە مسۆگەردەکات، لەبەرئەوەى قایمکردنى سەنگەریی زمان، بە واتاى قایمکردن و توندوتۆڵکردنى سەنگەرى کوردایەتیی دێت، بە واتاى بوونى ئێمە وەک نەتەوەیەکى دێرین لەناوچەکەدا دێت، بۆ نموونە با لەئێستادا بوترێت، سەدان هەزار کورد لە ئەردەن و دیمەشق و میسرو لیبیادا وەک ڕەگەز بوونى هەیە، بەڵام لەبەرئەوەى چیدى زمانى کوردیی لەو وڵاتانە بەشێوەیەکى فەرمیى لەبوارە جیاوازەکاندا ڕێگەپێدراو نییە، هاوکات چیدى زمانى کوردیى زمانى گۆشکردنى نەوەى داهاتوو نییە لەنێو ئەو خێزانانەدا، کەواتە ئەوانە وردە وردە بەرەو توانەوە (assimilation) دەڕۆن، مەگەر تەنها مێژوو تۆمارى بکات، کە هەر لەکاتى (سەڵاحەدینى ئەیبووییەوە)، دەیان و سەدان خێزانى کورد چوونەتە وڵاتى شامى جاران، بۆ نموونە لە ساڵى ١٩٨٩ ز لەلایەن ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک دەرچووە، کە لە ٥٤ ماددە پێکهاتووەو لە ماددەى ٣٠یەمدا دەڵێت: " ئەو مناڵانەى، کە سەر بە کەمایەتییەکانى ئایینى، نەتەوەیی، زمانیین، مافى ئەوەیان هەیە، کە بە کۆ، یان تاک لە زمان فەرهەنگ ئایینى خۆیان کەڵکوەرگرن و بەکاریبهێنن."، بەڵام ئەمە لەو وڵاتانەى، کە نەتەوەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە پێچەوانەیە، بۆ نموونە لە باکورى کوردستان زمان و خوێندنى کوردى یاساغە و بە پێى دەستووری بنەڕەتیی تورکیا (قانون اساسی) لە بەندى (٤٢)دا دەڵێت: " هیچ زمانێک، بێجگە لە زمانى تورکى نابێت وەک زمانى دایک، بۆ خوێندن و وانەوتنەوە بۆ هاونیشتمانیی تورکیا، لە خوێندنگە و ناوەندە فێرخوازییەکاندا سوودیلێوەربگیرێت."، هاوکات لە بەندى (١٥)ى دەستوریی بنچینەیی ئێرانیشدا هاتووە: " زمان و خەتتى ڕەسمى و هاوبەشی خەڵکیی، لەوانە (زمان، مێژوو، خەت، ئاڵاى وڵات)، ئێران فارسییە، هەرچەندە بۆ هەندێ چالاکیی بڵاوکراوەیی و ڕۆژنامەگەریی و چالاکیی ئەدەبیی ڕێگەى بە زمانە ناوچەییەکان داوە، بەڵام بۆ ئەم ڕێپێدانەش لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکى تر و بەپێى بارودۆخە ڕامیارییەکە گۆڕانکاریی بەسەر کرانەوە و بەرتەسکبوونەوەى ئازادیی بڵاوکردنەوە و ڕێپێدانەکاندا هاتووە، هەروەها ئەم بارودۆخە سەبارەت بە ڕۆژئاواى کوردستان زۆر ڕوونە، کە تا پێش ڕووداوەکانى ٢٠١١ز مافى هاوڵاتیبوونیش بەکورد ڕەوا نەدەبینرا، نەک مافى زمانیی، بەڵام لە باشوریی کوردستان بارودۆخەکە بەهۆى کۆمەڵێک فاکتەرەوە جیاوازە، هەر لەسەردەمى بەریتانییەکان لەعێراق و دەرکردنى (قانون اللغات محلیە)وە، تا ڕێکەوتننامەى ١١ى ئازارى ١٩٧٠ و پاشان جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی لەدواى ڕاپەڕینى بەهارىی ١٩٩١ و دواتر بەهۆى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لەساڵى ٢٠٠٣ و دانانى دەستورى عێراق لەساڵى ٢٠٠٥ەوە زمانى کوردیی بەپێى دەستوری ناوبراو زمانى فەرمییە لەسەرجەم ناوەندە فەرمییەکانى عێراقدا بەهەموو بوارەکانەوە، کە پشت بەستە بە ماددەى (٤)، لە دەستوری هەمیشەیی عێراقى فیدراڵ، هەروەها ئەم بارە لەعێراق پێشتریش دانیپێدانراوە، کە بەپێى (دەستورى زمان)ى ژمارە (٧٤)ى ساڵى (١٩٣٣)، " کوردیی لە عێراقدا وەکو زمانێکى دەستووریی دانیپێدانراوە، ئەمە بەشێوەیەکى گشتی پانۆراماى سیاسەتیی حکومەتە سەردەستەکانى (تورک و عەرەب و فارس) بوو سەبارەت بە مافی زمایی بۆ کورد، بەڵام ئایا دەسەڵاتى کوردیی (حکومەتى هەرێمى کوردستان – باشوور)، بۆ خزمەتکردن گەشەسەندن و بەرەوپێشبردنى زمانى کوردیی چییکردووە؟
ئەوەى پەیوەستە بە باشوورى کوردستان (هەرێمى کوردستان)ەوە.


لەئێستادا وەک کۆى کایەو بوارەجیاوازەکانى ترى ژیان و ژیاریی نەتەوەى کورد زمانى کوردییش لە قەیراندایە، بێگومان ئەمەش لەپاى ئەو جۆرە ئیدارەدانە زمانییەیە، کە سیاسەتوانان و پارتە کوردییەکان و تەنانەت خەڵکانى ئەکادیمیش پێڕەوى دەکەن، ئەوەى وەک ڕۆژى ڕووناک دەبینرێت و دیارە دووبارە کردنەوەى سیاسەتى شۆڤینیانەى دوژمنانى کوردە لە نموونەى کەسێکى وەک (ساتح الحصرى)، یاخود وێنەگرتنەوەى دەقاودەقى هەنگاوەکانى حیزبى بەعسە هەروەک چۆن لەبوارى ڕاگەیاندندا هەردوو ڕۆژنامەى (بزاڤ و ئاسۆ)یان بەدوو زارى (کرمانجیی ژورو، کرمانجیی ناوەڕاست) دەردەکرد، بۆ دروستکردنى هەستى ناوچەگەرێتیی لەنێوان زارەکانى زمانى کوردییدا، تا لەو ڕوانگەیەوە، واتە لەڕێگەى سیاسەتى (پەرتکەو زاڵبە)وە بتوانن، نەتەوەى کورد وەک ئاردى ناو دڕکى لێبکەن، بێگومان ئەمجۆرە سیاسەتەشیان بۆچووەتە سەر، لەڕێگەى ئەو مەقاشانەى کە بەدرێژایی مێژوو، خەڵکانێکى کورد هەبوونە بوونە بە مەقاش و کلکى ئەو تەورانە بوونە، بۆ بڕینەوەى ئەو دارانەى کە کورد خۆى لەسەرى دانیشتووە.


لەڕاستیدا لە ئێستاى هەرێمدا پێڕەوکردنى دوو ڕێنووسی جیاواز، دوو زارى جیاواز، دوو پەروەردەى جیاواز دوو پرۆگرامى جیاواز دوو بەکارهێنانى زمانیی جیاواز لەبوارەکانى: (بەڕێوەبردن، پەروەردە، ڕاگەیاندن، یاسادانان، ...هتد)، ڕۆیشتنە بەو ئاقارەدا، کە لەداهاتوودا زۆربەئاسانى میللەتى کورد دەبێتە دوو نەتەوەى جیاواز، چونکە زمانیان وردە وردە لێکجودادەبێتەوە، ئەوکات بیرکردنەوە، کەلتور، زمان، پەروەردە...یان لێکجودادەبێتەوە.