زمانی دایک

2021-02-21

بۆ یەکەمین جار، لەسەدەی یانزە و دوانزەی زاینییدا، زاراوەی "زمانی دایک" پەیدا بوو، لە کاتی نوێژ و خوتبەدانی راهیبە جێرمانیکەکانی گۆرزێ کە فشارێکی زۆری راهیبەکانی دێری کلونیان لەسەر بوو کە ئەوان بە زمانی رۆمان قسەیان دەکرد. زمانی رۆمان ئەو پردەیە کە دەکەوێتە نێوان زمانی لاتینی و ئەو زمانانەی کە دواتر لە رەحمی لاتینییەوە جیا دەبنەوە وەکو فەڕەنسی و ئیتالی و ئیسپانی و پورتوگالی هتد راهیبە فرانسیکەکان دوو پاساویان دەهێنایەوە بۆ بەکارهێنانی زمانی دایکیان لە نوێژ و گوتارە ئاینییەکانیاندا.


یەکەم : زمانی فرانسیک لە لایەن ژنانەوە قسەی پێ دەکرا، تەنانەت لەو قۆناغەش کە پیاوەکانیان وشەی رۆمانیان تێکهەڵکێشی زمانەکەیان دەکرد، ئەوان هەر بە فرانسیک قسەیان دەکرد.
دووەمیشیان : فرانسیک لە لایەن خوشکانی کڵێسا قسەی پێدەکرا، واتە ژنە راهیبەکانەوە.


چەند سەرنجێک :
بە درێژایی سەدەکانی ناوەند زمانی ئاین لە ئەوروپا زمانی لاتینی بوو، بۆ ئەوەی لە قسەی خودا تێبگەی دەبوو خۆت فێرە لاتینی بکەی، بەڵام ئەو دەمەی کە ئیدی زمانەکانی دیکە لە ناو منداڵدانی لاتینییەوە پەیدا دەبن و ئەو زمانانە، بە تایبەتی زمانی رۆمانی کە زۆر جیاواز بوو لە زمانی ئینجیل، بۆیە پیاوانی کڵێسا هەوڵیان دا کە ئیدی نوێژ و گوتارەکانیان بەو زمانە بێت تاکو ئەو رەشە خەڵکە تێبگەن، تەنانەت دواتر ئینجیل تەرجەمەی ئەڵمانی دەکرێ لە سەردەمی لۆتەر و دواتر لە لایەن لافێڤر وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی فەڕەنسی و بەرەبەرە زمانی ئاینی لۆکاڵی پەیدا دەبن. هاوشان لەگەڵ بیرۆکەی نەتەوایەتی و سنوور و جوگرافیایەکی کۆمەڵایەتی جیاواز، زمانی نەتەوەش سەرهەڵدەدا.


ئەم حاڵەتە لە ناو ئێمە سەری هەڵنەدا، هۆکار بۆ ئەمەش زۆرن. یەکەمیان، بە ئایدیۆلۆجیی کردنی زمانی عەرەبیی بوو کە نەک تەنها وەک زمانی پیرۆز ئەژمار کرا لەسەر زەوی، بەڵکو بوو بە زمانی خەڵکی بەهەشتیش. بە بێ ئەوەی سروشتی ئەو زمانە دیاریی بکرێت! لێرەوە، دۆگم و کۆدەکانی نوێژکردن و بانگدان و قورئانخوێندنیش دەبوو تەنها بە زمانی عەرەبی بێ. ئەمە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی هەم لە هۆشیاریی ئاینیی ئەو میللەتانە دروست کرد کە عەرەب نەبوون، هەم ئیسلام بوو بە ئاداتێکی بەعەرەبکردن هاتە مەیدان بە بێ ئەوە بە ئاشکرا جاڕ بۆ ئەمە لێ بدرێت.

،،

مرۆڤی ئێمە، پەیوەندیی لەگەڵ خودا، لە رێگەی زمانەوە نییە، چونکە بەشێکی هەر زۆری خەڵکەکە ئەو زمانە شارەزا نین، بەڵکو لە رێگەی "خەیاڵکراوە"وەیە، واتە زەن دەکەن تێدەگەن.


ئەم پرۆسەیە کەلێنی خستۆتە نێو هۆشیاریی ئاینی ئێمە و رێگرە لەوە مەرجەعی لۆکالی دروست بیت، بۆیە دەبینین ئیسلامی سیاسی خۆی بە درێژکراوەی مەرجەعێکی دەرەکی دەزانی. پرۆسەی بەعەرەبکردن و بە ئیسلامکردنەوە هاوتەریبن لەم بوارەدا.


هیچ دەقێکی ئاشکرای ئاینیی نییە جەخت لەسەر ئەوە بکات کە نابیت بانگ بە کوردیی بدرێت و نوێژ بە کوردیی بکرێت و قورئان بە کوردیی بخوێندرێت.
بۆیە گەڕانەوە بۆ زمانی دایک، گەڕانەوەیەکی تەندروستترە بۆ گوتاری خودا، چونکە تێگەیشتن دەکەوێتە پێش ئیتاعەکردنەوە، تاکو ئێستا لە ئەقڵی دەستەجەمعییدا بە پێجەوانەوەیە ئیتیاعەت پێش تێگەیشتنە.