بزوتنەوەی گۆڕان چی پێبەخشین؟

2021-02-21

دوای تێپەڕبوونی دەیەیەك لە درووستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، گرنگە بپرسین ئەو بزوتنەوەیە كەجەماوەرێكی بەرفراوان خۆبەخشانە خستیانە سەرپێ، چی بەلایەنگران و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەخشی؟.

گەر هەڵسەنگاندنێكی واقعی بۆ دۆخی خودی بزوتنەوەكە بكەین، ڕەنگە بەو دەرئەنجامە بگەین نەبوونی لە ئێستادا باشترە لەبوونی.
هۆكاری سەرەكی درووستكردنی بزوتنەوەكە، لەئەنجامی ململانێكی خودی نەوشیروان مستەفا لەتەك خودی تاڵەبانی بوو. نەوشیروان مستەفا هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوە بوو كەسی یەكەم و بڕیاردەری یەكەم بێت لەناو یەكێتی و جیابوونەوەشی بۆ ئەو مەبەستە بوو وەك كارتی فشار بەرامبەر بەیەكێتی بەركار بهێنت. ڕێككەوتنامەكان و دانیشتەنەكانی دوای درووست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان گەواهیدەری ئەوەن ویستێك هەبوو بۆ نزیكبوونەوە تا ئاستی یەككگرتن. بەڵام كۆچی تاڵەبانی و نەشیروان مستەفا ئەوەی پەك خست.


ئەوەی بزوتنەوەكە بەخشیوویەتی، دوو كوڕی باڵابەرزی ئەسەمەری بازرگانە لەسەر سەروەتەكەی باوكی و باوكیشیان بەخشەرێكی كۆی گشتی سەروەتەی بزوتنەوەكە بۆ سەبەتە و گیرفانی كوڕەكانی. ئەگەر نەشیروان مستەفا بۆ كەس خێری نەبووبێت، ئەوە بۆ هەردوو كوڕەكەی خێروبەركەت و باوكێكی باش بوو. ئەوەشی پێشكەشی كرد هیچ جیاوازییەكی لەبنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی نەبووە. لەهێنانە پێشەوەی مناڵاكانیان و بەخشینی كۆی سەروەتی حزب بە بنەماڵە. ئێستاش ئەوەی بڕیاردەدا و بەرژەوەندییەكانیان لەپێش چاو دەگیرێت هەردوو كوڕەكەی نەوشیروانن.

لەسەر ئاستی سەركردایەتی حزبەكە یان بزوتنەوەكە، كۆمەڵێك پیروپەكەوتە بەناوی سەركردایەتی لەسەر كورسی سەركردایەتی ئەو بزوتنەوەیە دانیشتوون و خاوەن هیچ ڕوئیا و خەونێك نین نە بۆ لایەنگرانی حزبەكەیان نە بۆ خەڵكی كوردستان. بەشێوەیەك ئەوەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیان دووست بكات دەرگای گردەكەی لێدادەخن و وەك نەیارێك و مەترسی مامەڵەی لەتەكدا دەكەن. هەموو هەوڵێكیان ئەوەیە ڕێككەوتنی نێوانیان لەتەك حزبەكانی تر بەتایبەت پارتی هەڵنەوەشێنێتەوە.

،،

بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دووست بوونی لەیەك دوو هەڵبژاردن، پەیتا پەیتا لەكادرانی باڵایان سەنگەری كاركردنیان دەگوازنەوە بۆ بەرەی نەیاری خۆیان. وای لێهاتووە بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر وەك ئەكادیمای پێگەیاندنی كادری لێهاتووە بۆ حزبەكانی دیكە بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان. گەر سەیری لێدوانەكانی مەسعود حەیدەر بكەی لەبارەی بارزانییەوە، وادەردەكەوێت دامەزرێنەری پارتی بێت نەك قوتابی قوتایخانەكەی نەشیروان مستەفا. لەئایندەشدا نموونەی لەوشێوەیان زیاتر دەبینین.


هەڵپە و شەڕی وەرگرتنی پۆست لەسەر دەنگی ئەو حیزبەی خەڵكەی قوربانیاندا، بووە بەسیمایەكی هەرە دیاری ئەو بزوتنەوەیە، بەچەشنێك بێوەفایە تەنانەت ئامادەیە دەمی هەموو كادریەكانی خۆی دابخات لەسەر وەرگرتنی بریكارێك بەڕێوەبەرێك، تەناتەت تا ئاستی فەرمانبەرێكیش. ئێستا ئەو حزبە چەندین مەلەفی گەندڵی لەسەرە لەلایەن كادرانی ئەو حزبەوە لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا.

بەخشینێكی دیكەی بزوتنەوەی گۆڕان، دەركەوتنی پەرلەمانتاری ناڕازییە، ئەو پەرلەمانتارانە لەكاتێكدا سەربەحزب و لەهەمانكدا سەربەحزب نین، لێرەو لەوێ بەبەیاننامەی ئاگارین خەڵكی هاندەن و لەولاشەوە خۆیان بەڕێبازەكەی نەوشیروان مەستەفا بەستەوەتەوە. نەچارەسەریان پێیە، نەخاوەن هیچ تێروانینێك بۆ خەڵكی، ئەمانەش وەك تۆپخانە داخراوەكەی كەی ئێن ئێن لەبەر خاتری ڕازی كردنی چاوی كاڵی پارتی، خەریكن لەسەر ناڕەزایەتی و قوربانییەكانی خەڵكی لایك و كۆمێنتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆدەكەنەوە. ئەوەنەی نوسینێكی كاتی فەیس بوك شاگەشەیان دەكات، ئەوەنە كارێكی جەوهەری سەرقاڵیان ناكات.

بەشێوەیەكی گشتی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان وەك پارتی و یەكێتی هەژماردەكرێت و ئەوەنە جیاوازی نیە لەتەك پارتی و یەكێتی و شەریكە بەشی حكومەت و بەرژەوەندییەكانە. لەكۆی ئەو قوربانیانەی خەڵكی بۆ باشتركردنی ژیانی داویەتی بزوتنەوەكە جگە لەبەیاننامەی شەرمنانە هیچی دیكەی لێ چاوەڕوان نەكراوە. باشترین نموونەش گیراوانی ئەم دوایانەی بادینان و جێبەجێ كردنی حوكمی سیخوڕی و تۆمەتی ناڕەوان، كەچی جگە لەبۆڵەبۆڵێك هەڵوێستێكی ڕژد لەو بزوتنەوەیە نەببنرا، لەكاتێك دا تا ئۆپۆزسیۆن بوو، سەری زمان و بنی زمانیان ئازادی ڕادەربڕین بوو.