کاك مەلا بەختیار و ئیسلامیەکان و قسەیەکی تر

2021-02-23

گەر چاکەی گشتیمان مەبەست بێت، دەبێت پێشوازی لە ھەموو بەخۆداچوونەوەو بەرەو میانەرەوبووچونێکی زیاتر بکەین و ھانی بدەین، لە ھەر لایەکەوە بێت، نەك لە روانگەی ڕابردوەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەین و ڕەتی بکەینەوە. بە حوکمی ئەوەی، دەبێت رەخنە بە پلەی یەکەم ئاراستەی بیرکردنەوەو رەفتار بکرێت، نەك خودی کەسەکان و ئامانج تۆڵەکردنەوە بێت. لەم روانگەوە بەش بەحاڵی خۆم پێشوازی لە ھەندێ لەبیرکردنەوەو ھەڵوێستە نوێیەکانی کاك مەلا بەختیار دەربارەی ئیسلام و ئیسلامییەکان دەکەم. ھیواداریشم بەرھەمی بەخۆداچوونەوەیەکی فیکری جددی و دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەیەکی مەنھەجی مەسەلەکان بێت، بەتێپەڕینی ڕۆژگاریش قوڵتر ببێتەوەو شوێنەواری زۆرتری دەربکەوێت.

،،

گومانێکی بەردەوام دەربارەی ئینتیمای نیشتیمانی ئیسلامیەکان زەقدەکرێتەوە! وەك خەڵکانێکی نامۆ بە واقیعی نیشتیمانی و پییاوی دەرەوەو ئەم وڵات و ئەو وڵات وێنا دەکرێن. سەبارەت بەلای خۆمان، دوای سی ساڵ لە بەشداری سیاسی ھەندێ لە کاتی قسەکردنیان لەمەڕ قیستیڤاڵی تاجی زێرین و کچە سەرپۆش بەسەرە نوێکان، سەر لەنوێ ئەم قەوانە کۆنەیان لێدایەوەو ئەم خەرافەیان بەگوێمانادا!

بۆ نموونە، میانەرەوەکان و دیموکراسخوازو ئاشتیخوازەکان، بەرامبەر توندرەو و نادیموکرات و خۆسەپێن و توندوتیژەکان بە ئیسلامی و عەلمانییەوە. بەو واتایەی، دابەشکردنەکان لانی کەم لە ھەندێ ئاست و لەوانەش ئەرکە ھاوبەشەکان، ئایدۆلۆژیی و ناسنامە گەرایانە نەبن، بەلکو فیکری و سیاسی و بەھایی و نەرم بن. ئەمەش ئەو سازشە مێژووییەیە، ھیچ کۆمەلگەیەك بێ ئەو ناگات بەدۆخی سەقامگیری و دیموکراسی و یەکتر قبوڵکردنێکی راستەقینە.
........................................

سەبارەت بە توندیی ئیسلامی:

بە گوێرەی ئەو رێسایەی بەشێوەیەکی گشتی دەڵێت؛(توندیی توندی بەرھەم دەھێنێت)، بەشێ لەتوندیی ئیسلامییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکەو دونیادا، رەنگدانەوەی توندی ور ەتکردنەوەی بەرامبەرو شکستی دەوڵەت و نادیموکراتبوونی دەسەڵات و سیستیمەکانە. تەنانەت کرانەوەو دیموکراسییەکی سنوردارو پەراوێزیش، کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی توندی و ڕق و توندوتیژییەکان ھەیە. بۆ نمونە؛ ئەوەی لە جەزائیرو سوریاو لیبیاو میسر بینرا، لە مەغریب و ئوردن و تورکیادا نابینرێت. دیارە کلتوری عەرەبیش تایبەتمەندی خۆی ھەیەو لێرەدا ناچینە سەری.

کۆمەڵێك ھۆکار ھەن خزمەت بە داخراویی و توندیی بەشێ لە ھێزە ئیسلامییەکان دەکەن و ناھێڵن بەتەواوی بکرێنەوە؛ پەیوەندیان بە بیرکردنەوەو رەفتاری بەرامبەرەوە ھەیە، لەوانەش:

١- پێدانی جەوھەرێکی نەگۆڕ بە تەوژمی ئیسلامی، بەو واتایەی لە خودی خۆیداو بەدەر لە قۆناغی مێژوویی و دۆخەکان و لە جەوھەردا نالێبوردە، داخراو و توندرەو و نادیموکراتەو قابیلی گۆران نییە؟! ئەگەر کرانەوەو باوەڕ بە دیموکراسییەك لەخۆی نیشان بدات، تاکتیکەو ھەڵقوڵاوی قەناعەتێکی فیکری نیە؟ ئەمەش وادەکات ھەندێ کەس و ناوەند، رایەکی چەسپاو و نەگۆڕیان دەربارەی ئیسلامییەکان ھەبێ! وێنەیەکی نەمەتی و چەقبەستوویان لە مێشکدا ھەبێت، داوەری کردن دەربارەیان و رەتکردنەوەیان، پەیوەندی بە ئەدەبیات و رەفتاری ئەوانەوە نەبێت! چونکە پێشتر بریار لە ناسنامەو جەوھەریان بەشێوەیەکی چەقبەستووانە دراوەو قابیلی گۆران نییە!! ئەمەش دەچێتە خانەی ئیسلامیی فۆبیاوە، ئەوەی لە پشتیەوەشیەتی، ڕق و بوغزو توندڕەوی و قبوڵنەکردنی بەرامبەرە، نەك عەقڵانیەت و بیرکردنەوەی زانستی و لێپرسراوێتی فیکریی.

٢- مامەڵەی پڕوپاگەندانەو ھەواڵگریانەو بەردەوام بە نامۆ نیشاندانیان! ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی بۆتە سەرچاوەی حەسرەتێکی قوڵی دەرونی بۆ مرۆڤی ئیسلامیی. وەك بەشێ لە رەنگدانەوەی خاڵی یەکەم، گومانێکی بەردەوام دەربارەی ئینتیمای نیشتیمانی ئیسلامیەکان زەقدەکرێتەوە! وەك خەڵکانێکی نامۆ بە واقیعی نیشتیمانی و پییاوی دەرەوەو ئەم وڵات و ئەو وڵات وێنا دەکرێن. سەبارەت بەلای خۆمان، دوای سی ساڵ لە بەشداری سیاسی ھەندێ لە کاتی قسەکردنیان لەمەڕ قیستیڤاڵی تاجی زێرین و کچە سەرپۆش بەسەرە نوێکان، سەر لەنوێ ئەم قەوانە کۆنەیان لێدایەوەو ئەم خەرافەیان بەگوێمانادا!

بە نامۆنیشاندانی ئیسلامییەکانیش، لەپانتایی ھەرە زۆریدا پەیوەندیی بە رەفتاری ئیسلامیەکانەوە نیە، بەڵکو بەشێکە لە جەنگێکی دەرونی حیزبیی نانیشتیمانی بۆ ناشیرینکردنیان! بەڵگەیەکی روونە لەسەر لاوازی دیدی نیشتیمانی و ھوشیاری و ھەست بە لێپرسراوێتی ناسیونالیستانەی، سەرپەرشتیارو ئاراستەکەرانی جەنگەکە. ھەڵبەتە ئاسایی بوو گومانێکی راستەقینەو بەڵگەدار لەسەرھێزێکی ئیسلامی ھەبووایەو دادگایەکی بێ لایەن وئازاد لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکردایە، بەڵام مەسەلەکە لای ھەندێ کەس وناوەندو دەزگای بەرامبەر ئەوەنیە، بەڵکو نامۆبوونی ئیسلامییەکان بەگەل ونیشتیمانەکەیان لەشێوەی بەڵگە نەویستێکدا دەخرێتەروو کەپێویستی بەبەڵگە نەبێت! واتە ئیسلامی لەخودی خۆیدا و بە حوکمی ئیسلامیبوونی نانیشتمانیە! ئەگەر پشتیوانی لەسەربەخۆیی وڵاتەکەشی بکات و دەنگ بە سەربەخۆییش بدات، تکای بۆ ناکات و دوای ماوەیەك ھەمان بالۆرە کۆنەکە دەستپێدەکاتەوە!
ئەمەش ئەرکی بیرمەندو سیاسەتمەداری ئیسڵاحخواز لە نێو ھێزە ئیسلامییەکاندا قورستر دەکات.
پرۆسەی کرانەوەی تەوژم ناوەندە ئیسلامییەکە، خاوتر دەکاتەوە، چونکە ھەست دەکەن ھێشتا بە جوانی و لە رووی فیکرییەوە دانیان پێدا نەنراوەو رەتدەکرێنەوە. ھەڵبەت نابێت ئیسلامییەکان بکەونە ئەم تەڵەوەو پرۆسەی کرانەوەی زیاتری خۆیان وەك پێویستیەکی گەشەکردن و کاریگەربوونی زیاتریان دوابخەن.

٣-راستگۆ نەبوون لەگەڵ دیموکراسی و میانەرەوی ئیسلامییەکاندا. وەك تەواوکەری دوو خاڵەکەی پێشوو، یەکێ لەو کێشانەی تر کە ڕێگە لە کرانەوەی زۆرترو خێراتری ئیسلامییەکان دەگرێت، راستگۆنەبوونی بەشێکی بەرچاوی تەوژمی بەرامبەرە لەگەڵ دیموکراسی و بەھاکانی و ئیرادەی ھاوڵاتیاندا. بەڵکو ھەندێکیان بۆ پاساودانی سیاسەتە توندە دژی ئیسلامی و دیموکراسییەکانیان، لەگەڵ ھاندان و پەرەدان بە توندڕەوی و تەنانەت تیرۆری بە ئیسلام پاساودراویشن!!

،،

بیرمە لە سەرەتای دووھەزارەکاندا ڕۆشنبیرێکی سەر بەم تەوژمە، لە گفتوگۆیەکدا پێی وتم "خۆزگە تۆش وەکو تاڵیبان بیرت بکردایەتەوە! من چی لە تۆبکەم باوەڕت بە نەتەوایەتی و دیموکراسی و لێبوردەیی و فرەیی ھەیە و ئیسلامیشی!"


منیش بێ ناوھێنان وتارێکم بە ناونیشانی (دیسانەوە تاڵیبان و خۆزگەیەکی ناشارستانی لەمەڕ خۆمان) لەسەر نوسی.کە تیایدا باسی ئەوەم کردبوو ئەم بەڕێزەو ھاوبیرانی پێیان ئاساییە ئێمە تاڵیبان بین، ئیتر وڵات وێران و بەنەفرەت دەبێت یان نا گرنگ نیە، ئەوەی بۆیان گرنگە پاساودانی گوتارو سیاسەتەکانیانە دژی ئیسلام و ئیسلامییەکان!! ھەڵبەت خۆشبەختانە ئەم بەڕێزەش ئێستا جۆرێکی تر بیردەکاتەوە. کاتێك لە وڵاتێکدا ھەندێ دەسەڵات و سیستم ئامادەی ساختەکردنی ھەڵبژاردنن، وە کاتێك لە شوێنێ ئیسلامییەکان سندوقەکانی ھەڵبژاردن دەبەنەوە لە وێنەی میسر، زۆرینەی ھێزە خۆ بە عەلمانی زانەکان، ئامادەن خیانەت لە بەھاکانی دیموکراسی بکەن و کۆتایی بە ژیانی سیاسی لە وڵاتەکانیان بێنن، تەنھاو تەنھا لەبەر ئەوەی ئیسلامییەکان بڕوخێنن و لە دەسەڵات دووریان بخەنەوە!!
واتە تەواو بە پێچەوانەی ئەو رەخنەی کاتی خۆی لە ئیسلامییەکانیان دەگرت و دەیانوت "ھەر ئەوەندە بروایان بە دیموکراسی ھەیە، خۆیان بگەیەنێتە دەسەڵات و دوایی گەمەکە تێکدەدەن". ئێستا چەندین ھێزی سکیولار لە ھەندێ وڵات ئەوە دەکەن، واتە دیموکراسیان تا ئەو کاتە دوێت و قبوڵە، خۆیان بگەنیەێتە دەسەڵات، وە ھەرکاتێ بوو بە ڕێکار بۆ بە دەسەڵاتگەیاندنی زۆرینەیەکی ئیسلامی، ئامادەن قوربانی پێ بدەن و تەنانەت ببن بە بەشێك لە پڕۆژەی کودەتای سەربازی و لافاوی خوێن ھەڵساندن بە بیانوی رەواندنەوەی مەترسی ئیسلامییەکان!!

بێگومان ھەموو ئەو ھێزانەی بەم جۆرەشن، ناراستگۆن لە باسی میانەرەوی ئیسلامی و بەکردەوە لە خزمەت توندرەوی ئیسلامی و تیرۆری بە ئیسلام پاساو دراودان.

٤- ھێرشکردنە سەر ئیسلام و ھەندێ لەدروشم و رەمزەکانی و سوکایەتی پێکردنیان و ئیستیفزازکردنی خەڵکی موسولمان.
بەو ئەندازەی ھەستبکرێت، لە کۆمەڵگەیەکدا رەمزو ناسنامەی ئاینیی و موسوڵمانێتی پارێزراوەو یاساو لێپرسراوێتی فیکری و ئەخلاقی پارێزگاریان لێدەکەن، کێرڤی بە ئایدۆلۆژی کردنی دین و ھەست بەترس و مەترسی، لەسەر ناسنامە خاو دەبێتەوە، ئەویش لە ڕێی خۆیەوە دەرگا بە ڕووی فراوانکردنی دیدی ئیسلامییەکاندا دەکاتەوە. ئەو ھەستەیان لا کاڵ دەکاتەوە خۆیان بە پارێزەری دین بزانن و خەڵك لەسەر ئەو بناغەش پۆڵێن بکەن، بەڵکو ناوەندەئیسلامییە مێژویی و ناسیاسیەکانی کۆمەڵگەو کۆمەڵگەی مەدەنی بەشی زۆری ئەرکی پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگە دەگرنە ئەستۆ.

ئیسلامییەکانیش بە ھەستکردن بە ڕێزگرتنی ناسنامەی نیشتیمانی و پاراستنی مافەکانیان وەك مرۆڤ و ھاوڵاتی و ھێزی سیاسی ڕێز گرتن لە گەمەی دیموکراسی سەبارەت بە ھەمووان، ئیدی لە گروپی ئیسلامیی ھەمەلایەنخوازەوە، بەرەو پارتی مۆدێرنی بە ھەناسە ئیسلامی و موحافیزەکار دەڕۆن و پێ دەنێنە قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسی و ئامادە دەبن ببن بە بەشێ، لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ، کە لە سایەیدا دەوڵەت وەك ناوەندێ بۆ ئینتیماو ھەمووان ناوەرۆکی خۆی پەیدابکات و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگەو مۆرکی دیموکراسیبوونی سیستەم بکرێت، کێبڕکێی نێوان تەوژم و ھێزە سیاسیەکانیش ئاشتیخوازانەو لە پێناو چاکەی گشتیدا بێت.