بڕگەیەکی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەت جێبەجێکردنی سیستەمی نا ناوەندیێتیە، یەکێتی و گۆڕانیش کە لە بەڕێوەبردنی وڵات هاوبەشی پارتین، هەمیشە پێویستیی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دووپات دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا خاوە خاوە و دەستی دەستی پێ دەکرێ، چونکە پێناچێ سەرۆکی حکومەت ئەو پێداگریەی یەکێتی و گۆڕانی بەلاوە جددی بێ. ئەگەر پارتی بەگشتی و بەتایبەتیش سەرۆکی حکومەت مەبەستیان بێ ئەوا دەکرێ هەردوو پڕۆژەکەی یەکێتی و گۆڕان و پڕۆژەی پارتیش دابندرێنە سەر مێز، بەدیالۆگ و لێکتێگەیشتن بەڕێنمایی ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستی حکومەتن شۆڕبکرێنەوە و لەسەر پڕۆژە یاسایەکیش بەمەبەستی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تر و جێبەجێکردنی نا ناوەندیێتی رێکبکەون و وڵات لە قەیرانێکی نەخوازراو رزگار بکەن. ئەوەی سەیرە هیچ لایەنێکی حکومەت ئەو سیستەمە ڕەتناکەنەوە، کەچی جێبەجێکردنیش دیار نییە!
،،
ئێستا هەرێم لە دووڕیانە، ئەگەر بێت و لەوە زیاتر خەمساردی لەبەرامبەر ئەو پڕۆژە سترایتیژییە بنوێندرێ، چاوەڕاوان دەکرێ ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە ببینەوە. بە پێچەوانەشەوە دەتواندرێ نەک هەر ڕێگای چارەسەر بگیرێتەبەر، بەڵکو بەیەکەوە هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانەکانی تریش بنێین.