لەسەر گیراوانی بادینان.... بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەولێر بۆ دیپلۆماتیک دەدوێت

2021-03-03

بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی رایدەگەیەنێت، سكاڵایان لەسەر شێروانی تۆمار كردووە بەوەی تۆمەتی بەئاسایش كردووە. هەروەها رەتیشدەكاتەوە هەڕەشەی نامووس لەگیراوان كرابێت و دەشڵێت: خانەوادەكانیان دەتوانن هەفتانە سەردانی گیراوان بكەن.

،،

عیسمەت ئەرگوشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر، لەلێدوانێكیدا بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین، هۆکاری سکاڵای ئاسایشی گشتی دژ بە شێروان شێروانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قسەیەی شێروانی كە لە رۆژانی دادگایی کردنیان لە ١٥ و ١٦ی مانگی ڕابردوو لەبەردەم دادوەری دادگای دووی تاوان لە هەولێر وتبووی: لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی گشتی هەڕەشەی نامووسی لێکراوە.


هەروەها وتیشی "لەسەر ئەو قسەیەی سکاڵامان دژی شێروان تۆمار کردووەو، دەبێت بیسەلمێنێت".

عیسمەت ئەرگوشی رەتیشیكردەوە، رێگری لەپارێزەران كرابێ بۆ بینینی گیراوان و وتی "هەرکات مەبەستیان بێت دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و بیانبینن".
بەڵام سەبارەت بە سەردانی كەس و كارەكانیان دەڵێت "بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگە بە کەسوکاری هیچ گیراوێک نادرێت سەردانی گرتوخانەکانی ئاسایش بکەن، بەڵام كە هەموو گیراوێک بۆیان ھەیە هەفتانە جارێك پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسوکارەكانیان ئەنجام بدەن".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە دەبوایە دوای بڕیاری دادگا سزادراوان بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەوران کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، بەڵام هێشتا لە گرتووخانەکانی ئاسایشن، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەولێر وتی "ئەمە ڕاستە، بەڵام بەهۆی نۆژەنکردنەوەی چاکسازی گەوران ئێستا هیچ بەندییەکی تێدا نیە، ئەوان و ئەوانی تریش کە بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە نەگوازراونەتەوە بۆ چاکسازییەکان، تەنانەت بەشێک لە بەندییەکانی چاکسازیش هێنراونەتە گرتووخانەی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی هەولێر و دهۆک، ئەوان بەسەر گرتووخانەکاندا دابەش کراوون".

رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ٢٨ی شوبات، بەشدار حەسەن پارێزەری شێروان شێروانی بە دیپلۆماتیک مەگەزینی راگەیاند، کە ئاسایشی گشتی سکاڵای دژی شێروان شێروانی تۆمار کردووە و لە بنکەی پۆلیسی خانەقا لە گەڕەکی تەیراوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و پاشانیش بردراوەتە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر.