چۆن و کەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن سەری مرۆڤ دەخوات؟

2021-03-10

لوقمان حەوێز

چۆن لەوانەیە تەکنەلۆژیا نوێیەکان هۆکارێکی سەرەکی لەناوچوونی مسۆگری هەموو یان زۆربەی بونەوەر و شارستانیەتیە زیرەکەکان بووبن لە نێو گەردوون..؟ بەڵێ بە ئێمەشەوە لە داهاتوودا..!!!

تەکنەلۆژیا دەشێت لە نیعمەتەوە ببێتە نەگبەتێکی گەورە، سێ هەرە گرنگترین و نوێترین تەکنەلۆژیا مەترسیدارەکان بە نمونە..!

لە نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوو مرۆڤ سێ بازدانی زۆر گەورەی ئەنجامداوە لە سێ بواری زانستی و تەکنەلۆژی زۆر گرنگ، هەرسێ بازدان لەوانەیە زۆر مەترسیداربن ئەگەر زۆر زۆر وریا نەبین، دور نیە ببنە هۆی لەناوبردنیشمان، چۆن..؟

یەکەم بازدان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لەبواری فیزیا بوو لەسەر دەستی ئەلبێرت ئاینشتاین کە دواتر بووە ئایکۆکەی زانست و پێشکەوتن لە سەدەی بیستەم، ئەو یەکەمجار ئەتۆم و فۆتۆنی دۆزیەوە، دواتر لەڕێگەی بیردۆزەکانی ڕێژەیی گشتی و تایبەتی کلیلی کۆمەڵێک دەرگای داخراویشی دەست کەوت، گرنگترینیان پەیوەندی نێوان ووزە و بارستە بوو ئەویش لە ڕێگەی هاوکێشە بەناوبانگەکەی کە بریتیە لە E = mc²، هەر لە ڕێگەی دۆزینەوەکانی ئەویشەوە بوو توانرا وزەی ناوکی بدۆزرێتەوە و دواتر بۆمبی ئەتۆمی دابهێنرێت بە هەردوو جۆری کە لەڕێگەی لەتبوونی ناوکی و لێکدانی ناوکی کاردەکەن، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ مرۆڤ خاوەنی نزیکەی 13 هەزار بۆمب و کڵاوەی ئەتۆمیە لە سەرانسەری جیهان، لە ئەگەری بەکارهێنانی تەنیا کەمێکیان مرۆڤەکان و بڕێکی زۆریش لە ژیان لەناودەچێت لەسەر هەسارەکەمان...

دووەم بازدان لەسەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکرد، ئەویش بریتی بوو لە بەدیجیتاڵ کردنی زانیاری لەڕێگەی وەرگێڕانی هەر زانیاریەک کە بمانەوێت بۆ کۆدی دووانەیی 0 و 1، ئەمەش لەگەڵ داهێنانی ئینتیگرێت سێرکت کە هەر زوو گۆڕا بۆ پرۆسێسەر سەرەتای سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد بوو، زیرەکی دەستکرد لەم چەند دەیەی داهاتوو ئەوەندە چۆتە پێشەوە ئەگەر هەر ئاوا بڕوات دوای چەند دەیەکی تر لەوانەیە گەلێک لەمرۆڤ بەتواناتر بێت، ئەگەر وریا نەبین زیرەکی دەستکرد لەوانەیە لە نیعمەتێکی گەورەوە ببێتە نەگبەتێکی گەورە و لە قۆناغێکدا مرۆڤ لەناو ببات...

سێیەم بازدان کە پێم وایە لەهەموویان مەترسیدارترە، ئەویش پێشکەوتنەکانمانە لەبواری شیتەڵکردن و دەستکاریکردنی جینۆمەکانی مرۆڤ و زیندەوەران کە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە دەستی پێکردوە، بە وردیش ئەو بەشەی کە پێی دەوترێت تەکنەلۆژیای CRISPR و خۆی لە ئاڵوگۆڕکردن و دەستکاریکردنی جینۆمەکانی زیندەوەران دەبینێتەوە بە مرۆڤیشەوە، لەم ڕێگەیەشەوە ئەگەر بویسترێت ئێستا دەتوانرێت منداڵ بە خەسڵەتی زۆر تایبەتیەوە لەدایک ببێت و بەرهەم بهێنرێت، بۆ نمونە دەتوانرێت ڕەنگی پێستە و چاو و قژ و هەتا خەسڵەتە بایۆلۆژیە گرنگەکانی تریشی بگۆڕدرێت و گۆڕدرابێت کاتێک لەدایک بووە، بێ گومان ئەگەر ئەوە بکرێت ئەوا ئەو منداڵانە گەورە دەبن و نەوەش دەنێنەوە، ئەمەش واتە کۆنتڕۆلکردن یان گرتنەدەستی دیاردەی بژاردەی سروشتی natural.selection لەلایەن مرۆڤەوە دوای ئەوەی ئەو دیاردەیە بۆ پتر لە 3 ملیار ساڵە بەشێوەیەکی سروشتی کاری خۆی کردوە لەسەر هەسارەکەمان، بۆ ئەوەی بزانن ئەو تەکنەلۆژیایە چەندە مەترسیدارە ئەگەر خراپ بەکاربهێنرێت ئاماژە بە ووتەیەکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین دەکەم، کە ئەویش پێش چەند ساڵێک لە پێش چەند سەربازێک بەئاشکرا ووتی: ئێمە لەوانەیە بەسود وەرگرتن لەم تەکنەلۆژیایە بتوانین لەشکرێک لە سەرباز بەرهەم بهێنین کە ئەوەندە جیاواز بن هەست بەئازار نەکەن..!

بەڕاستی لە ئێستادا ئاکامەکانی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە نوێ و سەرسوڕهێنەرە نازانرێت چی دەبێت لەماوەی درێژخایەن، بەتایبەتی ئەگەر بەهەڕەمەکی یان بە بەرفراوانی بەکاربهێنرێت لە مرۆڤ، هەموو ئەوانەی لەم بوارە شارەزاییان هەیە ئاماژە بە مەترسیداری ئەم تەکنەلۆژیایە دەکەن ئەگەر زۆر وریا نەبین، کێ دەڵێت..؟ لەوانەیە زلهێزەکان لەئێستادا بەنهێنی گەلێک هەنگاوی مەترسیداریشیان نابێت بەو ئاڕاستەیە و ئێمە نەزانین...