ئەردۆگان بەدوای میکانیزمی نوێدا دەگەڕێت

2021-03-13

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، ڕایگەیاند "هاوكارییان لەگەڵ میسر لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابوری و هەواڵگری بەردەوامی هەیە، هیچ كێشەیەك لەو بوارەدا بوونی نیە"، ئەم وتانە ستراتیژی نوێی توركیا نیشاندەدات، كە دەیەوێت خۆی لە گۆشەگیری ڕزگار بكات و بە پشتكردن لە هاوپەیمانە كۆنەكەی كە ئیخوانە، پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ میسر و سەرۆكی ئەو وڵاتە بكاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی شیكاری ئاژانسی "VOA"ی ئەمریكی، توركیا باش لەوە تێگەیشتووە كە گەڕانەوەی ئیخوان كۆتایی پێهاتووە، ئەو كۆمەڵەیەش بوونەتە ڕابردوو، هەروەها بەرژەوەندییەكانی توركیا وا دەخوازێت كە واز لە هاوپەیمانێتی كۆمەڵەكە بهێنێت، كە لە بەهاری عەرەبیدا بەهۆی ئامانجی ئایدۆلۆژییەوە پەیوەندییەكانیان لەو پەڕی باشیدابوو.
توركیا ماوەیەكی زۆرە، دەیەوێت جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسردا ئاسایی بكاتەوە، كە چاودێران پێیان وایە، ئەمە گۆڕانكاریەكی ستراتیژی توركیایە، بە ئاراستەی ئەوەی كە خۆی لەو گۆشەگیریە ڕزگار بكات كە تێیكەوتووە،بۆیە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاندووە كە" دەكرێت پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ میسر و وڵاتانی كەنداو هەڵبدەینەوە"، وەزیری دەرەوەی توركیاش ئاشكرای كرد، كە هەوڵە دیپلۆماسیەكان بۆ باش كردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامی هەیە.
توركیا و میسر دوو هاوپەیمانی كلاسكین، بەڵام لە دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی محەمەد مورسی سەرۆكی پێشووی میسر لە ساڵی 2013دا، پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزی تێكەوت، هەردوولایەن باڵیۆزی وڵاتەكەیان كێشایەوە، هۆكارەكەشی بۆ پەیوەندی ئایدۆلۆژی نێوان توركیا و كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دەگەڕایەوە، كە توركیا دەیویست لەو ڕێگایەوە هەژمونی زیاتری خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بسەپێنێت و سود لە لایەنی ئاینی وەربگرێت.

ئەردۆگان بەدوای میكانیزمێكدا دەگەڕێت:

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت كە سیاسەتی وڵاتەكەی بباتەوە بۆ دواوە، حسێن باجی، لە پەیمانگای سیاسەتی دەرەوە، كە سەنتەرێكی توێژینەوەیە لە ئەنكەرە دەڵێت:" پاڵپشتی و هاوكاری بۆ ئیخوان موسلمین لەلایەن حكومەتی توركیاوە هەڵەبوو، بەڵام توركیا ئێستا باش لەوە تێگەیشتووە، كە هیچ چانسێك بۆگەڕانەوەی ئیخوان بۆ دەسەڵات نیە، بۆیە ناتوانێت لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت".
دەشڵێت:" بەڵام دەرچوون لەو سیاسەتە و ڕاگەیاندنی بە ئاشكرا كە هەڵەبووە، ئەوە بۆ ئەردۆگان كێشە دەبێت، چونكە توركیا ناتوانێت بە ئاشكرا بڵێت ئەوە ئێمە دەستمان لە ئیخوان موسلیمین بەردا، ئەردۆگان بە فەرمی هەرگیز ئەوە ناڵێت، بەڵام بە خاوی ئەو هەڵوێستە بەرامبەر بە سەرۆكی میسر ڕادەگەیەنێت".
توركیا بەهۆی ناكۆكیەكانی لەگەڵ میسر باجێكی زۆری داوە، بۆتە مایەی ئەوەی كە ئەنكەرە لاواز ببێت، ساڵی ڕابردوو میسر ڕێكەوتننامەیەكی لەگەڵ یۆنان، كە ڕكابەری توركیا واژۆ كرد، كە ئەم كارەی میسر تەنها كاردانەوەیەك بوودژی توركیا.

میسر هەر هەنگاوێكی نابێت بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی توركیاوە بووە، كە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی دامەزرابوون، وەك پاڵپشتی لە ئیخوان موسلمین، كە بەلای میسرەوە سیاسەتێكی هەڵەیە، بۆیە هەركات توركیا ئەو سیاسەتەی گۆڕی، ئەوا پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبێتەوە.

میسر دڵنیا نیە:

بەرپرسانی باڵای توركیا، بەردەوامن لەستایش كردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسردا،كە دووپاتكردنەوەی گۆڕانی سیاسەتی وڵاتەكەیانە بەرامبەر بە میسر، بەڵام تاكو ئێستا میسر هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە، ئەمەش واتای دڵنیا نەبوونە لە سیاسەتی نوێی توركیا، چونكە توركیا ئەو وڵاتەیە كە جێگای متمانە نیە، سیاسەتی دەرەوەی زوو زوو گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
باجی دەڵێت:" لە توركیا رایەكی گشتی هەیە، كە پێیان وایە میسرییەكان هەموو كات ئامادەن ئەوە جێبەجێ بكەن، كە توركیا پێشنیاری دەكات،بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، چونكە بۆ تاوكردنی سەمای تانگۆ تۆ پێویستت بە دوو كەسە، میسر هۆكاری ئەم دۆخە نیە، میسر دەیەوێت وا نیشانی بدات كە توركیا هەڵەی كرد، وە توركیا وەك ئەو پیاوەیە كە سەمای دەوێت،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا میسر بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و تەكنەلۆژی و دیپلۆماسیەكانی لەگەڵ توركیادا دەزانێت".

توركیا رۆڵی لاواز بووە:

توركیا ئەو وڵاتەیە، كە بەرژەوەندییەكانی لە ناكۆكی و شەڕی ناوخۆ دەچنێتەوە،بۆیە هەركات پەیوەندی وڵاتان ئاسایی بویەوە و شەڕ بەرەو كۆتایی ڕۆیشت، توركیا رۆڵی لاواز دەبێت،هەروەها بەهۆی " سیاسەتی هەر ڕۆژەی قەیرانێك" كو لەلایەن خودی سەرۆكی توركیاوە پەیڕەو دەكرێت، توركیا بۆتە وڵاتێك كە زۆرترین گۆشەگیری ڕووبەڕووی بۆتەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئێستا توركیا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو پەیوەندی باش نیە، لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا لە دۆخێكی سەختدایە، تەنها لەگەڵ قەتەر و چەند وڵاتێك پەیوەندی باش بوو، بەڵام بە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ قەتەر، توركیا ئەو ڕۆڵەشی لەدەستدا،بۆیە لە هەموو ڕوویەكەوە ئێستا توركیا رۆڵی لاواز و گۆشەگیر بووە، بۆیە ئێستا توركیا باش لەم هەڵەیەی خۆی تێگەیشتووە و دەیەوێت ئەو قۆزاخەیەی بۆخۆی دروست كردووە، ڕزگاری بێت لێی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان ئاسایی بكاتەوە، كە بە میسر و پاشان بە فەرەنسا دەست پێدەكات و بە پشتكردنە هاوپەیمانە كۆنەكانی كۆتایی دێت.