عومەری خاوەر کێ بوو؟

2021-03-15

کاوەی شێخ عەبدوڵا

20 دەقیقە پێش ئەوەی یەکەم ناپاڵم بکەوێتە خوارەوە بەسەر هەڵەبجەدا (عومەری خاوەر) گوێی بۆ هەواڵ هەڵخستبوو لەڕێی رادیۆیەکی بچووکەوە، کەچی دوای نیوسەعات، مردنی خۆی‌و منداڵەکەی باوەشی بوونە گرنگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ لە شارەکەی چی روویداوە.

"من نەڕۆیشتم، بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێکەوە بمرین" دوایین قسەی عومەری خاوەر لەگەڵ برازایەکی خۆی لەپێشنیوەڕۆی 16-3-1988 رۆژە شومەکەی هەڵەبجە.

رێکەوت وابوو، لەنێو هەزاران قوربانی هەڵەبجە، رەسمی عومەری خاوەرو کۆرپەکەی باوەشی، بوونە رەمزی کۆمەڵکوژکردنی شارەکە.

بەڵام لە ساڵانی گەنجێتی‌و کامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەکەیدا ناوێکی بەرچاو بووە و ئەکتەرێکی باشی شانۆ، هەڵپەڕکێزانێکی بەسەلیقەو خۆشڕوو، پیاوێکی کۆمەڵایەتی‌و گونجاو. کارزانێکی ئەو ئیشانەبووە کە کردوونی هەموو ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی لەشارێکی بچکۆلەی وەکو ئەوکاتی هەڵەبجەدا ناسراوبی.

بۆ رۆژنامەوانانی شەڕ (سەعید سادقی‌و هیدایەتی بەهبودیی) سیمای عومەری خاوەرو کۆرپەکەی "دیمەنی لەبیر نەچوونەوەن" ئەوان لەو یەکەمین رۆژنامەنووس‌و فۆتۆگرافەرە ئێرانیانەن چوونە ناوشاری هەڵەبجە لەوەختی بۆمبارانکردنەکەیدا، سادقی دەڵێ"کاتێ دەستمانکرد بەوێنەگرتن چووینە سەر عومەری خاوەر دەنگی نووسابوو نەیدەتوانی هاوار بکات ئێمە نەماندەزانی داوای چی دەکرد، بەڵام تێگەیشتین داوای یارمەتی‌و هاوکاریی بوو."

عومەر حەمەساڵح (عومەری خاوەر) ساڵی 1934 لەدایکبووە، بنەماڵەکەی بەئەسڵ خەڵکی ناوچەی گەرمیان بوون لەشارۆچکەی باوەنوور چوون بەرەو هەڵەبجەو لەوێ گیرسانەوە، عومەر لەنێو براکانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایکیەوە ناوی براوە.

لەژیانیدا دوو جار ژنی هێناوە ژنی یەکەمی نزیکەی چوار مانگ پێکەوە دەبن‌و دواتر جیا دەبنەوە، لەژنی دووەمی بەناوی (سامیە) 10 منداڵی دەبێ.

نەریتی ئەوکاتەی کوردەواریی وابووە زۆرتر کەیفخۆش بوون بەمنداڵی کوڕ، عومەری خاوەر لەوەدا شانسی نابێ، تا نزیکەی کۆتایی تەمەنی حەوت کچی بووە (گەرمیان، کوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان) دوای ئەو حەوت کچە عومەرو سامیە دەبنە دایک‌و باوکی کوڕێک‌و لەخۆشیاندا ناوی دەنێن (حەمەشوان) سێ ساڵ حەمەشوان کوڕیان دەبێ و بەنەخۆشيیەک ژیان لەدەستدەدات، دەڵێن عومەری خاوەر تا مرد ئێشی ئەو کوڕەی لەدڵدا بووە.

ساڵێک دوای مردنی حەمەشوان، بەخت روو دەکاتە خێزانەکەی عومەرو سامیەی ژنی بەسکێ دوو کوڕی دەبێ، ئای لەو خۆشیە بۆ خێزانێکی چاوەڕوان، عومەر بێ سێ‌و دوو ناویان دەنێت (ئەحمەدو محەمەد) تا ئێستا روون نیە عومەرێک کەهێندە هۆگری ناوی کوردی بووە، چۆنە کوڕەکانی بەکوردیی ناونەناون، بەڵام کچەکانی هەموویان بەکوردین، لەبەر ئەوەی دوو کۆرپەکەی دوانەن تا ئێستا روون نیە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێکەوە مردوون ئەحمەدە یان محەمەد. ئاشناو هاوڕێکانی دەڵێن پیاوێکی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەکەی، دڵتەڕو شیکپۆش بووە هەمیشە.

لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەکانی شارەکەیدا بەشدارییکردووە بەوە ناسراو بووە هەڵپەڕکێی بەباشی زانیوەو ئەو ئاهەنگانەی ئەوی تیابووە چێژێکی زیاتری هەبووە، قەدو باڵا ناوەند جرپن‌و هەڵەشە نەبووە، بەڵام خاوو خلیچکیش نەبوو، ئەوکاتەی شارەکەی بۆمبا بارانکرا عومەری خاوەر بەیانیان کاری نانەو‌ایی کردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی باخچەی ساوایانی هەڵەبجە بووە.

"ئەو دەرهێنەرانەی کاری شانۆییان دەکرد لەهەڵەبجە زۆر کەیف خۆش دەبوون وەختێ رۆڵێکیان دەدا بەعومەری خاوەر، چونکە ئەدای رۆڵەکەی زۆر بەجوانی دەکرد، دەیزانی دەرهێنەر چی دەوێ لەو شانۆگەرییەدا..، خۆشەویستی هەڵەبجەییەکان بوو بەگەنجی" حەکیمی مەلا ساڵح هاودەمی گەنجی عومەری خاوەر وا دەڵێت.

لەبارەی بەشداریی سیاسی لەخەباتی کوردایەتیدا، دەوترێت عومەر هیچ کاتێ پێشمەرگایەتیی نەکردووه،‌ بەڵام ئەندامی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە تا ساڵی 1974، حەکیمی مەلا ساڵح هاودەم و هاوڕێی عومەر وتی "دواینجار بینیم ساڵی 1982 بوو، هەواڵی چالاکیە شانۆییەکانی لێپرسیم وتم من مەترسی گیرانم لەسەرەو دەمەوێ بچمە چیا تا ببمە پێشمەرگە، ئەو وتی سەد خۆزگەم بەخۆت کە دەچیتە چیا، خۆزیا منیش ببومایەتە پێشمەرگە، بەڵام چی بکەم لەماڵ‌و منداڵەکەم، عومەری خاوەر نیشتمانپەروەرێکی راستەقینە بوو سووتابوو بۆ کوردایەتی زۆر دەرسی فێرکردین لەبارەی بەرگریی‌و نیشتمانپەروەریی."

بورهان غەریب برازای عومەری خاوەر دەڵێ پێکەوە لەگەڵ مامیدا ئێشکگری ئۆردوگایەک بوون، "مامە عومەر پێشمەرگایەتیی نەکردووە، بەڵام ماوەیەک لەسەرپێڵی زەهاو پێکەوەبووین ئێشکگری ئۆردوگایەک بووین، بەدارێکەوە پاسەوانی دەکرد تفەنگی هەڵنەدەگرت، مامە عومەرم کوردپەروەربوو زۆر خەونی بەئازادیی کوردەوە دەبینی."

بورهان تا دواین سەعاتەکانی ژیانی لەگەڵ مامی بووە، لەبارەی دواین قسەی لەگەڵ عومەری خاوەر وتی "لەسەرجادە وەستابووین پێکەوە، رادیۆیەکی بەدەستەوه ‌بوو گوێی لەهەواڵ دەگرت، هەر ئەو جلانەی لەبەردا بوو ئێستا لەڕەسمەکەیدا هەیە هەمیشە دەتوت ئوتوکراون جلەکانی پاکوتەمیز بوو، وتی بورهان ماڵی باوکت گشتیان چوون بۆ سلێمانی لەترسی تۆپباران، وتم ئەی تۆ چۆن نەچووی مامە؟ وتی بەڕاستی مامەگیان ئەگەر مردین با گشتمان پێکەوە بمرین بۆیە هەڵەبجەم جێنەهێشت. من بۆ پیاسەکردن رۆیشتم، هەر 20 دەقیقە چارەکێک دوای ئەوە هەڵەبجە بۆمبارانکرا."

هێشتا بورهان سیمای مامەی لەبەرچاوە کە بۆ دواینجار بینی، لەو وێنانەی پێشتر دەردەکەون عومەری خاوەر سمێڵێکی رەشی پڕو دەموچاوێکی نەگۆشتن نە لاوازی هەیە، قەدو باڵایەکی مام ناوەند، رووخۆش‌و هێمن، "سیفەتێکی زۆر بەرزی ئەو پیاوە لەگەڵ پیردا دەبوو بەکەسێکی پیرو لەگەڵ گەنج‌و منداڵدا دەبووە منداڵ، ئەوانە سیفاتی ئینسانی خۆشەویستن لەنێو کۆمەڵگەدا، عومەر هەموو ئەوانەی تیابوو" حەکیمی مەلا ساڵح وایوت.

"جلەکانی دایمە ئەتوت ئوتوکراون، دڵتەڕبوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی زۆربوون، بەڵام لەو کاتەی شەهید بوو خەریک بوو پیریی پیایا دیاری دەدا، سمێڵی مووی سپی تێکەوتبوو سەریشی سپی بوو بوو، بەڵام هێشتا دڵی تەڕ بوو بایەخی بەشیکپۆشی‌و خۆرازاندنەوە دەدا، کاتێ لەنانەوایی دەگەڕایەوە بەجۆرێ خۆی دەگۆڕی هەر وەکو کاری نەکردبێ وابوو، دوانیوەڕوانیش دەچوو بۆ رەوزەو لەوێ پاسەوان بوو" عومەر بەزیندوویی زۆربەی هەڵەبجەییەکان دەیانناسی، بەمردوویش هەڵەبجەییەکانی بەدنیا ناساند لەڕێی باوەشە پڕ سۆزەکەی بەیەکێک لەکوڕەکانی.

تازە هەرکە باسی هەڵەبجە کرا بێ سێ‌و دوو تەرمی راکشاوی ئەو بەر لەهەمووشت دەکەوێتە بەر زەین.