ئەگەر پلانی ئازادکردنی هەڵەبجە دانەنرایە، چی ڕوویدەدا؟

2021-03-15

باست عوسمان

ئەوە ڕوونە کە ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لە دڕندەتریین و دیکتاتۆرترین رژێمەکانی دونیا! نوسینەکەمان پاکانە نییە بۆ تاوانەکانی بەعس! بەڵکو هەوڵدانە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، خوێندنەوە و تێگەشتنە لە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد! ‎بەنمونە کاتی بڕیاردان لەئازادکردنی هەڵەبجە! ئایا لەکاتی بڕیارێکدا چەندێک توانییویانە دەرئەنجامەکانی بخوێننەوە!

ئایا هیچ حسابێکیان بۆ دەرئەنجامی بڕیارەکان و رێکەوتنەکان کردووە؟

‏‎زۆربەی سەرکردەکانی کورد و نەوشیروان مستەفا لەکتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا لەلاپەرە ۱٤۷_۱٤۹ ، زۆر بەتوندی هێرش دەکەنە سەر ئەوانەی کەباوەڕیان وایە ئەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد و یەکێتیی هۆکاربوون بۆ بۆمبارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوەو باوەڕیان وایە دەیانەوێت سەروەرییەکانی شۆرشی کوردی پێ بێنرخ و تاوانەکانی دوژمن بشۆنەوە!

بەڵام با ئێمە هەڵسەندگاندن بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بکەین، وە خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری ئازادکردنی هەڵەبجە بکەین لەلایەن یەکێتیی، پارتی، سۆسیالست، بزوتنەوەی ئیسلامیی لەلایەک و دەوڵەتی ئێران لەلایەکی ترەوە. ‎ئەگەر حیزبە کوردییەکان بیانوویان نەدایەتە دەست سەددام حسێن و هێزی سوپای پاسدارانی ئێرانیان نەهێنایەتە ناو هەڵەبجە و دەورووبەری، ئەگەری کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە لاواز دەبوو! یان دەکرا کارەساتی کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە ڕووی نەدایە!

لەلایەکەوە هاتنی سوپای پاسداران بیانوویەکی باشی دایە دەست رژێمی بەعس بۆ کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە!
لەبەرچی؟ لەبەرئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەزاندنی سنوری دەوڵەتێک لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە، رێگەپێدراو نییەو بەپێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت دادەنرێت، سنوربەزاندنی خاکی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، هۆکارێکی باشبووە بۆئەوەی رژێمی سەدام بەبیانووی بەرگریکردن لەخۆی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی هێرش بکاتە سەر هەڵەبجە!
لەلایەکی ترەوە پلانی هێرشکردنە سەر هەڵەبجە ‎لەلایەن حیزبەکوردییەکانەوە، بیانوویەکی باش، وە هۆکارێکی سەرەکیی بووە بۆ کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە! ‎

‏‎بۆچی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئێراندا پلانی گرتنی هەڵەبجەیان داڕشت؟

هێزە کوردییەکان زۆربەیان لەدەرەوەی سنوری کوردستان بوون، بەجۆرێک زۆربەیان لەناو خاکی ئێراندا بوون، ئەمە جگەلەوەی یەکێتی نیشتیمانی وەک کاریگەرتریین هێز لەناو کوردستان مابوویەوە، لەشکستدا بوو بەرامبەر رژێمی بەعس!
بەجۆرێک سەرکردایەتی یەکێتیی لەژێر هەڕەشەی هێزە عەسکەرییەکانی ڕژێمی بەعسدابوو!
ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانی بۆ دەرپەڕاندنی سەرکردایەتی یەکێتیی دەستپێکردبوو! ‎هەر لەبەرئەمە بووە بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتیی پێیان وابووە پلانی هێرشکردنە سەر رژێمی بەعس دابڕێژن باشە! بۆ ئەوەی هێرش بۆسەر سەرکردایەتی یەکێتیی بوەستێت!
یان هیچ نەبێت کەمێک لەهێزە عەسکەرییەکانی بەعس ڕوو لەهەڵەبجە بکەن و فۆکسی هێزەکانی بەعس لەسەر دۆڵی بالیسان و سەرکردایەتی یەکێتیی لابچێت!
بەڵگەش بۆئەوە بروسکەیەک لەمەکتەبی سیاسییەوە هاتبوو، کە پەلەبکرێت بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە! چونکە عێراق هێرشەکانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی و خەڵکی زیاتر کردبوو!
حەمەی حەمەسەعید، گازبارانی هەڵەبجە و ڕاستی ڕووداوەکە، ل،۷٤. ‎
ئەمە جگەئەوەی نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا، ل، ۱٤٥ دەڵێت : داوامان لە فەرەیدون و د. فوئاد کرد کەلەوکاتەدا لەئێران بوون پەلەبکرێت لەجێبەجێکردنی نەخشەی ئازادکردنی هەڵەبجە بۆئەوەی ئەگەر عێراق بارەگاکانی سەرکردایەتیی داگیربکات، شوێنێکی کەی هەبێ بۆی بچێ و بارەگای لێدابنێ.

‏‎ئەگەر پلانی ئازادکردنی هەڵەبجە دانەنرایە! چی ڕوویدەدا ؟

‏‎زۆربەی هێزە کوردییەکان لەناو خاکی ئێراندا بوون، جگە لە یەکێتیی نیشتیمانی، لەو کاتەدا ڕژێمی بەعس بەهۆی شکستهێنانی گفتوگۆکانی لەگەل یەکێتیی، بڕیاری هێرشی بۆسەر سەرکردایەتی یەکێتیی دەرکردبوو، هێزەکانی یەکێتیش توانای ڕووبەڕووبونەوەی ڕژێمی بەعسیان نەبوو!
ئەوکات دەبوو هێزەکانیان بکشێننەوە بۆسەر چیاکان و خاکی ئێران! ئێرانیش وەک هەمیشە ڕێگەی بەحیزبەکوردییەکان دەدا سنور ببەزێنن و ڕووبکەنە خاکی ئێران!یەکێتیش وەک حیزبەکانی دیکە ڕوویان دەکردە ئێران و چاوەڕێی دەرفەتێکیان دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان، ئەمە لەلایەکەوە.
لەلایەکی ترەوە دەکرا‎ ئەوە بخوێنرێتەوە دۆخی ناوخۆی عێراق و دۆخی دەولیی ئەوەی ئەخواست گۆڕانکاری لەناو دەوڵەتی عێراقی ئەوسەردەمەدا ڕووبدات، ئەکرا هێزە کوردییەکان وەک هەمیشە لەچاوەروانیدا بوونایە بۆ ئەوگۆرانکاریانەی ڕوویان ‎دەدا!
هەروەک چۆن لەدوای کەمتر لەسێ سال، رژێمی بەعس هێرشی بۆسەر کوەیت ڕاگەیاند، وە هێزەنێودەولەتییەکان دژی وەستانەوە، رژێمی بەعس شکستی هێنا و بەناچاری هێزەکان و داموودەزگائیدارییەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کشاندەوە، هێزە کوردییەکان بەئاسانیی و بەبێ رووبەرووبونەوەیەکی قورس گەرانەوە کوردستان!

‏‎ ئایا چۆن سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەستیان بە دڵڕەقی ڕژێمی بەعس نەکردبوو!؟

لەکاتێکدا تەنها لەبەرئەوەی لەشەوی ۱۲ / ٥ / ۱۹۸۷ هەندێک لەرێکخستنەکانی حیزبی شیوعیی و یەکێتیی، لەبڵندگۆکانی مزگەوتی جامیعەوە بانگەوازیان کرد بۆ ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە ڕاپەرن، لەبەرامبەردا ڕژێمی بەعس بۆ سبەینێ زۆر دڕندانە وەلامی دانەوە و گەڕەکی کانی ئاشقانی بەتەواوی تەختی زەوی کرد و ژمارەیەکی زۆر هاوولاتی هەڵەبجە بوونە قوربانی!
جگە لەوەی لەسالانی پێش ۸۸ دا، ڕژێمی بەعس چەکی کیمیاویی دژی پێشمەرگە و خەلکی کوردستان و سوپای پازداران و خەلکی کوردستانی ئێران بەکارهێنابوو! هەروەک لەمانگی ۲ / ۱۹۸۸ دا، لەسەرگەڵوو، بەرگەڵوو.

لە ۱٥/٤/۸۷ دا هەڵەدن،کانی توو، ئاوەژێ . ۱۹۸۷ سێوسێنان، دوکان، بەلەکجار. خورەم شەهر، ۲٥ ی ئەیلولی ۱۹۸٦ کەبووە هۆی کوژران و برینداربوونی ۱۱٦٠ کەس، سەردەشتی رۆژهەلاتی کوردستان بووە هۆی قوربانی ۸٠۲٥ کەس! لە ۲٥ کانونی ۱۹۸۷ دا. حەمەی حەمە سەعید، گازبارانی هەڵەبجە و ڕاستی ڕووداوەکە،ل،ل ۱۳۲_۱۳۳.

بەرەی کوردستای چۆن درکیان بەوە نەکردبوو کە ئێران و عێراق لە کۆتایی جەنگ نزیک بوونەتەوەو پێویست ناکات قوربانی بدەن بەخەڵکی هەڵەبجە و ببنە داردەستی ڕژێمی ئێران!

هەمیشە دەوڵەتە شەڕکەرەکان لەکۆتایی جەنگ و نزیک بوونەوەی ئاشتیدا هەولدەدەن نفوزی خۆیان لەقەڵەمڕەویی بەرامبەردا زیادبکەن و شوێنی زیاتر داگیر بکەن، ئێرانیش ئەم هەنگاوەی بۆئەوەبوو!

وە لەکاتی دانوستاندا وەک کارتی فشار بەکاری بێنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر، هەر لەدوای ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجەوە بە نزیکەی چوار مانگ هەردوو دەوڵەتی ئێران و عێراق پەیمانی ئاشتییان مۆرکرد! ‎وەک پشکۆ نەجمەدین لەئەزموون و یاد دا، لەلاپەرە ۳٤۲دا ، دەڵێت: سەرکردایێتی سیاسی کورد!
چلۆن پرکێشی ئەم کارەتان کرد و لەبەر ڕۆشنایی کام ئەقلدا، سەرکەوتنی خۆتان لەمەرگی شارێکدا دەبینن؟! وای لەڕێبەرانێک کەباکیان بەپیرۆزییەکانی نەتەوە نییە و هیچ هێلێکی سور ناناسن! بڵێی مێژوو چۆن ئەم ڕەفتار و کردە سیاسییەتان لەڕووپەڕی خۆیدا بنەخشێنێ؟