هۆڵۆکۆستی یەهودی... کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

2021-03-17

توانا رشید کریم


هەموو ساڵیک لە رۆژی ١٦/٣ دا گوتارو بابەتی جۆراوجۆر لەمەڕ ئەم کارەساتە جەرگبڕە دەنوسرێت، چەندان پێشنیار وپرۆژە دەخرێتەروو، بەڵام پرسیارگەلێک کە دەبێت هەمیشە لە یادەوەری تاکی کورد دا ئامادەگیان هەبن ئەوەیە: تا چ ڕادەیەک ئەم کارەساتە شوێنی لە نەستی کورد دانناوە؟ چیکراوە بۆ ئەم کارەساتە؟ بە سودی کورد و پاراستنی بونی کورد دا وەرگەڕا؟ یاخود تەنها کارەساتێک وەک پێکڕا کارەساتەکانی تر مێژووی ئەم گەلە نەتوانراوە وەبەرهێنانی بۆ بکرێت.

بۆ وەڵامی ئەمە لێرەدا باسی ئەم کارەساتە ناکەم، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئەزموونی گەلێک یەهود- ئیسرائیل لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمەڕ کارەساتەکانی خۆی بخەمەڕوو کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ نەهامەتی و چەرمەسەرییەکانی گەلەکەی کردووە، کە بە بڕوای من وەڵامە بۆ گەلە ستەمدەیدەیە.

،،

هۆڵۆکۆست یان شوا بە زمانی عیبری ئاماژەیە بەو هەڵمەتە جینوساید و قڕکردنەی کە نازییەکان بە درێژایی ساڵانی ١٩٣٣-١٩٤٥ بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو بەرامبەر یەهودییەکان ئەنجامیاندا، کە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی خولقاند و بە نزیکەی شەش ملیۆن یەهودی بونە قۆربانی.

ئەم کارەساتە لەلای گەلی یەهودی ودواتریش لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لە ساڵی ١٩٤٩ بەچەشنێک کاری لەسەرکرا و مامەڵەی لەتەک دا کرا کە هەتا هەنووکە یەهودییەکان لە ئیسرائیلدا وەک گەل و ئیسرائیل وەک دەوڵەت سودی پێگەیاندوون تەنانەت لە هەستی تاکی یەهودیشدا شکست وکارەسات گۆراوە بۆ سەرکەوتن و باڵادەستی، لە قوربانییەوە گۆراوە بۆ بونیادنانی کەسێتییەکی بەهێز وپشتبەخۆبەستوو، کە بە پێچەوانەوە لە کارەساتەکانی کورد دا بە بە کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالدا ئەم وەبەرهێنانە لەلایەن تاکی کوردەوە لەرووی دەروونی چ لەسەر ئاستی ناوخۆ چ لەسەر ئاستی دەرەکی بەدی ناکرێت، من لێرەدا نامەوێت باس لە هۆکارەکانی ئەمە بکەم. بەڵکو جەخت لە مامەڵەی یەهودییەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەین بۆ کارەساتی هۆڵۆکۆست لەمیانی ئەم خاڵانەی خوارەوە:


١- سیاسەتی دەرەکی ئیسرائیل:
یەکێک لە ئامانج وستراتیژیەتەکانی سیاسەتی دەرەکی ئیسرائیل جەختکردنەوەی لە یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست و راستاندنی چیرۆکی رزگاربوەکان و قەلاچۆکردنی نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست و دژایەتیکردنی سامییەت، بۆ ئەمە هەموو ساڵێک وەزارەتی دەرەکی لەڕیگەی نوێنەرایەتی و کۆنسڵەکانییەوە چەندین بۆنە جۆراوجۆر وچالاکی ساز دەکات بەمەبەستی زیندووڕاگرتنی ئەم کارەساتە وهێشتنەوەی لە یادەوەری مرۆڤایەتییدا تا لەو ڕێگەیەوە سۆزی نێودەوڵەتی رابکێشێت و سیاسەتە راسیزم و ستەمکارەکانی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان پێبشارێتەوە، بۆیە ساڵانە لەو یادەدا، رزگاربوانی هۆڵۆکۆست بە جیهاندا دەگێڕن و سیمینار وکۆڕ بۆ ئەوان و پسپۆڕان ومێژوونوسانیان ساز دەکەن تاوەکو کارەسات و چەرمەسەری ئەو رووداوە وەک شایەتحاڵێک بگێرنەوە وەک کردنەوەی پێشانگای " هۆڵۆکۆست بە گولە" و پێشانگای " ژیان دوای رزگاربون" کە لە یادی 72 ساڵەی کارەساتەکەدا ئەنجامدرا.


لەلایەکی تر هەمیشە ئیسرائیل ئەم بۆنە وکارەساتانە دەکاتە وێستگەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل ویەهودییەکان لە جیهاندا بە چەشنێک ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لە یادی کارەساتی هۆڵۆکۆستدا هەلی ئەوە دەقۆستەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا و فەرەنسا دا ئەوەتا بە گەرمی پێشوازی لە روسیا دەکات و بە " دۆستی گەورەی ئیسرائیل"ی دادەنێت و بەڵێنی گەراندنەوەی سەرلەبەری موڵکەکانی کەنیسەی روسی لە قودس بە روسیا داوە وەک هەوڵیک رۆڵی بەرچاوی روسیا لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەدەرلەوەی لە پەراوێزی دانیشتنەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران فەرەنسادا جەخت لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیژی دەکەنەوە، بۆیە هەمیشە ئیسرائیل ئەم بۆنانە بە هەلدەزانێت بۆ بە‌هێزکردنی پێگەی خۆی و بە دەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتەکانی خۆی لە سوریا و فەڵەستیندا.

٢- مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست:
لەساڵی ١٩٥٣ بەپێی بریاری کنێستی ئیسرائیلی بەناوی یاد فاشیم دامەزرا. ئەم دامەزراوەیە ناوەندێکی جیهانی بەڵگەنامەیی و فێرکارییە بۆ زیندوڕاگرتنی هۆڵۆکۆست. ئەم ناوەندە پێکهاتووە لە چەندین مۆزەخانە و پێشانگا و مۆنۆمێنت و ناوەندی توێژینەوە و کتێبخانە. یاد فاشیم ٦8 ملیۆن بەڵگەنامە و 300 هەزار وێنە و فیلم و ڤیدیۆ وکاسێتی ڤیدیۆیی لە خۆگرتووە، هەروەها کتێبخانەکەی ١١٢ هەزار کتێبی بە ناونیشانی جیاواز و سەدان کتێبی دەگمەن و دانسقەی تێدایە.


٣- سینەما:
سینەما ناوەندێکی ترە کە تێدا رۆڵێکی گرنگی گێراوە بۆ ناساندنی کارەساتی هۆڵۆکۆست ولەم پێناوەشدا جگە لە کەسایەتییە یەهودییەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل پارەیەکی هێجگار مەزنی بۆ تەرخانکردووە بەهۆی یەو بایەخەی سینەما هەیەتی لە جیهاندا، ئامارەکان جەخت لەوە دەکەنوە کە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ فیلم بەرهەمهاتووە لەلایەن ناوەندەکانی سینەمای جیهانی کە باس لە کارەساتی هۆڵۆکۆست دەکات و رۆڵێکی دیاریان هەبوە لە ناساندنی کارەساتەکە و ڕاکێشانی سۆزی جیهان بۆ دۆزی یەهودییەکان لە دیارتری ئەو فیلمانە کە بینەری زۆریان هەبووە وەک Schindler’s list 1993, The Reader 2008, Son of Soul 2015. IDA 2015, Holocust 1978. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان فیلمی فێرکاری the path to Nazi genocide بەرهەمهێناوە وەک هەوڵێک بۆ ناساندنی ئەم کارەساتە.


٤- قەرەبوکردنەوە:

هەوڵەکانی سەرانی یەهودی وئیسرائیل بۆ سەپاندنی قەرەبوو بەسەر ئەو دەوڵەتانەی رۆڵیان هەبوە لەم کارەساتەدا هەتا ئێستا بەردەوامە. لەساڵی ١٩٥٢ بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی لۆکسمبۆرگ لە نێوان ئیسرائیل وئەڵمانیادا جەخت لەسەر قەرەبوکردنەوەی یەهودییەکان کرایەوە وئەڵمانەکانیان تێدا پاپەندکرد بە دانی قەرەبوو بە رزگاربوانی کارەساتەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل و رێکخراوەکانی یەهودی وئەنجومەنی باڵای یەهودی لە جیهاندا بەچەشنێک لەساڵی ١٩٥٢ تا ٢٠١٨ بەپێ سەرچاوە فەرمییەکانی ئەڵمانیا ٨٨ ملیار مارک دراوە بە ئیسرائیل وئەنجومەنی باڵای یەهودی لە جیهاندا، بەدەر لە پێدانی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار وەک یارمەتی مادی وهەروەها ٤٥ ملیۆن مارک بەو رێکخراوانەی بەرگری لە کارەساتی هۆڵۆکۆست دەکەن و مانگانە نزیکەی ٢٧٨ هەزار کەس پارەی بۆ براوەتەوە وەک قەرەبوو.


٥- پەروەردە وفێرکردن:

لە تازەترین نوسراییدا یونسکۆ وەک ڕێکخراوێکی تایبەت بە پەروەردە وفێرکردن جەخت لەسەر خوێندنی کارەساتی هۆڵۆکۆست دەکات لە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن لەسەرتاسەت جیهاندا بۆ ئەم مەبەستەش کتێبێکی لەبارەی کارەساتی هۆڵۆکۆستەوە دەرکردووە. هەروەها لە ناو ئەڵمانیادا خوێندنی بابەتی هۆڵۆکۆست بە شێوەیەکی فەرمی سەپێنراوە بەتایبەتی لەناو زانکۆ وناوەندە پەروەدەییەکانداك لەلایەکی ترەوە ناوەندی یاد فاشیم ی ئیسرائیلی خوێندنگەیەکی ١٧ پۆلی بۆ ئەم مەبەستە کردۆتەوە کە نزیکەی ١٠٠ وانەبێژ وناوەندی پێداگۆگی لەخۆگرتوە وساڵانە خولی فێرکاری بۆ زیاتر لە ١٨٧ هەزار خوێندکار و سەرباز دەکەنەوە.

6- پەیماننامە وبەڵێن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان:
لەسەر ئاستی جیهان، ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات کەبەهەموو شێوەیەک ڕێگە بگرێت لەوانەی نکۆڵی لەبوننی کارەساتی هۆڵۆکۆست دەکات بۆ ئەم مەبەستە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان یاسا و بریار تایبەت بەم لایەنە دەرکراوە بۆ نمونە لە ئەڵمانیا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە رۆشنبیران و ناوەندە زانکۆییەکان هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە وکتێبێک لەچاپ بدرێت لەرووی نکۆلێکردن لەم کارەساتە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکی تایبەتی داناوە بۆ هۆشیارکردنەوە لەمەڕ هۆڵۆکۆست بریاری ژمارە ٦0/٧، بەم دواییانەش تەنانەت کۆمپانیای فەیسبوک لە دووبارە پیداچونەوە بە سیاسەتەکانییدا، جەختی لە قەدەغەکردنی هەر پۆست وبڵاوەکراوەیەک کردەوە لە فەیسبوکدا کە نکۆڵی لە هۆڵۆکۆست بکات و راستییەکانی ئەو ڕووداوە بشێوێنێت.
لەکۆتاییدا، لە سەروبەندی ئەم کارەساتە جەرگبرەدا پێویستە ئەو بوترێت: ئایا هەڵەبجە وکارەساتەکانی تری کورد لە مێنتاڵێتی سەرکردایەتی ودەستەبژێر ودەسەڵاتی کوردیدا، لە کوێی ئەم روانینەدا جێگەی دەبێتەوە.