زوحاک کێ بوو؟

2021-03-18

ڕەزوان یاڵانپێی


خوێندکاری دکتۆرا لە بواری مێژوو

بەشێک لە مێژوونوسان باس لەوە دەکەن ڕێز گرتن لە نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی زەردەشت، جەژنی نەورۆز لە بەرپابونی دینی زەردەشت هاتوەتە مەیدان و کۆڵەکە گەورەی نیشانەکراوی دینی بوە، ئەگەر چی لای ئەوان بەناوی ((نوێیونەوەی گیان)) و گۆڕینی دنیای مادی بەرەو دنیای هەتاهەتایی بووە. ئەم بیرۆبۆچونە ڕەنگە هۆکاری بیرۆباوەڕی زەردەشتی کاریگەری لەسەر هەبوبێت بەتایبەت ئەو باوەڕەی کە هەیانە و پێیان وایە کە ڕۆحی مرۆڤێک لە لەشی مرۆڤێکی تر بژی ئەوەی کە پێی دەڵێن "دۆنادۆنی".

نەیارانی کورد هەوڵیان داوە ئەم جەژنە پڕ لە خێر و خۆشیە بکەن بە جەژنێ کە کورد وەک جەژنی ئەوان سەیری بکەن، زانرا کە کە نەورۆز ڕۆژێکی جیاوازە و ساڵانە هەوڵ دەدرێ بۆ کۆکردنەوەی دارو پوش لە شاخەکان و کۆکردنەوەیان بۆ شەوی نەورۆز و ئاگرکردنەوە لەسەر شاخەکان و زیندو ڕاگرتنی یاسای کەلتوری و ئاینی ئەو سەردەمە، لە بیروباوەڕی زەردەشتی ئاگر هێمای خاوێنی و پاکیەو ئەوان ئاگر بەخوا نازانن بەڵکو ئاگر بە هێمای پاکی دەزانن، بۆیە نەیاران هەوڵیان داوە مێژوی کورد بە لاڕێدا بەرن، کاتێک کە دەڵێن زەردەشتی ئاگر پەرەستن و سەر بۆ ئاگر دانەوێنن، بەڵام ئەوان ئاگر بە بەشێک لە بەشەکانی ژیان دەزانن کە خوا داویەتی بە مرۆڤ. ڕێز گرتن لە ئاگر بەتایبەت دوای زستان ئەگەر بە هێمای ناخۆشی و سەرما بزانین بەهاری نوێ بە ئاگری خاوێن ڕوناک دەکرێتەوە کۆتایی بە زستان دێت.

زوحاک کێ بوو!!!

زوحاک ((ئەژدەهاک،ئاستیاگ)) کوڕی دواهەمین پادشای دەوڵەتی ماد بەو شێوە زانراوە زۆردار نەبو، وەک ئەوەی فارسەکان شان و شکۆی ئەو پادشایەیان لەکەدار کردوە،(( فیردۆسی)) کاتێک باس لە چێشتخانەکەی زوحاک دەکات دەڵێت: دو کەسی هەبون کە چێشتیان بۆ لێدەنا بیریان لەوە کردەوە بۆ هەر ڕۆژێ دوو گەنج بکوژن و بیدەن بە مارەکان با هەر ڕۆژ مێشکی کاوڕێ لە گەڵ مێشکی مرۆڤی پێ بدەن بە مارەکان و بەم شێوەیە کەسێک لە مردن ڕزگار ببێ، ماوەیەک ئەم بیرۆکەیان بەڕێوە برد تا کاتێک ئەو کەسانە بون بە دوسەد کەس وا رزگار بون و لە شاخەکان جێگایان پێیان دا تا لەوێ بژین. فردۆسی دەڵێ کوردی ئەمڕۆ لەوانە پێکهاتوە کە دیل بون و ڕزگاریان بون و ڕۆیشتنە شاخ و ترسیان لە خوا نیە ماڵەکانیان لە پێستی مەڕو بزن ساز دەکەن و نیشتەجێ نین.

"کنون کرد از این تخمە دارد نژاد
کە از آباد بر دل نیایدش یاد
بود خانەهاشان سراسر پلاس
ندارند در دل زیزدان هراس".

دردەکەوێ هەوڵی داوە ئەو خەڵکانەی ئەمڕۆ پێیان دەڵێن نەتەوەی کورد لە مێژوو بسڕێتەوە و بەکۆچەر و هاوردە ناودێریان بکات، لەدوایدا بێ ماڵ و ژیان و دواکەوتوو لە کەلتورو شارستانیەت پیشانیان بدات.

،،

کاتێک کە پرس بە زانایان و ئەدیبان دەکرێ کە فێردەوسی بەو شێوە دژایەتی کورد دەکات دەڵێن ئەو شیعرە و شیعر مێژوو نیە، بەڵام لە سەر قسەی فێرەوسی کورد هەزار ساڵە دەکوژرێ لەبەرئەوەی دژ بەخوایە، کورد دەکوژرێ لەبەرئەوە کۆچەرە، کورد دەکوژرێ لەبەرئەوە دواکەوتوە، فیردۆسی وا پیشانی داوە کە ئەوان هەزار ساڵە خاوەن شارستانیەتن و پادشایان هەبوە و یاسا و ڕێسایان هەبوە، بەڵام کورد مایە پوچ بوە.

هەندێک لە مێژوونوسان دژ بەم ڕایە دەوەستنەوە و دەڵێن کاوە فارس بوە و زوحاک کورد بوەو پاشایەکی دادپەروەر بوە و کاوە کوشتویەتی بۆ ئەوەی حوکمی وڵات بۆ فارسەکان بگێڕێتەوە.

وتەی ڕاست و کۆتایی:

نەورۆز ژیانەوەی ڕۆح و سروشت و گیان و جیهان پیشان دەدات و جەژنێکی بەهارە بۆ شایی و خۆشی و پاراستنی کەلتورو زمانی نەتەوەی کوردی ئەمڕۆ کە بە درێژایی هەزاران ساڵ ئەم داب و نەریتەیان پاراستوە.