برایم جەلال: سالار عەزیز وتی با نەوشیروان مستەفا شەهید ببێت

2021-03-20

" عەشق‌و خەبات‌و ئازادی" بیرەوەرییەكانی ئیبراهیم جەلالە، ئەو لە نوسینەوەی بیرەوەرییەكانیدا لەگەڵ ژیانی پێشمەرگایەتی خۆی لە سەردەمی شاخ‌و قۆناغی بەر لەڕزگاریدا، باسلە كۆمەڵێك وێستگەو ڕووداوی ناو هەردوو شۆڕشی ئەیلوول‌و شۆڕشی نوێ دەكات.

مەلایی‌و جەلالی
برایم جەلال كە لە ململانێكانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسیدا لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسیدا بووە، لە بیرەوەرییەكانیدا ئاماژە بەوە دەدات كە مەلایی‌و جەلالی جەستەی پارتیان داڕزاندووەو پارتییان لە حیزێكی شۆڕشگێڕەوە كردووە بە حیزبێكی لەرزۆك‌و دیكتاتۆرو دەزگایەكی جاسووسی.
دەربارەی ناكۆكی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسی‌و پەنابردنیان بۆ ئێران‌و حكومەتی عێراقی لە پێناو سڕینەوەی یەكدیدا، برایم جەلال لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت:" مەلا مستەفا فتوای پەسەندكردنی جاشایەتی سیاسی‌و بەكرێگیراوی ئەم دەوڵەت‌و ئەو دەوڵەتی داو باڵی مەكتەبی سیاسیش فێری سیاسەتی پشتبەستن بە دەوڵەتە داگیركەرەكان بوون، جەلالییەكان حكومەتی عێراقیان بە ناكۆكی لاوەكی‌و مەلاییان بە ناكۆكی سەرەكی دەزانی، تا ئەو ڕادەیەی كە لەزۆر ناوچەدا لەبری سوپای عێراق پاراستنی ناوچەكانیان لە ئەستۆ گرتبوو، هاوپەیمانێتییەكی وهایان لەگەڵ ڕژێمی عێراق هەبوو دەتگوت ڕژێمی عێراق ئۆتۆنۆمی بە جەلالییەكان داوەو مەلاییەكان دەیانەوێت هەڵیوەشێننەوە، مەلاییەكانیش سیاسەتی دوو سەرەیان بەكار دەهێنا، لە لایەكەوە دەستیان لە ئۆتۆنۆمی هەڵگرتبوو بەشێوەیەكی كاتی بۆ لەناوبردنی جەلالییەكان بەكەمترین دەستكەوت قایل بوون لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ڕێبكەون".


كۆنفرانسی یەكەمی كۆمەڵە
برایم جەلال كە بە بڵاوكردنەوەی كتێبی " چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە" مشتومڕێكی زۆری دروستكرد، دیسان لەبیرەوەرییەكانیشیدا باس لە ناكۆكییەكانی ناو كۆمەڵەی ڕەنجدەران دەكات‌و هێرشی توندیش دەكاتە سەر بەرپرس‌و سەركردەكانی " كۆمیتەی هەرێمەكان"ی ناو كۆمەڵەی ڕەنجدەران كە پاشتر لە چوارچێوەی " ئاڵای شۆڕش"دا خۆیان ڕاگەیاندو كەوتنە بەر زەبری یەكێتییەوە.
برایم جەلال دەڵێت:" لە كۆنفرانسی یەكەمی كۆمەڵە كە لە 7 – 5 -1981دا بەسترا، فازیل كەریم‌و " مامۆستا حەعفەر" سالار عەزیزو ئازاد هەورامی دەرنەچوون بۆ سەركردایەتی، مەلا بەختیارو ملازم عومەریش لەگەڵ ئەواندا بڕیاریاندا كە واز لە یەكێتی بهێنن‌و بڕۆنە دەرەوەی وڵات، نەوشیروان سێ ڕۆژ لە هاتووچۆدا بوو بۆ لایان تا قایلیان بكات‌و نەڕۆن، بەڵێنی دا كە سالار و فازیل‌و ئازاد هەورامیش بخرێنەوە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، بەڵام هەوڵەكەی سەری نەگرت، ئەو سەركردە ماركسییە عەیار تەواوانە لەبەر دەرنەچوونیان وازیان لە یەكێتی‌و كۆمەڵەو فكریان هێناو ڕۆشتنە تاران بە مەبەستی چوونە دەرەوەی وڵات، بەڵام لەو كاتەدا مام جەلال لەدەروەی وڵاتەوە گەڕایەوەو گەیشتە تاران‌و قایلی كردبوون كە بگەڕێنەوە ناوزەنگ‌و بەبێ شەرعیەتی دەرچوونیان كرانەوە بە سەركردایەتی".
برایم جەلال لە بیرەوەرییەكانیدا ئاماژە بەوە دەدات یەكێتی هەڵەی كردووە كە لەپاش دروستكردنی " ئاڵای شۆڕش" ڕێگەیداوە مەلا بەختیارو سەركردەكانی ئاڵای شۆڕش بگەڕێنەوە بۆناو یەكێتی،" دوای دروستكردنی ئاڵای شۆڕش‌و پاش ئەوەی كە بەدانپێدانانی خۆیان خیانەتیان لە شۆڕش‌و كۆمەڵەو یەكێتی كردووە، دەبوو ڕێگەیان پێنەدرایە جارێكیتر بگەڕێنەوە بۆناو یەكێتی‌و بكەونەوە تۆڵەكردنەوە لە یەكێتی‌و تا ئێستاش یەكێتی بەدەست كردەوە خوارو خێچەكانیانەوە دەناڵێنێ، ئێستا مەلا بەختیار هەموو هەوڵێكی بۆ ڕووتكرنەوەی یەكێتییە لە جەماوەرەكەی".
هەر لە میانی باسكردنی مەلا بەختیارو ئاڵای شۆڕشدا، برایم جەلال، وەكو تۆمەتباركردنی مەلا بەختیارو هاوڕێكانی، لە شێوەی پرسیاردا دەڵێت:" كێ بوو ڕەسووڵ مامەندی لە یەكێی دەرپەڕاند؟ كێ بوو نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی لە یەكێتی تەرە كرد؟ كێ پاڵی بە بەرهەم ساڵحەوە نا بچێتە دەرەوە لە یەكێتی؟ كێ عارف ڕووشدی‌و ئازاد جوندیانی ناچار كرد یەكێتی بەجێ بهێڵن؟ كێ هەوڵی دەرپەڕاندنی كۆسرەت ڕەسووڵ‌و ناوەندی بڕیاری داو سەری نەگرت؟.

سالار عەزیز وتی با نەوشیروان مستەفا شەهید ببێت

لەباسی دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفا لە لایەن حسكەوە، برایم جەلال دەڵێت:" ڕۆژی 10 -1 – 1981 لە گوندی بزێنیان، هەرێمی یەك‌و سێیان كۆكردبوویەوە، سالار عەزیزو مەلا بەختیار و ئەبوشەهاب ئاسۆی شسێخ نوری‌و بەكری حاجی سەفەرو ئەبو شەهاب لەوێ بوون، بە كاك بەكرم وت ئەم هەموو هێزە بۆچییە؟ وتی هەموومان دوای هێزەكەی حسك كەوتووین بەڵكو ناچار ببن نەوشیروان بەر بدەن، بەكاك بەكرم وت ئەم ڕاونان‌و هەڕەشەو گوڕەشەیە مەترسی لەناوبردن، یان دوورخستنەوەی نەوشیروان‌و بردنی بۆ ئێران بۆلای پارتی، یان ڕادەستكردنەوەی بەڕژێمی عێراقی زیاتر دەكات".
لەسەرەتای مانگی یەكی ساڵی 1982دا، لە گوندی قەویلە، نەوشیروان مستەفا لە لایەن هێزی حسكەوە دەستگیر دەكرێت، گرتنی نەوشیروان مستەفا لە لایەن حسكەوە لەكاتێكدا بوو كە یەكێتی‌و حسك لە شەڕێكی قورسدا بوون لەگەڵ یەكدیدا بەتایبەت لەناوچەی شارەزوورو شارباژێڕ.
وەكو برایم جەلال باسیكردووە، لەبەرانبەر بەردانی نەوشیروان مستەفادا حسك داوای ئەوەی كردووە كە ڕێگەیان بدرێت ئەوانیش وەكو یەكێتی لەناوچەكانی هەورامان‌و هەڵەبجەو شارەزوور بوونیان هەبێت‌و یەكێتیش سەد چەك بدات بە حسك.
برایم جەلال دەڵێت:" من ڕاموابوو كە چەكەكانیان بدەینێ، بەمەرجی بەردانی نەوشیروان، سالار عەزیز ڕایوابوو كە یەك چەكیشیان نەدرێتێ، تەنانەت وتی یەكێتی‌و كۆمەڵە كۆمەڵێك سەركردەیان شەهید بووە با نەوشیروانیش یەكێكبێت لەوانە، نەوشیروان هەم مەرجەكانی حسكی تڕۆ كردو هەم یەكێتیشی لەو بارە گرانە دەربازكردو هەم ئاواتی دوژمنەكانیشی بۆ لەناوچوونی خۆی پوچەڵ كردەوەو لە 6 – 2 – 1982 لە ئەشكەوتی هەزار ئەستوون لە هەورامان خۆی لە دەستی حسك دەرباز كرد".

كۆنگرەی یەكی یەكێتی‌و كێشەی نێوان مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا

برایم جەلال كە لەگەڵ هەریەكە لە سەعدی پیرەو پەروین كاكە حەمەدا ئەندامی دەستەی سەرپەشتیاری كۆنگرەی یەكی یەكێتی بووە، دەڵێت، سەرەتای كۆنگرە كێشە كەوتە نێوان مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفاوە لەسەر ڕەشنووسی ئەو پرۆژە پەیڕەوەی كە بە سەرپەرشتی دكتۆر كەمال فوادو چەند كەسێكیترەوە ئامادە كرابوو، هەموو دەسەڵاتەكانی حیزبی لە دەستی سكرتێری گشتیدا كۆ كردبوویەوە.
وەكو ئەو باسیكردووە نەوشیروان مستەفا لەو ڕەشنووسە ڕازینەبووە كە كەمال فواد نووسیوویەتی‌و مام جەلالیش لەو ڕەشنووسە ڕازینەبووە كە برایم جەلال‌و حەمە تۆفیق ڕەحیم‌و شازاد سائیب نووسیوویانەو هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە كۆنگرەی یەكی یەكێتی بۆ ماوەی دوو ڕژ دوابخرێت، برایم جەلال دەڵێت:" ڕەشنووسێكیتر لە لایەن‌و من‌و شازاد سائیب‌و محەمەد تۆفیق ڕەحیمەوە ئامادە كرابوو، زۆرترین دەسەڵاتمان لە دەستی سەركردایەتیدا كۆ كردبوویەوە، كە ڕەشنووسی ئەم پرۆژە پەیڕەوەی ئێمە خوێندرایەوە مام جەلال توڕەبوو وتی وەڵا باشە، دەسەڵاتی سكرتێری فەرمانگەیەكیشتان بۆ سكرتێری گشتی نەهێشتووەتەوە، بەهۆی كێشەی مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفاوە كۆنگرە دوو ڕۆژ دواخراو شوێنەكەشی لە سلێمانییەوە برایە هەولێر".