چیرۆکی دەستگیرکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن حسکەوە

2021-03-21

بۆ چاوترساندنی خەڵک ماوەیەک بەعس کابرایەکی دڕندەی بەناوی مولازم موحسین ناردبوو بۆ سلێمانی، فەرماندەی مەفرەزەی هاوبەشی دەزگا سەرکوتکراوەکانی بەعس بو، زۆر ئازاری خەڵکی ئەداو هەموو شەو ئەچووە سەر ماڵان و، خەڵکی ئەکوشت.

چەند جارێک چوبووە سەر بەختیاری برام و ئەحمەدی مامەڕەزام، جارێک ئەوەندەی لە ئەحمەد دا بو، گوێیەکی گەڕ کردبو، هەڕەشەی لە بەختیاری برام کردبوو ئەگەر لە سلێمانی پیاوی حوکومەت بکوژرێ، ئەویش بەختیار ئەکوژێ. ڕۆژێک لەپڕا بەختیاری برام پەیدابو، لەسلێمانیەوە ڕایکردبو، هاوسەر و دایکم و تاڤگەی خوشکیشم ڕایان کردبوو بۆ شارەزوور.

لەگەڵ بەختیار خەریک بوم بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و، دایکم و ئەوانیش بباتەوە، وەها ترساندبویان هەرچیم لەگەڵ وت کەڵکی نەبو، دایکم بە پێشمەرگەیەکا نامەیەکی بۆ نوسیبووم کە چارەیەکیان لێ بکەم، لەناوزەنگ خانوبەرەیەکی باشم هەبوو، شوێنەکەیشمان ئەمین بو. بەساڵحی حاجی ڕەفیق دا نامەیەکم بۆ دایکم نارد کەبێن بۆ ناوزەنگ، بەختیاریش لەگەڵی چو، بەڵام لەڕێگا بەختیار لەگاڵ ساڵح بڕی نەکردبو گەڕابۆوە، ساڵح نامەکەی گەیاند، بەلام دایکم توڕەبوو بوو، وتبوی:(ئێمە لەسەر ئەو وامان لێ هاتوە، یانزە ساڵیشە نەمبینیوە، کەچی هێشتا ئەو بە من ئەڵێ وەرە بۆلام!) دایکم مەترسییەکانی ڕێگەوبانی نەئەزانی.

بڕیاارمدا سەردانێکی دایکم و خوشکم بکەم و، داوایان لێ بکەم بێن بۆ ناو زەنگ، ویستم کەم کەس‌بزانێ، هاوڕێ کانی خۆمم ئاگادار کرد، وەهاب شارەزای ئەو ناوچانە بو، بانگم کرد و قسەم لەگەڵ کرد، کە سەفەرێکی بەپەلە و نهێنیم بەدەستەوەیە، داوام لێکرد دوسێ پێشمەرگەی شارەزام بۆ ئامادە بکا. من و کامەران و وەهاب، بەسێ قۆڵی لە ناوزەنگەوە بەپێ بەڕێ کەوتین.

پاش یانزە ساڵ دایکم و تاڤگەم بینییەوە، نانی نێوەڕۆمان لە ماڵ جوامێرێکی بەردە ڕەشی خوارد، ماڵێکی باش و بە ماریفەت بوون، قسەم لەگەڵ دایکم کرد و، لە گەڵیان ڕێک کەوتم هەموویان بێن بۆ ناوزەنگ، ئیتر لەیەک جیابوینەوە، منیش بەرەو ناوزەنگ بەڕێکەوتم.

لەگەڵ حەمەی حاجی سابیر و ئامۆزایەکی و دوو ‌پێشمەرگە ،کامەران و شەهاب به ڕێ کەوتین، لاماندایه گووندی سلێمانە، حەمە وکەمال و من لەماڵێک، کامەران و ئەوانیتریش لەماڵێکی تربون. خەریکی نان و ماست خواردن بوین، خاوەن ماڵەکە هاتە ژوروە وتی: شاخەکە چەکداری پێوەیە، دەوریان گرتون!

بەپەلە لەماڵەکە دەرچوین و، لەبەرزایی شاخەکەوە دایان گرتینەوە، بەڕاکردن لەدێ دەرچوین و، بەرەو شاخەکەی بەرامبەرمان، شوێنکێ قایم و سەلامەت بو، گولەیەک لە ئەژنۆی کامەرانی دابو، بە برینداری لە سلێمانە بە جێما بو، شەهابیشمان لێ دابڕابو، مابوینەوە حەمەو ئامۆزاکەی حەمەو، کەمال و من.

ڕۆژی ڕابردو فەریدوون حەمە ساڵح، فەرماندەی کەرتەکانی هەرێمی یەک، چەند پێشمەرگەیەکی حسکی لەمزگەوتەکەی (بیوک) چەک کردبو، ئاربیجیەکی لێ سەندبون، چکدارانی حسک ئەم پەلامارەیان بۆسەر ئێمە لەتۆڵەی ڕوداوەکەی دوێنی دا کرد بو، وامان بەچاک زانی بچینە گوندی قەویلە شەو چوینە قەویلە، نامەیەکم بۆ ملازم تایەر نوسی لەنامەکەدا ئاگادارم کردبو کە بۆ کارێکی تایبەتی خۆم هاتومەتە ناوچەکەو، ئامادەی خۆمم دەر بڕی بۆ بینینی و بۆ ئەوەی هەردووکمان هەوڵی خاوکردنەوەی گرژی نێوان پێشمەرگەکانی هەردولا بدەین و، سەرسوڕمانی خۆمم دەربڕی بو لەوەی کە پاش چەند ساڵ ئەوە یەکەم جارە ئەو بیتە جەولە جەولەیەکیش بە شەڕی یەکێتی دەست پێ بکا.

کەمال شاکیر نامەکەی برد و ڕۆیشت، شەو ئیتر نەهاتەوە بۆ لای ئێمە. بەناسیاوێکی خۆم دا ناردبوی بۆ کاک تایەر، تا ئەو کاتە کەسیان نەیان ئەزانی کەمن لەو ناوچەیەدام تەنانەت کامەرانیش، کە بە برینداری گیرابو، باسی هاتنی منی بۆ نەکردبون، دوای گەیشنی نامەکەم ئەوجا زانیبویان هاتومەتە خوارێ و لەگوندی قەویلەم.

،،

ئەم نامە نوسینە، بێ خۆ ئامادەکردنی پێشمەرگە، هەڵەیەکی گەورە و کوشندە بو کردم، لەباتی ئەوە دەست بەجێ هێزەکانی یەکێتی کۆبکەمەوە ئینجا نامەیان بۆ بنوسم، بەڵام من ئەونە لەخۆم ڕائەدی و بە خۆما ڕائەپەرموم کە بێ چەکدار و هێز، قسەیان لەگەڵ بکەم، بەتایبەت هەمووی چەند حەفتەیەک لەوەو پێش چەند ئەندام سەرکردایەتی حسکم بینی بو.

دەمەو بەیانی بو کەمال وەڵامی نامەکەی بۆ ناردمەوە کەملازم تایەر نوسیبوی، پێ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بو لەبونی من لەناوچەکەدا و، گلەیەکانی خۆی لەیەکێتی نووسی بو، ئامادەی خۆیشی نیشاندابو بۆ یەکتر بینین.

ڕۆژی ٥ی کانونی دوەمی ١٩٨۱، تازە نانی بەیانیمان خواردبو، لەناو ماڵەکەدا دانیشتبوین، خاوەن ماڵەکە وتی ئاوایی پڕە لە حسک! هەرچەند حسک هەموویان مەسوول بون ناردم بپرسن مەسئولەکەیان کێیە، قادر چاوشین هات، هەواڵی حاجی تایەرو هێزەکانیم پرسی، وتی: لەهۆزخواجان، پێم وت: بابچین بۆ لای! بەکۆمەڵ بەڕێ کەوتین.

لە هۆزخواجا ملازم تایەر و لێپرسراوەکانی تریان بە پیرمانەوە هاتن و هەندێ مریشکیان بۆ نانی نیوەڕۆ کڕی، دانیشتین باسی تێکچونی هەلومەرجی ناوچەکەمان کرد، ملازم تایەر باسی ئەوەی کرد کە مەلا بەختیار هێزێکی گەورەی کۆ کردۆتەوە. چەند جار ڕێگەیان پێ گرتون و، بۆسەی بۆ ناونەتەوە. مەفرەزەکانی یەکێتی چەند جار تەنگیان بەوان هەڵچنیوە و پێشمەرگەیان گرتون چەکیان کردون. قسەو باسی لەم بابەتەمان زۆر کرد و باسی ئەوەمان کرد چۆن بارو دۆخی ناوچەکە ئاسایی کەینەوە، پەشۆکاویان پێوە دیار بو بەیەک ئەهاتن و ئەچون، دوای نان خواردن ویستم ئیزنیان لێ بخوازم و بڕۆم، ملازم تایەر وتی نەختێکی تر ڕاوەستە خۆی چوە دەرەوە. خولەی حەمە تاتە هاتە ژورەوە تفەنگەکەی من، بەدیوارەکەوەهەڵپسێردرابو، دەسیدایەو بردی، ئیتر تێگەشتم. ملازم تایەر پیاوێکی بەئەدەب بو، شەرمی ئەکرد ڕاست و ڕەوان بڵی تۆ گیراوی، هەندێک منجە منجی کرد، بەگیرم هێنا وتی: برادەران حەز ئەکەن لەگەڵ مان بمێنیتەوە، چونکە لە خۆیان ئەمین نین و ئەترسن برادەرانی ئێوە بێنە سەرمان!

وتم: گلدانەوەی من لای خۆتان کارێکی خراپە، ڕەنگە ئەوە هێزەکانی یەکێتی بوروژێنی و بێنەسەرتان، ڕێگەبدە بڕۆم وەک خوتان ئەڵێن گرژێکە نەهێڵم!

وتی: تۆ میوانی لای ئێمە، زۆر موحتەرەمی و…..) هەندێک ڕاوە ڕێوی هێنایەوە. منیش وتم: کاک تایەر لەم موجامەلە ناڕاستانە گەڕێ، نەمیوانم، نەموحتەرەمم، بەڵکو گیراوم و، بەمکارە ئاوێکی خراپ ئەڕژینن و سابیقەیەکی خەتەر لە جوڵانەوە ی کوردا دائەنێن، ئیتر هیچ لایەک باوەڕ بەوی تر ناکات.

وەک بیستبوومەوە لەدەرەوە وختێ من لەگەڵ ملازم تایەر و قادر جەباری خەریکی گفتوگۆبوم، لەدەرەوە هەندێک لە وردە مەسئولەکانیان لە ناو خۆیان مشتومڕیان بو، لەسەر ئیزنم بدەن بڕۆم یان گلم بدەنەوە. (ڕەوفی خەلیفە سەعید) ئامۆزای حەمەی حاجی مەحمود، کە تازە چوبوە ناو حیسک و بوبو بە دوژمنی خوێنەخۆی یەکێتی، کەریمی دادە مەنە و خولەی حەم تاتە و چەند کەسێکی تری لەم بابەتانە وتبویان:( ئەمە فرسەتێکی باشە فڵانمان کەوتۆتە بەردەس لای خۆمان گلی بدەینەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی یەکێتی ئیتر نەیەنە سەرمان و مەرجەکانی خۆمانیان بەسەردا بسەپێنین، هەڕەشەی ئەوەشیان کرد بو کە ئەگەر ئیزنم بدەن، ئەوان تەقەم لێبکەن و بمکوژن و تەسلیمی حکومەت ببنەوە. ملازم تایەر و قادر و ئەوانی تر لەژێر ئەم گوشارە بڕیاری گرتنیان دابوم.

،،

من ئیتر نائومێدبوم لێیان و، زۆر ئەترسام گەوجێتی ئەمانە کردبویان، ببێ بەهۆی شەریکی خوێناوی سەرانسەری لەنێوان ئەوان و یەکێتی دا، سەدان کەسی تێدا بکوژرێ، هەمووشیان جنێو بەگۆڕەکەی من بدەن.

لە هۆزەخواجا وە کەوتنەگەڕ بۆ دوڵە چەوت، کەڵوس و قەویلە … دێ بەدێ منیشیان لەگەڵ خۆیان ئەسوڕاندەوە، مام جەلال لە دەرەوە بوو، مەکتەبی سیاسی بەیانێکی لەسەر گرتنی من دەرکرد و بەڕادیوێ خوێندیەوە، هەڕەشەی قورسیان لە حسک کردبوو، هێزەکانی حسک و لێپرسراوەکانیان سەریان لێ شێوا بوو نەیائەزانی چی بکەن و چی لەمن کەن، لەتاو هێزەکانی یەکێتی، جێیان بەخۆیان نەئەگرت، چون بۆ دۆڵە سور و بەناو ئوردوگاکانی شانەدەریدا چون بۆ کێوی سورێن، ئەو ماوەیە منیان بە محمودی حەمە تاتە سپارد بو ئێشکم لێ بگرێ، بەفر سورێنی گرتبوو، هەوا زۆر سارد بو، ڕایەخ و بێخەفیان نەبو لەبن تاشە بەردێکدا لەسەر‌ ئەرز بەدیار ئاگری دوکەڵاوییەوە هەڵتروشکابوین. عەلی بەگی باوکی تایەر هات بۆ (دەرە گوڵان)، ڕاسپاردەی د.فازل بەڕراکی پێ بو، کە ئەوسا بەڕێوبەری(ئەمنی عام) بوو. بەباوکی تایەردا جوابی بۆ نارد بون کەمنیان تەسلیم بکەن، یان ئەگەر ئەوە بەباش نازانن کارێکی وا بکەن بکەومە کەمینێکی ئەوانەوە و بەزیندویەتی بمگرن، بەرامبەر بەوە بەڵێنیان دابونێ چەردەیەکی باش پارەیان بدەنێ، شتی وا لە ملازم تایەر نەئەوەشایەوە، قادر جەباری مەسەلەکی بۆ باسکردم، کردم بە گاڵتە لەگەڵی وتم: تاچەند ساڵی تر خزمەتی یەکێتی بکەم بایی ئەو پارەیە خزمه تم پێ ناکرێ، منیان تەسلییم بکەن پارەکە وەربگرن و بیکەن بەدو بەشەوە بەشێکی بۆ خۆتان و بەشێکی بۆ یەکێتی!

شەو ئاربیجیەکیان نابوو بەماڵی عەلی بەگەوە لەسلێمانی، تایەر بە گلەیەوە ڕوداوەکەی بۆ گێڕامەوە، ئەو بەهاوڕێکانی منی ئەزانی بەڵام بەڕاستی ئەوان نەبون، ئەمنی سلێمانی بو خۆشکردنی ئاگری ناکۆکێکە، ئەمەیان کردبوو.

چەند ئێوارەیەک بۆ شیو دایانبەزاندم بۆ گیلەک و شیرەمەڕ… دوای ئەوە ئیتر بردمیانە ئەشکەوتی هەزار ئەستون، حزبی شیوعی لەم ئەشکەوتەدا بنکەیان دانابو، لەگەڵ ئەوان بون بەیەک ماڵ.

کاوە شێخ لەتیف و ناسر حەفید (نالە) هاتن بۆ ئەشکەوتەکە، لەگەڵ بەرپرسەکانی حسک قسەیان کردبو، قسەیان جێگەی نەگرتبو، ئیزنیان لێ وەرگرتبون بێن لەلای من بمێنمەوە تا چارەنووسی من بەلایەکدا ئەکەوێت، کاوە زورم لێکرد نەمێنێتەوە، بەقسەی نەکردم بۆ پارێزگاری من مایەوە، مەترسی هەبو یەکی لە پێشمەرگەکانی حسک، بۆ پارە تفنگێکم پێوەبنێ و بڕوا تەسلیم ببێتەوە.

حزبی شیوعی، بەتایبەتی عەزیز محەمەد، لەسەر داوای سەرکردایەتی یەکێتی، هەوڵی زۆریان لەگەڵ سەرکردایەتی حسک دابوو بۆ بەردانم، سەرکردایتی حسک لەسەرەتادا، هەندی لە بروبیانویان هینابووە و، هەندێ مەرجی سیاسیان دانابو، سەرئەنجام ۲۳ی۱ی١٩٨۱دا بڕیاریان دا بو من بەربدەن.

لێپرسراوەکانی حسک ئامادە نەبوون بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان جێبەجێ بکەن، داوایان لە جەمال ئاغا کرد بو: بۆ ئەوەی من بەربدەن ۱۰۰ تفەنگیان بداتێ، چەند لەگەڵیان ئەڵێن کەڵکی نابێ، جەمال ئاغا بەناچاری داواکەی قبوڵ کردبون، وت بوی: ( ئێمە تفەنگی کەڵەکە کراومان نیە لەعەمباردا ئەبێ بچین لەناو هێزەکاندا کۆی بکەینەوە).

ئەم داوایەی حسکم پێ سوکایەتیەکی زۆر گەوره بو، خۆمم لەبەر چاو کەوت بو، چونکە یەکێبو، لەنزمترین شێوەکانی ئیبتیزاز، ئەم داوایەی ئەوان زیاتر لەوەی هی حیزبی سیاسی بچێ، لەهی باندی مافیا ئەچو.

نیوەڕۆیەک ملازم تایەر هاتە لام چەند سەعاتێک مایەوە قسەو باسی گشتیمان کرد، پێش ئەوەی هەستێ و بڕوا وتی ئەو برادەرانە ئێوە ئەوندە هاتووچۆی ئەم ناوەیان کردوە هەموشتێکمان ئەزانن، هێزێکی گەورەیان لەچەمی گەلاڵ کۆکردۆتەوە، ڕەنگە پەلامارمان بدەن لەبەر ئەوە بڕیار مان داوە بگوازینەوە بۆ جێگایەکی تر، سبەینێ دێن بەدواتدا.

لەناو هێزەکانی حسک دا چەند کەسێک هەبون بەردەوام هەواڵیان بۆ ئەهێنام، یەکێکیان خەبەری بۆ هێنام کە لەگەڵ ناڵە هەورامی ڕێک کەوتون لەنزیک بانی شار بنکەیەکی هاوبەشی پارتی و حسک دابنێن و منیش ببەن بۆ ئەوێ، هێزکانی هەردوو حیزب ئێشکم لێبگرن،کاوەش ئەم هەواڵەی بیستبو.کە تایەر ڕۆشت بەکاوەم وت: گوێت لەقسەکانی کاک تایەر بو ؟

وتی: بەڵێ.

وتم: ئەڵێی چی؟

وتی: تۆخۆت باشتر ئەزانی بیکە!

وتم: ئەگر بمبەن بۆ لای پارتی، ئیتر هیچ هیوایەک نامێنی، لەبەر ئەوە پێم باشە ئەمشەو فرسەت بهێنین بڕوین.

وتی: تۆ بڕۆ هەرچی چەکێکیشت ئەوێ بیبە! بەڵام من بڕ ناکەم نامەوێ دوات بخەم.

وتم: ئەترسم توشی کێشەبی لەگەڵ حسک.

وتی: گوێ مەدەرێ، لام وایە توشی کێشە نابم، ئەگەر توشیش بوم، تۆ لەولا مشورم بخۆ!

کاوە وتی‌: نەوەکو توشی تەقەبن چەک و پێشمەرگەکانی من ببەن، من نەم ویست کاوە ئیحراج بێ، چەکم لێ وەرنەگرت بەڵام هەندێک نارنجۆکم لێ وەرگرت، کاوە بەزۆر دەمانەچەکەی خۆی دامێ. لەگەڵ فەرەج واڕێکەوتم کەمن دەرچووم ئەویش بەدوای مندا بێت بۆ شوێنی چاوەڕوانی. دەوروبەی سەعات ۱۰ی شەو لەکاتی گۆڕینی ئیشکگرەکەدا بەناوی میزکردنەوە لەدەرگای ئەشکەوتەکە دەرچووم و دواتر فەرەج و دوو چەکداری شێخ کاوەش بۆ پارێزگاری بە دواماندا هاتن زۆر بەخێرای بە شاخەکەدا هەڵگەراین، دوای دوور کەوتنەوە چەکدارەکانی شێخ کاوەم ئیزن دا، دە دەقەیەکی پێ چوو، کابرای پاسەوان کەزانی بوی ڕامان کردوە ڕیزیک تەقەی کردبوو بۆ هۆشیار کردنەوەی هاوڕێکانی، بەڵام ئێمە زۆر دور کەوتبوینەوە، ڕوونی بەیانی ئاقاری ڕاستمان دۆزیەوە بە شاخەکەدا هەڵگەڕاینەوە.

نینۆکەکانی هەردوو کەلموستی پێم شکا بو، نەیشمان ئەوێرا بۆ پشودان لابدەین، بەنزیک هوزخواجا درێژەمان بە ڕۆیشتن دا، ماوەیەکی باشمان لە دۆڵەکە بڕی بو، فەرەج چووبوە نزیک گوندێک لەو ناوە وڵاخ پەیدابکا، منیش لای بەردێکەوە دانیشتبوم، لەدورەوە زەلامێکم بینی، ڕوانیم نەبەرد کەلاری بو، هەستام و بانگم کرد، دوای ماچوموچ بەڕاکردن بەرەو گوندی پەرخ بەڕێ کەوت مژدەبدات بە پێشمەرگەکان، پێشمەرگەکان بەبیستنی هەواڵەکە کردیان بەتەقەی خۆشی، زۆریان بەرەو پیرم هاتن، زۆرێک لەخەڵکی ئاواییەکە نەیان زانیبو بۆچی کتوپڕ کردویانە بەتەقە، ژنێک لە ژنی دراوسێیکیانی پرسی بو: ئەوانە بۆچی تەقە ئەکەن؟ لەوڵامدا وتبووی: یەژن مەنسولیکی زلیان بەلەسە بوە!

دوای ۳۲ ڕۆژ لە دیلی، گەیشتمەوە ناو هاوڕێکانم.

سەرچاوە: کتێبی پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن ــ نەوشیروان مستەفا ئەمین.