کۆمپانیا گەورەکان خواتان بێت.

2021-03-23

سەلاح رەشید

لە زوربەی وڵاتانی دیموکراتدا، کۆمەڵێک دەزگایەک هەیە، بۆ چاودێری بازار و ئەرکیان ئەوەیە کە نەهێڵن چەند کۆمپانیایەکی گەورە و زەبەلاح کۆنترۆڵی تەواوی بازار بکەن.

ئەو دەزگایە کە ناسروە بە کارتێل Cartel ، چاودێری هەمو بوارەکانی بازار دەکات و زەمینە دەرەخسێنێت بۆ بەربەرەکانی (مونافەسە) ی بازرگانی، بۆ ئەوەی هەمو بازرگان و کۆمپانیایەک فرسەت و مافی یەکسان و تەواوی هەبێت و بتوانێت لە بازای ئازادا ئەسپی خۆی لە چوەرچێوەی یاسادا تاو بدات و هیچ کەس و لایەنێک رێگر نەبن لەبەردەمیدا.

یاسایەک هەیە کە مونافەسە رێک دەخات، بەناوی یاسای دژی سنوردارکردنی منافەسە، کە لە ساڵی 1870 لە ئەمەریکا و لە ١٩٥٨ لە ئەڵمانیا کاری پێدەکرێت.

،،

ئەو دەزگایە چاودێری دەکات، کە ئایە کۆمپانیایەک هەوڵ ئەدا دەست بەسەر هەمو بازاردا بگرێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەکاری بهێنێت.

کارتێل چاودێری کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکات، کە دەسەڵاتی بازرگانیان بە خراپە بەکار نەهێنن، بۆ نمونە ئەو بەرهەمانەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن بە گران نەیخەنە بازارەوە و هاوڵاتی ناچارنەکرێت کە تەنها مامەڵە لەگەڵ بەهەمەکانی ئەو کوماپانیایە بات.

هەروەها کارتێل چاودێری یەکگرتنەوە و توانەوەی کۆمپانیا گەورەکان دەکات لە یەک کۆمپانیای زەبەلاحدا، بۆ ئەوەی ئەوان نەتوانن بە تەوای بازار قۆرخ بکەن و دەستبخەنە بینای بەربەرەکانی بازارەوە.

کارتێل ئەبێت رەزامەند بێت کاتێ دو کومپانیای فرۆکەوانی یان دو یان سێ کومپانیای دروستکدرنی دەرمان بیانەوێت یەکبگرن و بە ئارەزوی خۆیان نرخ لەسەر کاڵاکان دابنێن، لەبەر نەبونی مونافەسە.

ئەبێ حکومەت بە ئاشکرا و زۆر بە رونی، چاودێری قۆرخکردنی بازار بکات و نەهێڵێت هیچ کوپانیایەک بە ناهەق پشتگوێ بخرێت و کۆمپانیایی نزیک لە دەسەڵات و کەسانی دەست رۆشتو پێش بخرێن و کارەکانیان بێ مونافەسە پێ بدرێت، یا بە شێوەی تەم و مژاوی و لە رێگای بەرتیل و پێدانی پارەی زۆرەوە کارەکانیان بە نایاسایی بۆ جێبەجێ بکرێت.

،،

بێگومان لە کوردستان، هیچ یاسایەک نیە، کە رێگری لە قۆرخکردنی بازار بکات، یاخود ئەگەر یاسایەکیش هەبێت، ئەوا کاری پێناکرێت.

ئەگینا چۆن رێگا بە هەندێ کۆمپانیا ئەدرێت، کە لە هەمو بوارێکدا کار بکات، بۆ نمونە تاقە کومپانیایەک لەم هەمو بوارانەدا کار دەکات : بواری نەوت، پاڵاوتن، بەنزینخانە، ریگاوبان، نەخۆشخانە، ئوتێل، شقە و ڤیلا و باڵەخانە دروستکردن، بازاری جل و بەرگ، هێنانی دەرمان، خواردن. هێنانی برنج، رۆن، ئاوی تەماتە و نیسک و نۆک و دەها جۆری تر..

باشە ئایە پێویستە یەک کۆمپانیا لەم هەمو بوارانەدا کار بکات؟؟ ئەی کومپانیاکانی تر چی بکەن، بێگومان ئەم کومپانیا دەوڵەمەند و زەبەلاحانە ئەتوانن بە ئارەزوی خۆیان نرخ لەسەر کاڵاکانیان دابنێنن و ئیفلاس بە کومپانیای بچوک و مام ناوەند بکەن.

ئەوەی ئاشکرایە کە ئەم کومپانیایانە لای حکومەت و حیزبەکان دەستیان دەروات و بە جۆرەها شێوە بەرتیل و پارە دابەش دەکەن و دەسترۆشتوەکانی حکومەت و حیزب راستەوخۆ و ناراستەوخۆ شەریکن لەگەڵیاندا یان سودمەندن لێیان، هەر لەبەر ئەوە بەشی شێر لە هەمو کارێکی گەورەی حکومی و حیزبی بەر ئەمان دەکەوێت و ئەو کومپانیایانەی بەرتیل نادەن بەدەستی بەتاڵ لێدەرئەچن..

بۆ هەیبەتی ئەو کومپانیایانە جوان نیە، خاوەنی ملیاردەها دۆلار بیت, کەچی خەریکی هێنانی نیسک و نۆک بیت!! مام عەلی کە دوکانێکی بچکۆلانەی وشکە فرۆشی هەیە لە ناوبازار ناچارە دوکانەکەی دابخات، چونکە نیسک و فاصولیای کومپانیاکە کەمێ هەرزانترە و مام عەلیش منافەسەی ئەوانی پێ ناکرێت!!

ئەم سیاسەتە ئابوریە نا عادیلانە، نە لەگەڵ بازاری ئازدا و نە لەگەڵ دیموکراسی و نە لەگەڵ پەیرەوی ئاین پیرۆزدا یەکدەگرن و دەگونجێن، با هەریەکە خەریکی بواری خۆی بێت.

پاڵاوتنی نەوت و هێنانی دەرمان و نەخۆشخانە و هتدد .. لەگەڵ هێنانی برنج و زەیت و ساوەردا کوجا مەرحەبا و چی دەیانبەستێتەوە بەیەکەوە؟