بۆچی سعودیە جەنگی دژی حوسییەکان ڕاگرت؟

2021-03-24

سعودیە جارێكی دیكە تاكلایانە جەنگی لە یەمەن ڕاگرت، هەرچەندە لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی پێشوازی لێكرا، بەڵام ڕاگرتنی جەنگی شەش ساڵەی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە، كۆمەڵێك هۆكاری هەیە، كە پەیوەستە بە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە سعودیە و ڕاگرتنی پاڵپشتیە سەربازییەكان و هێرشی بەردەوامی حوسیەكان بۆ سەر سعودیە، ئەمە جگە لەوەی جێنشینی سعودیە شكستی هێناو نەیتوانی پاڵپشتی وڵاتانی سوننی بەدەست بهێنێت و وەك مەرجەعی سوننە سەیر بكرێت.


سعودیە لە دەست پێشخەرییەكەیدا سەرباری ڕاگرتنی جەنگ، هێڵی وشكانی و ئاسمانی بەڕووی ئەو ناوچانەدا دەكاتەوە كە لە ژێر دەستی حوسییەكانی نزیك لە ئێرانەوە، وەك كردنەوەی فڕۆكەخانەی سەنعا و ڕێگەدان بە هاوردەكردنی سوتەمەنی و خۆراك لە بەندەری حودەیدە، كە هەردووكیان لە ژێر كۆنترۆڵی حوسیەكاندان، هەر لە دەستپێشخەرییەكەدا سعودیە داوا دەكات كە دانوستان لە نێوان هەردوو حكومەتی یەمەن دەست پێبكاتەوە، كە یەكەمیان سعودیە پشتگیری دەكات و ئەوی دیكەیان ئێران پاڵپشتی دەكات.


لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا، حوسییەكان دوای یەك ڕۆژ وەڵامی پێشنیارەكەی سعودیایان دایەوە و ڕایانگەیاند" دەستپێشخەرییەكە شتێكی نوێی تێدا نەبوو"، هەروەها بە كرداریش هێرشەكانیان بۆ سەر سعودیە ڕانەگرت و فرۆكەخانەی ئەبهایان لە سعودیە كردە ئامانج.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لە هۆكاری دەستپێشخەرییەكەی سعودیە دەكەین، لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە جەنگە، كە پەیوەستن لە لایەنی سیاسی و ئابورییەوە.


هۆكارەكانی ڕاگرتنی جەنگ لەلایەن سعودیەوە:

1. بودجەی زۆری سەربازی و توانای كەمی ڕووبەڕووبونەوە:

سعودیە ساڵانە بڕێكی زۆری بودجە بۆ بەهێز كردنی سوپاكەی تەرخان دەكات، بەشێوەیەك دەگاتە 70 ملیار دۆلاری ساڵانە، هەروەها لە ساڵی 2019دا لە ڕووی دابینكردنی زۆرترین بودجە بۆ لایەنی سەربازی لەسەر ئاستی جیهان پلەی سێیەمی وەرگرت و تەنها لە دوای ئەمریكا و چینەوە هات، هەروەها پێش روسیا و هیند و فەرەنسا و بەریتانیا كەوت، ئەم بڕە زۆرە بەسە بۆ ئەوەی سعودیە لە رۆژهەڵات بكاتە هێزی یەكەم، بەلانی كەمەوە هاوشان لەگەڵ توركیا و ئیسرائیل بڕوات،بەڵام ئەم جەنگە دەریخست كە پارە زۆرەكە ساختەیەو كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەكردۆتە سەر هێزی سەربازی سعودیە، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە ڕاستە بڕێكی زۆری پارە بۆ هێز خەرج دەكات، بەڵام سعودیە كەمترین كەرەستەی سەربازی و یەدەگی هەیە،ئەو وڵاتە دەیان فڕۆكەی "ف-15"ی هەیە، بەڵام یەدەگی پێویستی بۆ چاككردنەوە و بەكارهێنانیان نیە،بۆیە دوای ڤیتۆی ئەوروپا و پاشان ئەمریكا بە فرۆشتنی چەك بە سعودیە، ئەو فڕۆكانە نەیانتوانی وەك پێویست ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن، دووەمیان ئەوەیە كە سعودیە باوەڕی بە هێزی خۆی نیە، بۆیە لە جەنگی یەمەندا پەنای بۆ هێزی سێیەم برد و لەگەڵ ئیمارات و میسر و بەحرەین و ئوردن و سۆدان هاوپەیمانێتی پێكهێنا.

2. سعودیە سەركەوتنی بەدەستنەهێنا و تاوانی جەنگی كەوتە سەر شان:
سعودیە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، نەك نەیتوانی جەنگەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبهێنیت، بەڵكو چەندین تاوانی جەنگی ئەنجامدا،لە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و وێران كردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەكان،كە ئەمە وای كرد كە نەتەوە یەكگرتوەكان باس لە تاوانی جەنگی بكات، لەوەشە لە داهاتوودا دادگایی كردنیشی بێتە سەر.


3. شكستی سیستەمی بەرگری پاتریۆت:

سیستەمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی لە ماوەی جەنگەكەدا شكستی هێنا لە بەرپەرچدانەوەی موشەكی بالیستی حوسیەكان، ئەمەش وای لە سعودیە كرد بۆ كۆتایی هێرشەكانی حوسیەكان جەنگەكە ڕابگرێت.

4. ئەمریكا هاوكارییەكانی بۆ سعودیە ڕاگرت:

جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە مانگی شوباتدا ئاشكرای كرد، كە هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ هێرشی هاوپەیمانان لە یەمەن ڕادەگرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە كار بۆ ڕاگرتنی جەنگەكە و دانوستان لە نێوان سعودیە و ئیمارات و حكومەتی شەرعی یەمەن لەلایەك و حوسیەكان لەلایەكی دیكەوە دەدات.

5. گۆڕانی شێوازی جەنگەكە:

ئەو جەنگە بەهێزی موشەكەكانی لەبەرامبەر فڕۆكە جەنگیەكان دەرخست، كە كاری فرۆكەكانی لە هێرشی دیاریكراو كورت كردەوە، بەڵام لە بەرامبەردا موشەكەكان كاری گەورەیان ئەنجامدەدا، بۆیە زۆرینەی وڵاتان ئێستا پشت بە سیستەمی موشەكیەك دەبەستن كە بەرپەرچی موشەكەكان بداتەوە، ئەمەش بووە كێشە بۆ سعودیە، چونكە ئەوان تەنها خاوەنی پاتریۆت بوون،ئەویش نەیدەتوانی وەك پێویست بەرپرەچی موشەكی سعودییەكان بداتەوە.

6. لاوازی سعودیە لە ڕووی سەربازییەوە، بەشێوەیەك ناتوانێت ببێتە هێزێكی هەرێمی وەك ئێران و پاكستان و میسر،بەڵكو ئەو وڵاتە نەك ناتوانێت هێرش بكات، بەڵكو پێویستی بە ئەمریكا و فەرەنسا بەریتانیا هەیە، تا بیپارێزێت.


7. محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، نەیتوانی ببێتە مەرجەعی وڵاتانی سونی،لەوەش زیاتر بەهۆی كردەوەكانی و تێوەگلانی لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ زیاتر و زیاتر پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و سونیەكان تێكچو.

سعودیە لەم جەنگەدا، تەنها لە بەرامبەر حوسیەكان شكستی نەهێناوە، بەڵكو ناڕاستەوخۆ لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران شستی هێنا، كە دوو وڵاتی دژ بە یەكن، هەروەها لە ڕووی مەعنەوییەوە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی شكستی هێناوە، كە پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە لە لێكەوتەكانی ئەو جەنگەكەی ڕزگاری ببێت،ئەمە جگە لەوەی نازانرێت دەستپێشخەرییەكەی لە دەستی هێرشەكانی حوسیەكان ڕزگاری دەكات، یاخود حوسییەكان لەسەر هێرشەكانیان بەردەوام دەبن.