مەلا کرێکار ساڵێک زیندانی تەواوکرد

2021-03-25

شوان سدیق: ئیتاڵیا


ھێشتا ڕادەستی ئیتاڵیایان نەکردبوو مەترسی خۆی دەردەبڕی لە زیندانەکانی ئەم وڵاتە، ھەر لە نەرویجەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ھیچی لەسەرنیەو ئیتاڵیەکانیش چۆنیان دەوێ با ئەوە بکەن، بەئاسانی نەرویج ڕادەستی ئیتاڵیام ناکەن.
ئەم قسانە ساڵێک لەمەوپێش مەلا کرێکار دەیکرد بەڵام هەموو شتێک پێچەوانە بوویەوە، وڵاتی نەرویج بەئاسانی ڕادەستی دادگای ئیتاڵیای کرد ئەو ئێستە ساڵێک تێپەڕدەبێ بەسەر زیندانیکردنیدا لە ئیتاڵیا!

،،

ڕۆژی ( ٢٦⁄٣⁄٢٠٢٠) مەلاکریکار لە وڵاتی نەرویج گەڕێنرایەوە بۆ ئیتاڵیاو لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆی ڕۆما ڕادەستی پۆلیسی کارێبینێری کرا، بەچاودێری داواکاری گشتی ترێنتۆی ئیتاڵی.

دوای چەند مانگێک دۆسێیەی مەلا کرێکار لە ئیتاڵیا ھاتەوە بەرباس ھەر ئەوکات ڤیتۆریۆ پلاتی پارێزەری تۆمەتباری ئیسلامی مەلاکرێکار ڕایگەیاند "دۆسێیەی مەلا کرێکار زیاتر سیاسیە بۆیە داوای ئازادکردنی دەکەین".


ئەو قسانەی پارێزەری مەلا کرێکار دوای ئەوە هات، کە ڕۆژی (١٠)ی حوزەیرانی پار ساڵ دادگای ئیتاڵی بڕیاری جێبەجێکردنی سزای (١٢) ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
چونکە دادگای "بۆڵزانۆ" ڕەتیکردەوە، پاشەکشێ لەو سزایە بکات، کە بەسەر "نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار سەپێنراوە.
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە. نابراو ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێ.
مەلا كرێكار ئەمیری پێشوی گروپی تیرۆرستی ئەنسارولئیسلام لەساڵی (١٩٩١) چووەتە وڵاتی نەرویج و ئەو وڵاتەش مافی پەنابەرێتی پێداوەو دواتریش بەشێوەیەكی بەردەوام هاتووچۆی بۆ هەرێمی كوردستان كردوە.
ھەروەھا لەساڵی (٢٠٠١) کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوە جیابوونەوەو پاشان جوندولئیسلام دامەزرا.
مەلا كرێكار بووە بە ئەمیری گروپی (تیرۆرستی جوندولئیسلام)، كە لەساڵی (٢٠٠٣) لەلایەن ئەمریكاوە گروپەكەی مەلا كرێكار وەك گروپێكی تیرۆرستی لەقەڵەم درا.
لەكاتێ پرۆسەی بەناو ئازادی عێراقیش لەمانگی ئازاری (٢٠٠٣) لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە لەناوچەی هەورامان بۆردومانی ئەو گروپە كرا.


ئەو تۆمەتانەی مەلا کرێکاری لەسەر سزادراوە لە ئیتاڵیا ئەمانەن
* پشتیوانیکردن لە تیرۆریستی ئیسلامی

* ھەوڵدانی بۆ دامەزراندنی ڕەوتی شاخ لە کوردستانی عێراق و ئەوەیش دەبێتە جێگای مەترسی.
جگە لە مەلا کرێکاری تەمەن (٦٥) ساڵ، نۆ کەسی تر لە دۆسێیەکەدا تێوەگلاون و بە چەند ساڵێکی جیاواز ٦ تا ٩ سزا دراون، سەرجەمیان تۆمەتبارکراون بە دروستکردنی گروپێکی جیهادی بە ناوی "ڕەوتی شاخ" و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "کاری چەکداری" لە وڵاتانی ئەوروپا، مەلا کرێکار سەرپەرشتی کردووە.
مەلا کرێکار لە ماوەی ئەم ساڵە لە ئیتاڵیا چەند جارێک شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە، دواین شوێنی رەوانەی بەندیخانەیەکی نوێ دەکرێ لە ھەرێمی پیێمۆنتێی لە بەشی باکوری وڵات. ئەو شوێنەی کە ئێستە مەلا کرێکاری تێدا بەند کراوە، بەندیخانەی گەورەی (ئالێساندریا)یە لەنێو شاری ئالێسانداریا لە ھەرێمی پیێمۆنتێی.
لە ماوەی ئەم ساڵەدا کرێکار ناوە ناوە لەگەڵ کەسوکار و خێزانی قسەی کردوە، لە یەکێک لە گفتوگۆکانی لەگەڵ براکەی بەناوی خالید کە لە وڵاتی نەرویج دەژی دەڵێت "مامۆستا کرێکار بە سکایپ پەیوندی لەگەڵ کردین. سوپاس بۆ خوا تەندروستی و بارودۆخی زیندانەکەی باشەو قسە خۆشەکانی جارانی هەر ماوە و ورەی بەرزە".
مەلا کرێکار لە زیندانەوە ئەوەی نەشاردۆتەوە کە "خەڵکی وای لێیە لەسەر لایکێک بە یاسای دژە تیرۆر حوکم دراوە".
ئەو لەزیندانەوە، رەخنە لە نەروجیەکان دەگرێ دەڵێت "لەدەست ئەو هەرچی و پەرچییانەی نەرویج ڕزگارم بوو. ئەم دینە هەر سەردەکەوێ پشتیوان بەخوای گەورە".
بەپێی ئەو رێکارانەی بەرێوەچووە پێویستە مەلا کرێکار ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە، دەبێ تەواوی بکات، دیاریش نیە تاچەند پارێزەرەکەی هەوڵی بەتاڵبوونەوەی بریارەکەی دادگا دەدات، ئەمەیش بۆ بارودۆخێکی ئەوهاو دۆسێیەی تیرۆر کارێکی ئاسان نییە!!