گەرگەرلی ئۆغڵو، مرۆڤێکی ئاستبەرز، کوردێکی نەتواوە، موسڵمانێکی نیشتیمانپەروەر

2021-03-26

بەکر شوانی

ئەم بەیانییە کە کەلەپچەی پۆلیسی تورکم لە دەستی گەرگەرلیئۆغڵودا بینی، ویستم شتێکی بۆ بکەم. بیرم کردەوە کەمترین شت لە دەستم بێت ئەوەیە بە چەند دێرێک بە خوێنەرانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بناسێنم. گەرگەرلیئۆغڵو سەر بە باڵی کۆنزەرڤاتیف و موسڵمانی ناو هەدەپەیە، جا با بزانین داخۆ ناوەندە ئیسلامییەکانی کورد بەرگری لێ دەکەن یان لە ڕوانگەی ئاکەپەوە بۆی دەڕوانن!

 پزیشک، مافپارێز، نووسەر، ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار و نوێنەری شاری کۆجالی لەسەر لیستی هەدەپە د. عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو کە ئەمڕۆ لە بارەگای پەرلەمانی تورکیا کەلەپچە خرایە دەستی و ڕاپێچی بەندیخانە کرا، ساڵی ١٩٦٥ لە ناوچەی شارکیکارائاغاجی سەر بە پارێزگای ئیسپارتا لە ڕۆژئاوای تورکیا لە دایک و باوکێکی کوردی بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری ئورفا لە دایک بووە.


✅ پاش تەواوکردنی ئامادەیی پێگەیاندنی وتارخوێن و پێشنوێژان ساڵی ١٩٩٠ لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئەنادۆڵو وەرگیراوە.


✅ ساڵی ١٩٩٥ بڕوانامەی دکتۆرای لە نەخۆشییەکانی سنگ و سی دا بەدەست هێناوە و وەک پزیشکی تایبەتمەند لە نەخۆشخانە گەورەکانی تورکیا کاری کردووە.
✅ ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانی ستەملێکراوان (مەزلومدەر) بووە.
خاوەن ئاست، کوردێکی نەتواوە، موسڵمانێکی نیشتیمانپەروەر


✅ ساڵی ٢٠١١ کاتێک کورد و دێمۆکراتخوازانی تورکیا ئۆمیدیان بە پرۆسەی ئاشتی هەبوو، گەرگەرلیئۆغڵو لەسەر لیستی ئاکەپە خۆی بۆ پەرلەمانی تورکیا کاندید کرد، بەڵام سەرنەکەوت.


✅ ساڵی ٢٠١٦ بە هۆی پۆستەکانی لە سۆسیالمیدیا کە تیایاندا داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی دۆزی کوردی دەکرد، درایە دادگای کۆجالی و بە زیندانیکردن حوکم درا، بەڵام لە ڕێی پاریزەرەکانییەوە داوای تێهەڵچوونەوەی تۆمار کرد.


✅ ساڵی ٢٠١٧ لەسەر کارەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەگەریدا پۆستی پزیشکی دەوڵەتی لێ سەندرایەوە.


✅ هەمان ساڵ و ماوەیەک پێش ڕیفراندۆمی هەموارکردنەوەی دەستوور، گەرگەرلیئۆغڵو لەگەڵ کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەگەری توێژە ئیسلامییەکاندا (پلاتفۆرمی ماف و دادپەروەری)یان دامەزراند.


✅ ساڵی ٢٠١٨ لە کاتێکدا هێشتا دۆزەکەی لە دادگا درێژەی هەبوو، لەسەر لیستی هەدەپە بە نوێنەری شاری کۆجالی هاتە هەڵبژاردن و لە پەرلەماندا بوو بە ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ.


✅ پار پەردەی لەسەر سکانداڵێکی گەورەی پۆلیسی تورک هەڵدایەوە و بە بەڵگەوە ئاشکرای کرد کە پۆلیس بە بیانووی پشکنینەوە دەیان ژنی سەر بە ڕێکخراوی گویلەنیان ڕووت و قووت کردووەتەوە. ئەم ئاکتەی گەرگەرلیئۆغڵو ئاکاپە و خودی ئەردۆگانی زۆر تووڕە کرد.


✅ پاش ئەوەی دادگای باڵا ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە حوکمی زیندانیکردنەکەی گەرگەرئۆغڵوی ئەرێ کرد، پەرلەمان پارێزبەندیی لەسەر هەڵگرت و ئەویش لە بارەگای پەرلەمان دەستی بە مانگرتن کرد تا ئەم بەیانییە پۆلیس چوونە سەری و بە کەلەپچەکراوی ڕاپێچی زیندانیان کرد.