بیر كردنەوە لە مەرگ

2021-03-29

عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: كۆساران ئەحمەد

یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە لە دینناسیدا كەمتر گێڕدراوەتەوەو مەولانا جەختی زۆری لەسەر كردووەتەوە، ئەویش ئەندێشەی مەرگ و چیرۆكی مردنە. مەولانا دەڵیت: پەیامبەران خەڵكییان كرد بە مەرگ ئەندێش. «واتە وەهایان لێكردن بیر لە مردن بكەنەوە»


هەر لە بنەڕەتدا خەڵكی بیریان لە مردن نەكردووەتەوە و مەرگیان ڕەت كردووەتەوە و نەیانویستووە بیری لێ بكەنەوە. ئەمەش زۆر ڕاستە كە مەولانا لە پەیمانی دوژمنی پەیامبەراندا دەیگێڕێتەوە لە دەفتەری سێهەمی مەسنەویدا. دوژمنەكان بە پەیامبەرانیان دەگوت:


طـوطـى نــقــل شـكر بـوديـم مـا
مرغ مرگ انديش گشتيم از شما
واتە: پێش ئەوەی ئێوە «پەیامبەران» دەركەون، ئەوە ئێمە تووتی شیرین كەلام بووین. بەڵام ئێستایش بەهۆی بوونی ئێوەوە گۆڕدراوین بە باڵندەیەك كە هەمیشە بیر لە مەرگ و لەناوچوون دەكەینەوە.
«مەسنەوی،مەعنەوی»


بەڵێ، ئێمە دڵخۆش بووین، ئێمە نوقڵ و شیرینیمان دەخوارد، ئێمە ئەهلی خۆشیی و ژیان بووین. بەڵام ئێوە «پەیامبەران» هاتن شتێكتان خستە ناو دڵ و دەروونمانەوە. ئەویش ئەوەیە كە بیر لە مەرگ بكەنەوە كە بەرۆكتان دەگرێت. ئەمەیش قسەی مەولانایە و ئەسڵەن زۆر گرنگیشە. پەیامبەران ئێمەیان كرد بە مەرگــئەندێش و بیر كردنەوە لە مردنیش یەكێكە لە پێویستییەكانی ژیانی مرۆڤـ. ئێوە ئەگەر سەیری فەیلەسوفەكان بكەن، ئەوا لێیان دەبیستن كە مرۆڤ دەبێت «مەرگــئەندێش» بیر لە مردن بكاتەوە. عاریفان ئەمەیان زۆر بە جوانی بەیان كردووە. مەولانا ئەمە زۆر بەجوانی دەیزانێت و زۆریش «مەرگــئەندێش» بووە و بیر كردنەوە یەكێك بووە لە پێویستییەكانی دینناسی ئەو. ئەمەش مەولانا لە قوتابخانەی پەیامبەرەكانەوە وەری گرتووە. بەرەنگار بوونەوەی مەولانا لەگەڵ مردن زۆر شادومانە بووە. مەولانا مرۆڤێكە نمونە و سەرمەشقی ئەو حەزرەتی ئیبراهیم بووە كە ئامادە بووە ڕۆڵەی خۆی بكاتە قوربانی. هەر لە بنەڕەتدا جەژنی قوربان جەژنێكی ڕاستەقینە بوو بۆ مەولانا. جەژن واتە قوربانی كردن. لەبەر ئەوەی مرۆڤ كاتێك قوربانی دەكات، ئەوە پێشوازی دەكات لە مردن. مەولانا مردنی بە جەژن دەزانی.


مــن چــو اسـمـاعـیـلـیـانـم بـی حظر
بـلـكـە چـو اسـمـاعـیـل ازادم ز سـر
واتە: من وەك تاكەكانی دەستەی ئیسماعیلییەم.، بێ باكم، بەڵكوو دەبێت بڵیم من وەك حەزرەتی ئیسماعیل سەرو گیان و ڕۆحم كۆت و بەند كردووە.


فــارغـم از طـمـطراق و از ريـا
قل تـعـالوا گـفـت: جـانـم را بـيـا
واتە: من خاڵیم لە شكۆ و حەشاماتی ڕواڵەتی مرۆڤەكان، خاڵیم لە ڕیاو ریاكاری. ئایەتی «بڵی وەرن» ڕۆح و ڕەوانمی كردووە بە گوێگر.
«مەسنەوی،مەعنەوی»


بەڵێ، ئەو هۆنراوە جوانەی مەولانا كە لە دیوانی شەمسدایە و دەڵێت:
دوژمـنی خـۆمانـيـن و ئـەوەى كە يار ئێـمـە دەكوژێت
نـوقـمـی دەريايـن و شـەپۆلی ئەو دەریا ئێمە دەكوژێت
***
لەوە شیرینتر و خۆشتر نییە كە لەپێناو ئەودا گیان دەبەخشین
كـە ئـەو پاشایە بـە هەنگوین و شیر و حـەڵوا ئێمە دەكوژێت
***
عـەزرائـیـل دەستێكی بـەزەیـیـانـەی نـییە بـۆ ئـاشقان
عاشقانی عەشق، هەم بە عەشق و سەودا دەكوژرێن
***
وەك ئیسماعیلی قـوربـانی كراو لە پێشییەوە سەر دابنێ
سەر مەكێشە دەرەوە لە دەستەكانی ئەو هەتا دەتكوژێت
***
خــەڵكـی هـەمـوو ڕۆژێك سـەد جـار داوای مـردن دەكـەن
عاشقی خۆت ببینە كە خۆی بە دژواریی و ڕیسوا دەكوژێت
«كليات شمس»


بەڵێ، بەڕاستی زۆر جوانە ئەم غەزەلەی مەولانا. یاخود ئەوەی كە دەڵیت:
چون جان تو می ستانی حق پرور است مردن
حقا ز جان شیرین، شیرین تر است مردن
واتە: كاتێك تۆ گیان وەردەگریتەوە، ئەوە بەڕاستی مردن هەقیقەتە و وەك پەروەردە كردن وایە. بەڵام بەراستی مەرگ لە گیانی شیرین شیرینترە.
بەڵێ، من ڕۆژیك ئەم دێڕە هۆنراوانەی مەولانام بۆ هەندێك دەخوێندەوە. ئەوانیش گوتیان: بەڕێز تۆ خەریكە مەیلی مردن لە بوونی ئێمەدا زیندوو دەكەیتەوە و مرۆڤ حەز دەكات هەر لێرە بمرێت. بەڵام من پێم گوتن: نەخێر ئەم مردنە كە مەولانا بەیانی دەكات مردنی جەستە نییە. بەڵكوو مردنێكە كە لە ڕێگەی عیشقەوەیە. مەولانا بە عیشق یاری كردووە بە مەرگ.