ڕێككەوتننامەی ئێران و چین لەنێوان ڕەزامەندی و ڕەتكردنەوەدا

2021-03-30

لەدیدگای چین دا؛ ئێران وڵاتێكە لەوڵاتانی سەرچاوەی وزە، ئەمە بۆ چین زۆر جێگەی بایەخە، ئەو وزەیە دەست بخات بەنرخێكی كەمتر لەبازاڕی جیهانی، هەروەها پێگەی جوگرافی ئێران بۆ پرۆژە مەزن و دوور مەوداكانی چین، ڕێككەوتنێكی چارەكەكە سەدەیەك دەكاتە پێویستی.

لەباكوور و لەباشوورەوە ئێران دەكەوێتە چوارچێوە و سەرە ڕێگەی پرۆژەی یەك ڕێگا و یەك پشتێنەی چین.
ئێران بەگەمارۆیەكی سەختی ئابوری و سیاسی و سەربازیدا تێپەڕ دەبێت، بەهاتنە سەركاری سەرۆكی نوێی ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێران لەناوچەكە زیاتر خۆی نەمایش دەكات، بەدوای دەرگایەكەوەیە خۆی لەقەیرانەكان دەرباز بكات یان فشارەكانی كەمتر بكاتەوە، چون پێیوایە سەرۆكی نوێ نەرمتر لەسەرۆكی پێشووی ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكایە بەرامبەر بەئێران.

،،

هەر بۆیە بەهەلی دەزانێت هەر لەسەرەتای خولی سەرۆكایەتییەكەی چەند دەرگایەكی ئابوری نوێ بكاتەوە بەمەبەستی كەم كردنەوەی فشارەكان و بێ منەت بوونی خۆی پیشان بدات لەبەرامبەر ڕۆژئاوا.


لەبارەی ڕێككەوتنی بیست و پێنج ساڵەی ئێران و چینەوە، سێ بۆچوونی جیاواز هەن، بۆچوونێكیان بەشێوەیەكی ئەقڵانی و لەسەر بنەمایی زانستی لێدانەوەی بۆ دەكەن، ئەم بۆچوونە پێیوایە ئەگەر ڕێككەوتننامەكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش ئەنجامدرابێت، ئەوە دەكرێت لەدور مەودادا كاریگەری باشی لەسەر پێشكەوتنی ئێران هەبێت و بەوەگڕخستنی سەرمایە بەو ژمارەیە لەقازانجی ئێران بشكێتەوە لەكاتێكدا ئێران لەقەیرانێكی قوڵی ئابوریدایە.

هەرچەند پێشیانوایە لەئەزموونی وڵاتانی دیكە و ڕێككەوتننامەكانی پێشوو لەتەك ئێران، بەدووری نابینین چین پێوەی پابەند نەبێت. بۆچوونی دووەم وەك لایەنگری ڕێككەوتنەكە، ئەم لەیەكتێگەیشتنە وەك دەستەكەوتێك بۆ خەڵك و سیستەمی سیاسی ئێران دەبینن، زیاتر لەدەسەڵاتدارانی دەوڵەت و لایەنگرانی سیستەمی سیاسی ئێرانن. بۆچوونی سێیەم كە دژی ڕێككەوتننامەی بیست و پێنج ساڵەن، پێیانوایە ئەمە ڕێككەوتننامەی " توركەمن چای" دووەمەو سیستەمی سیاسی ئێران بۆ مانەوەی خۆی لەتەك چیندا ڕێككەوتووە و مەترسییەكانی ئەو ڕێككەوتنە باجەكەی گەلانی ئێران دەیدەن و هیچ جیاوازییەكی نیە لە ڕێككەوتننامەی وڵاتانی وەك سریلانكا و پاكستان لەتەك چین، پاش ئەوەی نەیانتوانی پابەندن بن بەڕێككەوتننامەكەیەیانەوە، بەناچاری دەستیان لەگرنگترین بەندەری وڵاتەكەیان هەڵبگرن بۆ چین. نموونەیەكی تر ڕێككەوتننامەی چین و فەنزویلا، ئەنجامەكەی بەدروست بوونی قەیرانێكی گەورەی ئابوری بەسەر ئەو وڵاتە شكایەوە. ئەم بۆچوونە پێی وایە ڕێككەوتننامەی ئێران و چین، نەك سیستەمی سیاسی ئێران لەقەیران دەرباز ناكات، بەڵكو قەیرانەكانی قوڵتر دەكاتەوە.

،،

ڕەنگە ئەم ڕێككەوتنە پێچەوانەی ئەو مەفهومە بێت كەڕابەری كۆچكردووی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەیانی كرد، " نەشەرقی نە غەربی ــ جمهوری ئیسلامی"

ئەم ڕووكردنە ڕۆژهەڵاتە بۆماوەی بیست و پێنج ساڵ و بەخشینی ئەو ئیمتیازاتە نافەرمیانەی لەبارەی ئەو ڕێككەوتنەوە خراوەتەڕوو، لەوانەیە دەسەڵاتدارانی ئێران وەك تاكە دەرگایەك بیبینن بۆ دەربازبوونی وڵاتەكەیان لەو هەموو گەمارۆیە لەسەر سیستەمی سیاسییەكەیان هەیە، هەرچەند ئەم ڕێككەوتننامەیە لەكۆتا ڕۆژەكانی دەسەڵاتداری سەرۆك كۆماردایە و مەرج نیە سەرۆك كۆماری نوێ‌ هەمان تێڕوانینی بۆی هەبێت.