وردەكاری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی دانوستانكاری بەغدا و پەڕلەمان

2021-04-12

ئەمڕۆ وەفدی دانوستتانكاریی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا سەردانی پەڕلەمانی كوردستانی كردو لەگەڵ سەرۆكی پەڕلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكام و لیژنەی دارایی پەڕلەمان كۆبوونەوە.

لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا وەفدەكەی حكومەت بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی چەند وردەكاریەكی گرنگی ڕێكەوتنەكەیان لە بەردەم لیژنەكەی پەڕلەمان ئاشكرا كردووە.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك،بەشی زۆری كۆبوونەوەكە تەرخانكراوە بۆ باسكردن لە ماندووبون و هیلاكی وەفدەكە و باسی ئەوەیان كردووە كە بەهۆی ئەم ڕێكەوتنەوە زۆر ماندوو بوون و هاتوچۆ و بێنەوبەردەی زۆریان كردووە.

هەروەها وەفدەكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەوان سەركەوتووبوون لەوەدا كە خواستی حكومەتی عێراق و لایەنە شیعیەكانیان جێبەجێ‌ نەبێت كە خوازیاری ئەوەبوون هەمووشتێك لە هەرێمی كوردستان بسێنن و بیخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە.

وەفدەكە وتویانە بەغدا خواستی ئەوەی هەبووە دەستبگرێت بەسەر نەوت و دەروازە سنوریەكان و داهاتەكانی دیكەی هەرێنمدا، بەڵام ئەوان توانیویانە كارێك بكەن نەشیش بسوتێت نە كەباب.

لە كۆبونەوەكەدا پەڕلەمانتاران زیاتر لە 100 پرسیاریان ئاراستەی وەفدەكە كردوە و ئەوانیش بەشێوەیەكی انتقائی وەڵامی هەندێك پرسیاریان داوەتەوە و وەڵامی هەندێ پرسیاری تریان نەداوەتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك وەفدەكە بە پەڕلەمانیان ووتووە بەپێی ئەم ڕێكەوتنە 11 ترلیۆن و 400 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت بە هەرسێ‌ بودجەی بەكاربردن و وەبەرهێنان و چاودێری كۆمەڵایەتییەوە. لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم مانگانە 750 ملیار دینار ڕەوانەی بەغدا دەكات.واتە لەساڵەكەدا 9 ترلیۆن دینار دەداتە بەغدا و 11 ترلیۆنی لێوەردەگرێت.

،،

 حكومەتی هەرێم وەكو ئەوەی كە وەفدەكە ئاماژەی پێداوە 2 ترلیۆن و 400 هەزار دۆلار قازانج دەكات.واتە لەدوای مەقاسە كردن، هەرێم مانگانە 200 ملیار دۆلاری لەبەغداوە پێدەگات لە هەرسێ‌ بوارەكەی بودجەدا.

لەبارەی شێواز و میكانیزمی پارەناردن و پارە ڕەوانەكردنەوە، وەفدەكە وتویانە بەپێی یاسای بودجە باسی ناردنی نەوتی تیا نییە بەڵكو باسی ناردنی پارەیە،لەوانەیە ناردنی پارەكەش بەشێوەی مەقاسە بێت واتە هەرێم ئەو پارەیەی كەدەبێت بیداتە بەغدا بە ژمارە رەوانەی دەكات،چەندی مایەوە بەغدا دەینێرێت بۆیان.

وەفدەكە لە بەردەم لیژنەكەی پەڕلەماندا وەك سەركەوتوو براوە خۆیان نیشانداوە و وتویانە زۆر بە زەحمەت پەڕلەمانیان بەم ڕێكەوتنە رازی كردووە.
لەبارەی كۆتایهێنان بە لێبڕینی مووچە، كە داواكاری و پرسیاری زۆرێك لە پەڕلەمانتاران بووە،وەزیری دارایی وتویەەتی ئەم مانگەش هەر بە لێبڕینی 21% مووچە دابەش دەكەین،ئەگەر بەغدا پارەكەی نارد ئەوا لە مانگەكانی ترەوە قسەی نوێمان دەبێت لەسەر مووچە.

قسەكانی وەفدەكەی حكومەت تەنانەت باسی كەمكردنەوەی لێبڕینی مووچەی تێدا نەبووە و وەكوو مانگەكانی دیكە هەر بە 21% دەمێنێتەوە.

وەفدەكەی حكومەت بە ئاشكرا وتویانە لێیڕینی مووچە بەردەوام دەبێت.

یەكێك لە بەشدارانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بە دیپلۆماتیكی ووت ئەوەی تێگەیشتین لە حكومەت ئەوەیە كە ئەم كابینەیە نیازی نییە جارێكی تر مووچەی تەواو بدا ئەگەر داهاتیشی لەبەردەست بێت بەڵام لەوانەیە ئەگەر مانگانە 200 ملیار دیناریان لە بەغدا دەستبكەوێت رێژەكەی كەم بكەنەوە.

یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی بەردەم ناردنی پارەی بەغدا و مەقاسەكردننی لەگەڵ ههرێم بریتییە لەو میكانیزمەی بۆی دانراوە.

چونكە پێویستە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا و لیژنەی نەزاهەی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و سۆمۆ چێكی داتاكان و داهاتەكانی هەرێم بكەن ئەوكاتە پارە لە بەغداوە دەنێردرێت.